مەسعودی مەلا ھەمزە : ھونەرمەندی دەرھێنەر حوسێن سێودین رایگەیاند، فیلمی “شەوی حیساب” لە دەرھێنانی خۆم، بەشداری لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دیجیتالی دەکات. ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد، ئەم فێستیڤاڵە لە رۆژانی ٢٣ شوبات/ فەبرایەر تا ١ ئادار/ مارس ٢٠١٢، لە نیودلھی لە ھیندستان بەڕێوە دەچێت.
ئەوەیشی خستە روو، لە کاتی نمایشکردنی فیلمەکەی، خۆشی لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادە دەبێت. چیرۆکی ئەم فیلمە لە بەشێکی رۆمانی “شاری مۆسیقارە سپییەکان”ـی رۆمانوونسی کورد بەختیار عەلی، وەرگیراوە.
فیلمەکە بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای سلێمانییە، لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی ستاک فیلمی سنە، بە بەڕێوەبەرایەتی سینەماکاران سەتار چەمەنی گوڵ و ڤیدا ساڵحی لەسەر ئاستی جیھان پەخش و بڵاو دەکرێتەوە.
ئەم فیلمە پێشتر لە چەند فێستیڤاڵێکی دیکەی سینەمایی جیھانی، بەشداری کردووە.