فیلمی سینمایی کوێستانی قەندیل لە دەرھێنانی تەھا کەریمی لە بەشداریەکی دیکەی نێونەتەوەییدا، بەشداری لە فێستیڤاڵی فیلم بۆ ئاشتی لە ولاتی ئیتاڵیا دەکات. دوای وەرگرتنی خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە فێستیڤاڵی فیلمی ئۆرنس لە وڵاتی ئیسپانیا و بەشداریکردن لە شەش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دیکە لە تورکیا و ھیندستان و وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی، فیلمی کوێستانی بەشداری لە فێستیڤاڵی فیلم بۆ ئاشتی دەکات.
فیلمی کوێستانی قەندیل بەرھەمی وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەرێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانیە کە لە دەرھێنانی ھونەرمەند تەھا کەریمییە و د. قوتبەدین سادقی مامۆستای و ئەکتەری شانۆ، جومەرد قارەمان، عەینەدین و لەمیا حوسەین و کامەران رووف وەک ئەکتەری میوان رۆڵی تێدا دەبینن.
فیلمی کوێستانی قەندیل لەگەڵ فیلمی شەوی حسابی دەرھێنەر حسێن سێوەدین وەک نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەشداریان لەو فێستیڤاڵەدا کردووە.
ھاوڕێ کەریمی بەرپرسی راگەیاندنی فیلمی کوێستانی قەندیل راگەیاند بابەتی سەرەکی فیلمە بەشدارەکانی ئەو فێستیڤاڵە شەڕ، ئاشتی و مافی مرۆڤە کە لە چەندین بەشدا فیلمە سەرکەوتووەکان خەڵات دەکات و یەکێک لە خەڵاتەکانی خەڵاتی بینەرانە.
مەراسیمی بەخشینی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی فیلم بۆ ئاشتی لە دووی مانگی جولای لە شاری میدیا لە ئیتاڵیا و لە ٢٧ مانگی ئۆکتۆبەر لە شاری لەندەنی بەریتانیا بەرێوە دەچێت.
فیلمی کوێستانی قەندیل ” دوای حەوتەمین بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان بڕیارە کە لە چەند مانگی داھاتودا لە فێستیڤاڵێک لە وڵاتی لوبنان و فێستیڤاڵێکی دیکە لە ولاتی ئەمریکا نمایش بکرێت”
کوێستانی قەندیل یەکەم فیلمی سینەمایی درێژی ھونەرمەند تەھا کەریمیە کە باس لە پێکەوە ژیان و بەریەککەوتنی چوار نەتەوەی کورد و عەرەب و فارس و تورک دەکات لە جوگرافیلیەکی ھاوشێوەی کوێستانی قەندیلدا
کوێستانی قەندیل بە بەشداری ١٢٠ ئەکتەر لە بە چوار زمان لە شاری سلێمانی و دەوروبەری وێنەی گیراوە و لە لایەن کۆمپانیای ستاک فیلم کاری بڵاوکردنەوەی جیھانی بۆ دەرکرێت.
تەھا کەریمی دەرھێنەر لە دایک بووی شاری بانە لە رۆژھەڵاتی کوردستانە و بە فیلمەکانی بەشداری زیاتر لە ٥٥ فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کردووە و دەیان خەڵاتی وەرگرتووە، ناوبراو لە ئێستادا سەرقاڵی بەرھەمێکی دیکۆمێنتی نوێیە.