مەسعودی مەلا ھەمزە: فیلمی سینەمایی “سرتە لەگەڵ با” لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد “شەھرام عەلیدی” رۆژانی پێنجشەمە و ھەینی لە ھۆڵی فەروەردین لە کۆمەڵگەی فەرھەنگی و ھونەری فەجری سنە نمایش دەکرێت.
بەپێی راگەیاندنی گشتی فیلمی “سرتە لەگەڵ با”، فیلمی سینەمایی “سرتە لەگەڵ با” Whisper With the Wind لە دەرھێنانی سینەماکاری سنەیی شەھرام عەلیدی کە بەرھەمی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە لە رۆژانی پێنجشەمە و ھەینی ٢٩ و ٣٠ی ئەیلوول / سەپتەمبەری ٢٠١١ لە دوو چانسی کاتژمێر ٥ و ٧ی ئێوارە، لە ھۆڵی فەروەردین لە کۆمەڵگەی فەرھەنگی و ھونەری فەجری شاری سنە نمایش دەکرێت.
فیلمی سینەمایی “سرتە لەگەڵ با” بە ئامادەبوونی شەھرام عەلیدی و لە لایەن دایرەی گشتی فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای کوردستان و بە ھاوکاری ئەنجوومەنی سینەمای لاوانی ئێران نووسینگەی سنە دەچێتە سەر پەردەی سینەما.
فیلمی سینەمایی “سرتە لەگەڵ با” لە یەکەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا سێ خەڵاتی سەرەکی لە بەشی پێشبڕکێی بەشی ھەفتەی رەخنەگرانی شەست و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی ٢٠٠٩ لە وڵاتی فەرەنسا بەدەستھێنا و لە درێژەدا بە بەشداری لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری فیلم لە سەرتاسەری جیھان، کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێنا.
فیلمی سینەمایی “سرتە لەگەڵ با” لە دوایین نمایشی خۆیدا بە ھاوکاری ئەنجوومەنی زانستی سینەمای زانکۆی تاران، رۆژی سێشەمە ٣١ی ئایار/ مەی ٢٠١١ لە ھۆڵی ئاوینی لە پەردیسی کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران نمایشکرا.