فیلمی سینەمایی ھەزار و یەک سێو لە نوسین و دەرھێنایی ھونەرمەند تەھا کریمی و بەرھەمی ھاوبەشی دەرھێنەر و کۆمپانیایی ئاوا میدیا کۆتایی بە وێنەگرتنی ھات و ئێستاش لە قۆناغی مۆنتاژ دایە.
فیلمی ھەزار و یەک سێو چیرۆکی ٥ رزگار بووی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئەنفالن کە دیانەوێت چیرۆکەکانیان بۆ خەڵکانی دەرەوەی جوگرافیای کوردستان بگێرنەوە، ئەو رزگار بووانە لە دەست ئەو کاراساتە گەورەیە دەیانەوێت بە دروست کردنی ھەزار و یەک سێوی مێخەک رێژ کە نیشانەی خوشەویستی و ئاشتیە ، و ناردنی ئەو سێوانە بۆ رێخراوە نێودەوڵەتیەکان چیرۆکی ئەنفالیان بۆ بگێرنەوە.
تەھا کەریمی دەرھێنەری فیلمی ھەزار و یەک سێو باس لەوە دەکات کە ئەم فیلمە دەیەوێت ئەو پرسیارە بخاتە روو کە بۆ دوای تێپەر بوونی ٢٤ ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفالدا کە ١٨٢ ھەزار کەسی کرد بە ژێر لمی بیابانەوە، وشەی ئەنفال لە دەرەوەی جوگرافیای کوردستان نامۆیە؟ ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات لەگەڵ گێرانەوەی چیرۆکەکانی ئەنفال ھەزار و یەک سێوی میخەک رێژ دروست دەکرێت و ھەرکامیان نەخشەی چیرۆکێکی لێدەدرێت.
سێوی میخەک رێژ ھێمای ئەوین و ئاشتیە لە فۆلکلۆری کوردەوایدا کە چەند ساڵێکە لە ھەرێمی کوردستان لە لایەن ھونەرمەند سەیوان سەعیدیانەوە زیندوو کراوەتەوە و لە بۆنە تایبەتیەکاندا دروست دەکرێت، سێوەکانی فیلمی ھەزار و یەک سێو دواجار بە ئامادە بوونی دیان بنەماڵەی ئەنفال دەدرێن بە دەم ئاوی زێی بچوکەوە تا بەرەو شاری ھەزار و یەک شەو واتا بەغدا بڕۆن.
ئەم فیلمە کە بەرھەمی ھاوبەشی دەرھێنەر و کۆمپانیایی ئاوا میدیایە بە ھاوکاری بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری گەرمیان، کە لە ناوچەی گەرمیان و بادینان و دەشتی کۆیە وێنەی گیراوە و بڕیار وایە دوای تەواوو بوونی لە ھەرێمی کوردستان نمایش بکرێت
نوسین و دەرھێنان: تەھا کریمی ، وێنەگرتن: مەھدی ئازادی، دەنگ : ئەرەستۆ مەفاخری، راوێژکاری ئەنفال: عومەر محەمەد، بەرێوەبەری بەرھەم: سیوان سەعیدیان، راگەیاندن: ھاوڕێ کەریمی، بەرھەمی : ئاوا میدیا و تەھا کەریمی.