فیلمی سینمایی کوێستانی قەندیل لە دەرھێنانی تەھا کەریمی لە شەشەمین بەشداری نێونەتەوەییدا، کێبەرکێ لەگەڵ فیلمە نێونەتەوەییەکانی فێستیڤاڵی فیلمی عەرەبی لە شاری ئامستێردامی ھۆڵەندا دەکات.
دوای وەرگرتنی خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە فێستیڤاڵی فیلمی ئۆرنس لە وڵاتی ئیسپانیا و بەشداریکردن لە پێنج فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دیکە لە تورکیا و ھیندستان و وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی، ئێستا لە بەشی فیلمە نێودەوڵەتیەکانی فێستیڤاڵی فیلمی عەرەبی لە وڵاتی ھوڵەندا کێبەرکێ لەگەڵ فیلمە جیھانیەکان دەکات.
فیلمی کوێستانی قەندیل بەرھەمی وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەرێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانیە کە لە دەرھێنانی ھونەرمەند تەھا کەریمییە و د. قوتبەدین سادقی مامۆستای و ئەکتەری شانۆ، جومەرد قارەمان، عەینەدین و لەمیا حوسەین و کامەران رووف وەک ئەکتەری میوان رۆڵی تێدا دەبینن.
ھاوڕێ کەریمی بەرپرسی راگەیاندنی فیلمی کوێستانی قەندیل بە …… راگەیاند ئەم فیلمە لە فێستیڤاڵی فیلمی عەرەبی کە ھەموو ساڵێک لە شاری ئامستردام بەشدار دەکات کە رۆژانی ٢٦ بۆ ٣١ مانگی مەی بەرێوە دەچێت و وتی ” دوای شەشەمین بەشداریکردنی ئەم فیلمە بڕیارە کە لە چەند مانگی داھاتودا لە فێستیڤاڵێک لە لە وڵاتی لوبنان و فێستیڤاڵێکی دیکە لە ولاتی ئەمریکا نمایش بکرێت”
کوێستانی قەندیل یەکەم فیلمی سینەمایی درێژی ھونەرمەند تەھا کەریمیە کە باس لە پێکەوە ژیان و بەریەککەوتنی چوار نەتەوەی کورد و عەرەب و فارس و تورک دەکات لە جوگرافیلیەکی ھاوشێوەی کوێستانی قەندیلدا
کوێستانی قەندیل بە بەشداری ١٢٠ ئەکتەر لە بە چوار زمان لە شاری سلێمانی و دەوروبەری وێنەی گیراوە و لە لایەن کۆمپانیای ستاک فیلم کاری بڵاوکردنەوەی جیھانی بۆ دەرکرێت.
تەھا کەریمی دەرھێنەر لە دایک بووی شاری بانە لە رۆژھەڵاتی کوردستانە و بە فیلمەکانی بەشداری زیاتر لە ٥٠ فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کردووە و دەیان خەڵاتی وەرگرتووە، ناوبراو لە ئێستادا سەرقاڵی بەرھەمێکی دیکۆمێنتی نوێیە.