گروپە جۆراوجۆرەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان میوانی ھەولێرن
راگەیاندنی فێستیڤاڵ : لەمیانی چالاکییەکانی پارێزگای ھەولێر بە ھەماھەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەر و وەرزش و لاوانی ھەولێرو بەبۆنەی یادەکانی راپەرین و نەورۆز، شەشەمین فێستیڤاڵی ھەولێر “ئازادی و نەورۆز” بەڕێوەچوو و بڕیاریشە چالاکییەکان تا ٢٠/٣/٢٠١٢ بەردەوام بێ.
لەیەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەو لە کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ١١/٣/٢٠١٢ لە پارکی شانەدەری شاری ھەولێر و بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی بێ شومارو بەشێکی زۆر لە ھونەرمەندان و رۆشنبیران و بەرپرسانی حزبی و حکومی بە سروودی ئەی رەقیب و پاشان وتاری لیژنەی باڵا کە لەلایەن “تاھیر عەبدوڵڵا” جێگری پارێزگاری ھەولێر خوێندرایەوە.
پاشان سروودی “دەمی راپەڕین” لەلایەن سەنتەری نەوای ھەولێر پێشکەش کرا، دواتر لەگەڵ چەپڵەرێزانی ئامادەبووان پێشوازی کرا لە کەژاوەی سەرجەم تیپ و گروپە بەشدارەکانی فێستیڤاڵ کە پێکھاتبوون لە تیپەکانی ھەر چوارپارچەی کوردستان و بەسرەو کازاخستان.
دوابەدوای ئەوانەو ھەر لە چالاکییەکانی رۆژی یەکەمدا گروپی میوزیکی ژیوار کە لە رۆژھەڵاتی کوردستانەوە ھاتبوون چەند بەرھەمێکیان پێشکەش کردو پاشان تیپی ھونەرەمیللییەکانی ھەولێر بە نمایشکردنی تابلۆیەک یادەکەیان رازاوەتر کرد.
لەبەشی کۆتایی ئەم رۆژەدا کۆنسێرتێکی گۆرانی بۆ ھونەرمەند زۆیا لە رۆژئاوای کوردستان رێکخراو لە ئێوارەی ھەمان رۆژیشدا و لە ھوتێلی چوارچرا کۆڕێکیشیعر خوێندنەوە بۆ “د. فەرھاد پیرباڵ” رێکخرا.
ھەر لە درێژەی چالاکییەکانی ئەو فێستیڤاڵەی ئازادی ھەولێر و لە رۆژی دووەمدا و لە تاقی بەیانییەکەدا دوو پێشانگا لە گەلەری کوردستانی شاری ھەولێر کرانەوە، کە پێشانگای یەکەمیان پێشانگایەکی شێوەکاری بوو بۆ ھونەرمەندانی ھەر چوار پارچەی کوردستان، پێشانگای دووەمیش پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بوو بۆ فۆتۆکانی ھەولێر، کە کۆمەڵێک لە فۆتۆگرافەرانی ھەولێر تێیدا بەشداربوون.
لەتاقی ئێوارەی ھەمان رۆژدا ١٢/٣/٢٠١٢ و لە گەلەری نیاندەرتاڵی شاری ھەولێر پێشانگایەکی فۆتۆگرافی تایبەت بۆ ھونەرمەند ئاشتی عەدۆ کرایەوە، کە زۆرینەی فۆتۆکان بریتی بوون لە ژیان و گوزەران و وێنەی جۆراوجۆری ھەولێر.
دوابەدوای ئەوەش لەناو پارکی شانەدەری شاری ھەولێر ھەریەک لە گروپەکانی “تیپا موزیکا بادینا- دھۆک، تیپی ھونەرەمیللییەکانی سلێمانی، تیپی ھەڵپەڕکێی شاریا- یەزیدییەکان، کۆما موزیکیا کۆمەڵا دیجلەو فورات- باکووری کوردستان” بە نمایشکردن و پێشکەشکردنی بەرھەمەکانیان فێستیڤاڵەکەیان رازاوەتر کرد.
لەکۆتا بەشی چالاکییەکانی دووەم رۆژی فێستیڤاڵی ئازادی ھەولێر لەھۆڵی ھوتێل چوارچرای شاری ھەولێر کۆڕێکی شیعری بۆ شاعیرانی ھەرچوار پارچەی کوردستان رێکخست، کە ھەریەک لە شاعیران “دڵشا یوسف، لوقمان مەحمود، ئارژەن ئاری، بەیان عەزیزی، گوڵباخ بەھرامی” لەو کۆڕەدا بەشداربوون.
شایانی باسە چالاکییەکانی شەشەم فێستیڤاڵی ئازادی ھەولێر تاکو ٢٠/٣/٢٠١٢ بەردەوام دەبێ.