دوای سێهەمین بەشداری کردنی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکان و وەرگرتنی خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە وڵاتی ئیسپانیا، فیلمی کوێستانی قەندیل بەشداری حەوتەمین فێستیڤاڵی فیلمی دوبەی دەکات. فێستیڤاڵی فیلمی دوبەی یەکێک لە فێستیڤاڵە دیارەکانی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکەیەکە کە بە بەشداری دەرهێنەرانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەوروپا و ئەمریکا لە رۆژانی 12 بۆ 19 دیسەمبەر لە شاری دوبەی بەرێوە دەچێت.
کوێستانی قەندیل یەکەم فیلمی سینەمایی درێژی هونەرمەند تەها کەریمیە کە باس لە پێکەوە ژیان و بەریەککەوتنی چوار نەتەوەی کورد و عەرەب و تورک و فارس دەکات لە جوگرافیایەکی وەک کوێستانی قەندیلدا.
ئەم فیلمە لە ژیانی سێ فەقێی مزگەوتێکەوە دەچێتە ناو وردەکاری ژیان و خەمی هاوبەشی نەتەوەکانەوە، لە سەرو هەمویانەوە نەتەوەی کورد.
کوێستانی قەندیل بە بەشداری 120 ئەکتەری کورد (لە باشور و باکور و رۆژهەڵاتی کوردستان) و فارس و تورک و عەرەب لە شاری سلێمانی و دەوروبەری وێنەی گیراوە و چەندین هونەرمەندی بەناوبانگ وەک د. قوتبەدین سادقی، جومەرد قارەمان، عەینەدین مەریوانی، لەمیا حسێن و کامەران رئوف رۆڵیان تێدا بینیوە.
هاوکات لەگەڵ بەشداریکردنی لە حەوتەمین فێستیڤاڵی فیلمی دوبەی، کوێستانی قەندیل لە چل و یەکەمین فێستیڤاڵی هیندوستان کە لە دورگەی گوا لە وڵاتی هیندستان بەرێوە دەچێت لە بەشی کێبەرکی فیلمە جیهانیەکاندایە .
تەها کەریمی لە دایک بووی شاری بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستانە و بە فیلمە کورت و درێژەکانی بەشداری زیاتر لە 50 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە و لە مانگی رابردوودا توانی خەڵاتی باشترین سیناریۆ بۆ فیلمی کوێستانی قەندیل لە فێستیڤاڵی فیلمی ئۆرێنسە لە وڵاتی ئیسپانیا وەرگرێت و پێشتریش چەندین خەڵاتی نێودەوڵتی بۆ فیلمە کورتەکانی وەرگرتووە.
فیلمی کوێستانی قەندیل بەرهەمی بەرێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و کۆمپانیای ستاک فیلم کاری پەخش و بڵاوکردنەوەی بۆ دەکات.
راگەیاندنی فیلمی کوێستانی قەندیل