مەنسوور جیهانی ـ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “یۆتۆبۆری” لە وڵاتی سوید، بە 45 ساڵ چالاکی سینەمایی و بە دامەزراندنی “سندووقی نوێی نێودەوڵەتی فیلم”، فاند بە سینەماکارانی کوردیی هەر چوار پارچەی کوردستان دەدات و بۆ سازکردنی بەرهەمەکانیان پشتیوانی داراییان لێدەکات.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “یۆتۆبۆری” (گۆتێبۆرگ) Göteborg لە وڵاتی سوید، کە بە گەورەترین ڕووداویی سینەمایی لە نێوان وڵاتانی ناوچەی ئێسکاندیناڤیا و گرینگترین شوێن بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی پیشەی سینەما و بازاڕی فیلم لە باکووری ئەورووپا دێتە ئەژمار، بە دامەزراندنی “سندووقی نوێی نێودەوڵەتی فیلم”، فاند بە سینەماکارانی کوردیی هەر چوار پارچەی کوردستان و سینەماکارانی وڵاتانی بڕازیل، سوودان و ئۆکڕاین دەدات و بۆ سازکردنی بەرهەمەکانیان پشتیوانی داراییان لێدەکات.
ئەم هونەرمەندانە، بۆ گەشەسەندن و پەرەپێدانی سیناریۆ، خەرجەکانی دوای وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان، لە ئەمڕۆ دووشەمە 10ی مایی 2021 تاکوو دوو مانگی داهاتوو دەرفەتیان هەیە، داواکاریی فاندی خۆیان، پێشکەش بە “سندووقی نوێی نێودەوڵەتی فیلم” بکەن و بەرپرسانی ئەم سندووقەش بۆ ماوەی سێ مانگ، بە تیمێکی پڕۆفێشناڵی خۆیانەوە داواکارییەکان هەڵدەسەنگێنن و لە مانگی ئۆکتۆبەری 2021 دەرئەنجامی کۆتایی ڕادەگەیەنن.
“سندووقی نوێی نێودەوڵەتی فیلم” لە سەردەمی قەیرانی توندیی وەکوو گشتگیریی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ساڵی 2021 بە بەرپرسیاریی “کامیلا لارسۆن” Camilla Larsson لە وڵاتی سوید دامەزراوە و بە زیادکردنی ئازادیی هونەریی و ئازادیی ڕادەربڕین، بە پێکهێنانی کەشووهەوایەکی جۆراوجۆری ڕاگەیاندن، یارمەتی دەبەخشێت و پشتیوانی دارایی لە پڕۆژە سینەماییەکان دەکات. بۆ ئەمساڵ، 400 هەزار یۆرۆ (4 میلیۆن کڕۆنی سوید) بوودجە لەبەرچاو گیراوە و لە درێژەشدا بە شێوەی بەردەوام؛ ئەم سندووقە درێژە بە چالاکییە سینەمایی و پشتیوانییەکانی خۆی دەدات.
لە کاتی قەیرانە توندەکاندا، بواری فەرهەنگ و هونەر، بە گشتی بێبەش دەبێت و لە سەردەمی ئێستاشدا، بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا کاریگەرییەکی جیدی لەسەر پڕۆژکان، وەدەستخستنی کەناڵەکانی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکان و هەروەها دابینکردنی بوودجەی فیلمەکان داناوە.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “یۆتۆبۆری” بۆ پشتیوانی لەو دەرهێنەرانەی کە لە باروودۆخی سەختدا کار دەکەن، سندووقێکی نێودەوڵەتی فیلمی بە لایەنگری وەزارەتی دەرەوەی سوید دامەزراندووە و ئەمساڵ، بۆ گەشەسەندن و پەرەپێدانی سیناریۆ (10 هەزار یۆرۆ)، خەرجەکانی دوای وێنەگرتن (30 هەزار یۆرۆ) و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان (20 هەزار یۆرۆ) و هەروەها کۆکردنەوەی بەرهەمی بەنرخ لایەنگری دەکات. چونکە فیلم، بۆ بینەر؛ سەرنج و کاریگەریی خۆی هەیە و لە کۆمەڵگادا، ڕۆڵێکی سەرەکی دەنوێنێت.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “یۆتۆبۆری” 45 ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی 1979 بە نمایشی 17 فیلمی سینەمایی لە 3 هۆڵی سینەما و بە بەشداریی 3 هەزار بینەر و بە مەبەستی بەهێزکردنی دەنگی سینەماکاران و خستنە بەرچاویی فیلمەکان لە سەرتاسەری جیهان، چالاکییەکانی خۆی لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید دەست پێکرد و لە درێژایی 10 ساڵی ڕابردوودا و لەو کاتەی کە لەگەڵ “ئاژانسی گەشەسەندنی سوید” SIDA کار دەکات، لە 150 پڕۆژەی سینەمایی لە سەرتاسەری دنیا پشتیوانی دارایی کردووە.
“ئنێگمار برێگمان” Ingmar Bergman دەرهێنەری گەورە و کاریگەری سویدی و براوەی 4 خەڵاتی ئۆسکار و کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگی دیکەی جیهانی؛ لە 20 ساڵی دوایی تەمەنیدا، سکرتێریی شانازیی ئەم ڕووداوە سینەماییەی لە ئەستۆدا بوو.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “یۆتۆبۆری” بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی “میرجا وێستێر” Mirja Wester و بەڕێوەبەریی هونەریی “یۆناس هۆلمبێرگ” Jonas Holmberg بە ناونیشانی گەورەترین ڕووداویی سینەمایی لە نێوان وڵاتانی ناوچەی ئێسکاندیناڤیا و گرینگترین شوێن بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی پیشەی سینەما و بازاڕی فیلم لە باکووری ئەورووپا؛ هەموو ساڵێک بە بەشداریی بەرهەمی سینەماکارانی وڵاتانی جیهان، لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی”، بەشی “پێشبڕکێی نۆردیک”، بەشی “پێشبڕکێی بەڵگەفیلمی نۆردیک”، بەشی “پێشبڕکێی ئینگمار برێگمان” Ingmar Bergman، بەشی “پێشبڕکێی دەستپێدەکات” Startsladden، بەشی “تەرکیز”، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی “سینەمای نۆردیک”، بەشی “کورتە فیلمە سویدییەکان”، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی “سینەمای نێودەوڵەتی” لەوانە: بەشی “گالا”، بەشی “مەستێرز” و بەشی “تەرکیز”، بەشی “ئاسۆکان”، بەشی “سینەمای کلاسیک”، بەشی “پێنج کیشوەری جیهان”، بەشی “جووڵە زۆرەکان”، بەشی “دەنگە نوێیەکان”، بەشی “بازاڕی فیلم”، بەشی “ڤۆرکشۆپی فێرکاریی”، بەشی “ڕێزلێنان”، کۆمەڵێک سیمینار و کۆڕ و کۆبوونەوەی پسپۆڕانە و هەروەها چەندین بەشی دیکە لە 10 سینەما و 40 هۆڵی شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەدەچێت.
بۆ زانیاری زیاتر: