مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” لە دەرهێنانی “توورج ئەسڵانی” لە سینەما “تایم سەنتەر” لە شاری کەرکووک نمایش کرا و لە لایەن بینەرانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا.
نمایشی گشتی فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” (بی سرزمین) Landless لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد “توورج ئەسڵانی”، بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد مووڤی” MAAD Movie و هەروەها بەرهەمی هاوبەشی “ڕەز هەڵکەوت ڕەشید” لە هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی هەندێک لە ستافی سەرەکییەکەی لەوانە: “توورج ئەسڵانی”، “ڕەز هەڵکەوت ڕەشید” و “شوان عەتووف” و ژمارەیەک لە کەسایەتییە کەلتووری و هونەرمەندانی بەرچاو لە سینەما “تایم سەنتەر” لە شاری مێژوویی و ڕەسەنی کەرکووک نمایشکرا و لە لایەن بینەران و هۆگرانی هونەری سینەماوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا.
نمایشی گشتی “بێنیشتمان” بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە لە سینەمای شارە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستان لە “سیتی سینەما” لە شاری سلێمانی دەستی پێکردوو و لە درێژەدا لە سینەما “ئێمپایر”ی “فامیلی مۆڵ” لە شاری هەولێر، لە سینەما “شین” لە شاری سۆران، لە سینەما “دهۆک مۆڵ” لە شاری دهۆک، لە هۆڵی “هونەر” لە شاری کەلار و لە سینەما “تایم سەنتەر” لە شاری کەرکووک چووە سەر پەردەی سینەماکان و هەروەها لە داهاتوویەکی نزیکیشدا لە گرینگترین شارە عەڕەبییەکان وڵاتی عێراق نمایش دەکرێت.
لە “بێنیشتمان” سێیەمین بەرهەمی سینەمایی “توورج ئەسڵانی”دا، کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی وڵاتانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان، بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەڕەبی و فارسی لەگەڵ “هانی موجتەهیدی” تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: شوان عەتووف، جاهیت شاهین یاڵچین، بوڵەنت کاسێر، ڕێکێش شەهباز، بەنگین عەلی، بەڕۆژ ئاکرەیی، نارین محەمەدی، فرمێسک ڕەحیم زادە، ڕەوانشاد هاکار عەبدوالقادر محەمەد، تەها عەبدوالکەرەم ئەبووبەکر، ڕواڵ ناڤگوندی، ئاسۆ ڕەفیق، هەورامان و چەندین ئەکتەری دیکە.
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان”.
Discussion about this post