رۆژی ھەینی رابردوو ٢٧/ ١ لە پاریسی پایتەختی وڵاتی فەرەسنا، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی (ڤینێسیس) دەستی پێکرد، لەسەرەتای فیستیڤاڵەکەدا ئاھەنگێک بەڕێوەچوو پاشان دەستپێکی فیستیڤاڵەکە، بە فیلمێکی سینەمای کوردی دەستی پێکرد، کە بریتی بوو لە فیلمی (دڵی سوور) بە ئامادەبوونی دەرھێنەری فلیمەکە، (ھەڵکەوت مستەفا)ـو ھەروەھا ئامادە بوونی نزیکەی (٢٠٠٠) بینەر نمایشکرا، ئەو فیستیڤاڵە وا بڕیارە تاوەکو ٣١/ ١/ ٢٠١٢ بەردەوامی ھەبێت.
دەرھێنەر (ھەڵکەوت مستەفا) لە لێدوانێکی دا بە “ھەولێر”ـی راگەیاند : “ئامادەبوونی ئەو بینەرە زۆرە لەم شەوە ساردەی پارسیدا بۆ بینینی فیلمەکەم ھەستێکی زۆر خۆشی دامێ و پاشان دەست خۆشی سینەماکاران و میوانانی فیستیڤاڵەکە جێگای بەختەوەریم بوو لەو فیستیڤاڵەدا”.
سەر لە بەیانی رۆژی شەممە ٢٨/ ١/ ٢٠١٢ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ ھونەرمەندی دەرھێنەر (ھەڵکەوت مستەفا) سازکرا و تیادا دەرھێنەری فیلمی “دڵی سوور” ئاماژەی بۆ بەرھەم ھێنانی ئەو فیلمە کرد، لە کوردستان لە نێو ئەو دیمەن وسرووشتە جوانەی کە ئەو ھەرێمە ھەیەتی ئەو فیلمە بەرھەم ھاتووە، بەھاوکاری کۆمپانیا (فیلم ھاوسی نەرویجی) کە تا ئێستادا لەچەندیین وڵات نمایشکراوەو ھەروەھا بەشداری چەندیین فیلسڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە”.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە (ھەڵکەوت مستەفا) گوتیشی : “لە ئێستادا خەریکین لەسەر شارەکانی وڵاتی فەرەنسا ئەو فیلمە نمایش بکەین، پاشان بە شێوەی (دیڤی دی، DV) بڵاوی بکەینەوە.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا