فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لێلوون” بە دروشمی “تەنیا بە گوڵێک نابێتە گوڵستان” لە ڕۆژئاوای کوردستان لە وڵاتی سووریا بەڕێوەدەچێت.
لە لایەن بەرپرسانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لێلوون” Leloun داوا لە هەموو فیلمسازانی دنیا و بڵاوکەرەوەکانی فیلم کراوە کە بەرهەمەکانی خۆیان تاکوو ڕۆژی شەمە 15ی ئۆگۆستی 2020 لە ڕێگای ئیمەیلی lelounfestival@gmail.com بۆ نووسینگەی ئەم ڕووداوە سینەماییە ڕەوانە بکەن.
ئەم فێستیڤاڵە ڕۆژی 21ی سێپتەمبەری 2020 بەڕێوەدەچێت و دەرهێنەران و هەروەها بڵاوکەرەوەکانی فیلم دەتوانن بۆ ناردنی بەرهەمەکانیان و وەرگرتنی زانیاریی پێویست، سەردانی ماڵپەڕی فێستیڤاڵ بە ناونیشانی http://lelun.net/kurdsh-language و پێگەی ئەم فێستیڤاڵە لە ماڵپەڕی گرینگی “فیلم فریوەی” https://filmfreeway.com/LELOUN بکەن.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لێلوون” بە مەبەستی ئاڵووگۆڕی فەرهەنگی و بە لەبەرچاوگرتنی شوناس و پاراستنی کەسایەتی هەر کەلتوورێک، لە نێوان نەتەوە جۆراوجۆرەکانی جیهان بەڕێوەدەچێت و ئەم کارە لە ڕێگای چالاکییە فەرهەنگییە نێودەوڵەتییەکان لەوانە: فێستیڤاڵە هونەریی و ئەدەبییەکان ئەنجامدەدرێت، شوێنێک کە هەر فەرهەنگێک پێناسەی خۆی هەبێت.
هەندێک لە مەرجەکانی ئەم فێستیڤاڵە بریتین لە: کورتە فیلمەکان نابێت لە 45 خولەک زیاتر بن، فیلمە بڵندەکان دەبێت لە نێوان 60 تا 120 خولەک بن، فیلمە دیکۆمێنتارییەکان نابێت لە 100 خولەک زیاتر بن، پێشوازیی لەو بەرهەمانە دەکرێت کە لە نێوان ساڵەکانی 2017 تا 2020 سازکرابن. ئەو بەرهەمانەی کە ڕەوانە دەکرێن دەبێت بێجگە لە زمانی سەرەکی وەرگێڕاویی ئینگلیزیشیان لەگەڵدابێت.
بۆ دیاریی کردنی کاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لێلوون” بە پێی باروودۆخی تەندروستی جیهانی بڕیار دەدرێت.