راگەیاندنی فێستیڤاڵ : بە بەشداری تیپە شانۆییەکانی وڵاتانی “سوید، فەڕەنسا، نەرویج، بەریتانیا، کوردستان” بەڕێوەبەرایەتی ھونەری شانۆی سلێمانی بە چاودێری پارێزگاری سلێمانی یەکەم فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ شانۆی نێونەتەوەیی سازدەکا.
بەگوێرەی راپۆرتی راگەیاندنی فێستیڤاڵ ھاتووە، کە بەڕێوەبەرایەتی ھونەری شانۆی سلێمانی بەچاودێری پارێزگاری سلێمانی فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ شانۆیی نێونەتەوەیی سازدەکا، کە فێستیڤاڵەکە لە رۆژانی “٢ تا٧/٣/٢٠١٢ لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێ و تێیدا وێڕای نمایشکردنی کۆمەڵێک شانۆگەری چەند چالاکییەکی دیکەش ئەنجامدەدرێ، ھاوکات خەڵاتی رێزلێنان دەبەخشرێتە ھاڕۆڵد پینتەری وەرگری خەڵاتی نۆبڵ، ئەویش لەپای ئەو خزمەت و داکۆکییانەی لە گەلی کوردی کردووە.
ھەر لەو راپۆرتەدا ھاتووە کە وڵاتی سوید بە ٢ شانۆگەری “رۆمیۆو جولێت، شانۆگەرییەکی منداڵان” و وڵاتی فەڕەنسا بە شانۆگەری “بەھەشت بەبێ توور” و بەریتانیاش بە شانۆگەری “ئەژدیھای زێڕین” و گروپی وڵاتی نەرویجیش شانۆگەری “تارمایی” پێشکەش دەکەن و شانۆگەری “خاتوو ژولیاش” وەک بەرھەمی کوردستان بەشدارە.
لەکۆتا بەشی راپۆرتەکەدا ھاتووە کە بۆ یەکەمجار لەم فێستیڤاڵەدا پێشانگایەکی تایبەتی کتێبی شانۆیی دەکرێتەوە.