فیلمی سینمایی کوێستانی قەندیل لە دەرھێنانی تەھا کەریمی لە بەشداریەکی دیکەی نێونەتەوەییدا، ھاوکات لەگەڵ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن، بەشداری لە فێستیڤاڵی فیلمی تیرانا لە وڵاتی ئاڵبانی دەکات.
ھاورێ کەریمی بەرێوەبەری فیلمی کوێستانی قەندیل رایگەیاند دوای وەرگرتنی خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە فێستیڤاڵی فیلمی ئۆرنس لە وڵاتی ئیسپانیا و بەشداریکردن لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دیکە، لە تورکیا و ھیندستان و ئیتالیا وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی، فیلمی کوێستانی قەندیل بەشداری لە بەشی کێبەرکێی فیلمە جیھانیەکان لە فێستیڤاڵی تیرانا دەکات.
.کوێستانی قەندیل یەکەم فیلمی سینەمایی درێژی ھونەرمەند تەھا کەریمیە کە باس لە پێکەوە ژیان و بەریەککەوتنی چوار نەتەوەی کورد و عەرەب و فارس و تورک دەکات لە جوگرافیایەکی ھاوشێوەی کوێستانی قەندیلدا، لە زمانی سێ کەسایەتیەوە چیروکی کەسوکاری ونبووەکان شەری نێوان ئەو کلتورانە دەگێرێتەوە کە چون بۆ ونبووەکانیان دەگەرێن.
فیلمی کوێستانی قەندیل بەرھەمی وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەرێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانیە کە لە دەرھێنانی ھونەرمەند تەھا کەریمییە و د. قوتبەدین سادقی مامۆستای و ئەکتەری شانۆ، جومەرد قارەمان، عەینەدین و لەمیا حوسەین و کامەران رووف وەک ئەکتەری میوان رۆڵی تێدا دەبینن.
.
ھاوڕێ کەریمی راگەیاند فێستیڤاڵی فیلمی تیرانا یەکێک لە فێستیڤاڵە بەناوبانگەکانی وڵاتی ئاڵبانیە کە لە ساڵی ٢٠٠٣ وە دەستی بە کارەکانی کردووە و ئەمساڵ نوھەمین خولی خۆی لە پایتەختی ئەو ولاتە، لە رۆژانی ٥ بۆ ١٠ دیسامبەر بەرێوە دەبات.
کوێستانی قەندیل کاری وێنەگرتنی لە لایەن کەیوان یۆسفی، مۆسیقا ئاوازدانەر فەردین خەلعەتبەری و مۆنتاژ محەمەد رەزا وەتەن دوست بۆ ئەنجام دراوە و لە لایەن کۆمپانیای ستاک فیلم کاری بڵاوکردنەوەی جیھانی بۆ دەرکرێت.
تەھا کەریمی دەرھێنەر لە دایک بووی شاری بانە لە رۆژھەڵاتی کوردستانە و بە فیلمەکانی بەشداری زیاتر لە ٥٥ فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کردووە و دەیان خەڵاتی نێونەتەوەیی وەرگرتووە.
راگەیاندنی فیلمی کوێستانی قەندیل