سەدیق سەعید ڕواندزی
نکۆلی لەوە ناکرێت کە فیستیڤاڵی گەلاوێژ، نەریتێکی ئەدەبی ساڵانەیە و یەکێکیشە لە چاڵاکییە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییە بەرچاوەکان، کە ساڵانە لە سلێمانی ئەنجام دەدرێت و تیایدا چەند کەسێک دەبنە براوەی خەڵاتەکان لە چەند بوارێکەوە. بەڵام ھەر کەسێک بە وردی، چاودێری ئەو فیستیڤاڵەی لەم ساڵانەی دواییدا کردبێت، دەزانێت پاشەکشەیەکی گەورە، ساڵ لە دوای ساڵ، بەو فیستیڤاڵەوە دەبینرێت. ئەم پاشەکشەیە، چ لە سەر ئاستی ھەڵبژاردنی دەقەکان بێت، بەو پێیەی گەلێکییان دەقی کرچ و کاڵ و نا ھونەری و شایستەی بەشداری پێکردن نین (چ جای بردنەوەی خەڵاتەکە) یاخود دەست نیشانکردنی لیژنەی ھەڵسەنگاندنی دەقەکان بێت، کە پەیوەندییەکی ئەوتۆیان بەو ژانرەوە نییە کە پێیان دەسپێردرێت بۆ ئەوەی ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەن. زۆرجار لە فیستیڤاڵەکانی گەلاوێژ و ئەوانی تریش، کەسانێک دەکرێنە لیژنەی ھەڵسەنگاندنی دەقەکان، کە بواری کارکردنیان لێکۆڵینەوە و ڕەخنە و ھەڵسەنگاندنی دەق نییە، بەڵکو چیڕۆکنووسە، دەبێتە لیژنەی ھەڵسەنگاندنی چیڕۆک، شاعیرە، دەبێتە لیژنەی ھەڵسەنگاندنی شیعر. تەنانەت تیایان دایە، خۆی ئەزموونێکی ئەوتۆی لە بواری نووسینی چیڕۆک نییە، کە چی چیڕۆکی کەسانی دیکەش ھەڵدەسەنگێنێ. بێگومان مەرج نییە ئەوەی شاعیر یاخود چیڕۆکنووس بوو، ئیدی لە بواری ھەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی شارەزا و بە توانا بێت. خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی، پاشخان و زانیارییەکی زۆری بابەتی و زمانەوانی و ڕۆشنبیری گشتی دەوێت. تەنانەت لە ڕووی زمانەوانیشەوە، دەبێ ئەو دەقانە ھەڵبسەنگێنرێن و کەموکورتی زمانەوانیان دیاری بکرێت. گەلێک جار، دەیان ھەڵە لە دەقەکان لە ڕووی ناوەڕۆک، مانا، زمانەوانی، بە سەر لیژنەکەدا تێپەڕیون ، کە نەیانبینیوە یاخود شارەزاییان لێ نەبووە. ئەمەش دەبێتە ھۆکارێک کە ھەمیشە دەقی کەسانێک خەڵات ببەن، کە لە دەرەوەی فیستیڤاڵەکە زۆر لە نووسەران بە ناشایستەیان بزانن. بەڵگەشم بۆ ئەو قسەیەم ئەوەیە، کە ھیچ فیستیڤاڵێکی گەلاوێژ نەبووە، بێ ڕەخنەگرتن و توڕەبوونی چەند شاعیرێک، یاخود چیڕۆکنووسێک کۆتایی ھاتبێت. بێگومان ئێمە دەزانین، ھەرگیز ھیچ لیژنەیەکی ھەڵسەنگاندن لە ھەر بوارێکەوە بێت، ھەمووان لە کارەکانی و بژاردەکانی ڕازی نابن و نین، وەک چۆن پەیامبەرانی خوا، ھەموو کەسێک لێیان ڕازی نەدەبوون، بەڵام ئەوە گرنگە، کە بە پێوەرێک کاربکرێت، کە ھەوڵبدرێت کەمترین ڕەخنە، سەرنج و تێبینی، لەم ڕووەوە بخرێتە ڕوو. ھەڵبەتە، لە چەند ڕۆژی ئاییندەدا، بیست و پێنجەمین فیستیڤاڵی گەلاوێژ، کە بە یۆبیلی زیوینیش ناودەبرێت، بەڕێوە دەچێت و چەند ڕۆژێک لەمەو بەریش، ناوی بەشداربووانی ئەم خولەی فیستیڤاڵ بڵاوکرانەوە. لە بارەی دەقەکانەوە، تا ئێستا کەس زانیارییەکی ئەوتۆی نییە، چونکە ھێشتا فیستیڤاڵەکە نەکراوە، وەلێ ئەگەر لە ڕووی چەندایەتی فیستیڤاڵەوە بڕوانینە بەشداربووان، ئەوا ھیچ گومانێک لەوەدا نامێنێتەوە، کە فیستیڤاڵی گەلاوێژ، سەد ھەنگاو بۆ دواوە گەڕاوەتەوە، بێگومان ئەمە لە بەر ناوی بەشداربووان نا، کە ڕەنگە کەسانی نەناسراو بن لە نێوەندە ئەدەبییەکە، بەڵکو لە جۆر و ژمارە و بەشداربووانی ڤیستیڤاڵەکە، کە ئاماژەیەکی ڕوونی پاشەکشە و نەمانی سەنگ و بەھای ئەدەبی و مێژوویی و مەعریفی ڤیستیڤاڵەکەیە، لای نووسەرانی کورد. ئەگەر ژمارەی بەشداربووان، ھاوتای شوێن و پێگەی جواگرافی بکەین، ئەوا ئەم فیستیڤاڵەنە نێودەوڵەتییە، نە ھەرێمیش، بەڵکو لە بازنەی بەرتەسکی چەند دەقێکی ئەدەبی کە ڕەنگە زۆر سادەش بن دەخولێتەوە. چونکە نووسەران چ لە ئاستی دەق و چ لە ئاستی شوێن و شارەکانیش بێت، بەشدارییەکی ئەوتۆیان لەم فیستیڤاڵە نەکردووە. ھەڵبەتە ئەمەش ھۆکاری خۆی ھەیە، کە دواتر ئاماژەی پێ دەدەین. بۆ بیست و پێنجەمین فیستیڤاڵی گەلاوێژ، ٨ لێکۆڵینەوە کە ( ٤ ھی نووسەرانی ڕۆژھەڵاتن، ٢ یان ھی قەزای سۆرانن، ١ ھی سلێمانی، ١ ھی دھۆک) بەشدارن، لە ژانری شیعردا، ١١ شاعیر بەشدارن (٥ سلێمانی، ٦ کەی تر، ھەر یەک و ھی شارەکانی ھەولێر و بەرلین و کۆیە و چەمچەماڵ و دھۆک و ڕۆژھەڵاتی کوردستانن) لە ژانری چیڕۆکدا ٧ چیڕۆک کە ( ٤ یان ھی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ٣ یەکەی تر ھی سلێمانی و دھۆک و چەمچەماڵ) ن. گەر سەرنج لە ئاماری بەشداربووان, شوێن و شارەکانی کوردستان بدەین، دەبینین نیوەی بەشداربووانی فیستیڤاڵەکە نووسەرانی ڕۆژھەڵاتن، بێگومان ئەمەش نۆڕماڵە، چونکە ئەوانیش مافی بەشداریکردن و بردنەوەی خەڵاتیشیان ھەیە، بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا، دەبێ ھەڵوەستە لە ئاست پاشەکشەی نووسەرانی سلێمانی و ھەموو شارەکانی دیکەی کوردستان بۆ نمووونە (کەلار، ھەڵەبجە، ڕاپەڕین، ئاکرێ، خانەقین، کەرکوک، سەید سادق، قەلادزێ)…تد لە فیستیڤاڵەکەش بکەین. ئەم فیستیڤاڵە لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت، ئەم شارە پایتەختی ڕۆشنبیرییە، بە دەیان نووسەر و شاعیر و چیڕۆکنووسی بە توانای تێدایە، کەواتا بۆچی بەشداری ناکەن؟ کەمی نووسەرانی بەشداربووی ئەم شارە و شوێنەکانی دیکەش، ئاماژەیەکی ڕوونە کە نووسەران متمانەیان بەو فیستیڤاڵە نەماوە و وەک ھەر کارێکی دیکەی ئەدەبی و ڕۆتینی لێی دەڕوانن. بە پێچەوانەی سەرەتاکی ئەم چاڵاکییە کە ناو و سەدا و دەنگی بە ھەموو کوردستان و شوێنەکانی دیکەش بڵاو دەبووەوە. ئەم بەراوردکردنە لە ڕووی دەق و جوگرافیاوە، ئەوە دەسەلمێنێت کە گەڵاوێژ، ساڵ لە دوای ساڵ دەگەڕێتەوە دواوە و ئەو بەھا ئەدەبییەی نامێنێ و کاڵ دەبێتەوە کە پێی دەناسرایەوە. دیارە ئەمەش ھۆکاری خۆی ھەیە. بە بڕوای من، ناشێ چاڵاکییە ئەدەبییەکان ھەر تەنھا بۆ زیادکردنی ژمارە و خستنە سەری زنجیرەی مێژوویی چاڵاکییەکان بێت. بەدەربڕینێکی تر، ناشێ بۆ ئەوەی وەک نەریتێکی مێژوویی و ساڵانە، بەردەوامی بە چاڵاکییەک بدەین، لە سەر ھەژماری پاشەکشەی ئەدەب و دەقی ئەدەبی و داھێنەرانە، بۆیە زۆر ئاسایە ڕێکخەرانی فیستیڤاڵ، ساڵێک ئەم چاڵاکییە بەڕێوە نەبەن و ڕایبگەیەنن ئەو دەقانەی بەشداربوونە لە ئاستی فیستیڤاڵێکی وا دانین. ئێمە ساڵانێکە، تەنانەت لە بوارە ھونەرییەکەش، دەستەواژەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەکار دێنین، بێ ئەوەی بزانین مۆرکەکانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی چین؟ وا دەزانین ئەگەر چەند میوانێک، یاخود نووسەر و ھونەرمەندێکی پلە دەی وڵاتێک، کە لە وڵاتەکەی خۆی کەس نایخوێنێتەوە بەشداربوو، ئیدی فیستیڤاڵەکە دەبێتە نێودەوڵەتی. بە پێچەوانەوە ئەگەر بە پێوەری ئاستی بەشداربووانی نووسەرانی کورد، لە سەر ئاستی ھەرێمی کوردستاندا سەیری قیستیڤاڵەکە بکەین، ئەوا دەبینین کوردستانیش نییە و بگر لۆکاڵییە، چونکە ڕەنگدانەوەی ئەو پێکھاتە ڕۆشنبیریی و جوگرافیی و ناوچەیەی ئەدەبی کوردی نییە. ئەم فیستیڤاڵە، بۆچی پاشەکشەی کرد؟ بۆچی نەیتوانی وەک سەرەتاکانی بە داھێنان وجۆش و خرۆشێکی گەورەی ئەدەبیانەوە بەردەوام بێت و نووسەران لەو چاڵاکییە کۆبکاتەوە؟ لەو ڕوانگەیەوە وەکو خوێنەرێک، دەمانەوێت ھەڵوەستەیەک لە ئاست ئەو پاشەکشەیە بکەین و لە ڕوانگەی خۆمانەوە دەست نیشانی ئەو خاڵانە بکەین، کە بوونەتە ھۆکاری ئەم پاشەکشێیە و دابەزینی ئاست و توانای دەقە ئەدەبییەکان و بەشداری نووسەران. دەکرێ لەم خاڵانە کورتییان بکەینەوە:_
یەکەم:_
زۆرترین ڕەخنە، کە لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی ئەو فیستیڤاڵە گیرابێت، ئاراستەی لیژنەی ھەڵسەنگاندنی دەقەکان کراوە. بڕوا ناکەم ھیچ فیستیڤاڵێک بێ گازاندە و ڕەخنە و تێبینی نووسەران، لەم بارەوە کۆتایی ھاتبێت. بەشێکی زۆر لە شاعیران و چیڕۆکنووسان، بڕوایان وایە ناداد پەروەریی، لە پێدانی خەڵاتەکانەوە ھەیە و دەقێک خەڵات وەردەگرێت، کە بە بەراورد لە گەڵ دەقێکی دیکە کە براوەی فیستیڤاڵ نەبووە، زۆر لاوازە. گەلێک جار وەک خوێنەرێک، دەقێکی براوەی فیستیڤاڵم خوێندۆتەوە، بە ڕاستی شایەنی بەشداری پێکردنیش نەبووە، چ جای بردنەوەی خەڵاتی دەقەکان. ئەمە وێرای ئەوەی وەک باسمان کرد، کە زۆرجار لە دیاریکردنی لیژنەی ھەڵسەنگاندنی دەقەکان، کێماسی گەورە ھەیە. چیڕۆکنووسێکی گەنج دەکرێتە ئەندامی لیژنەی ھەڵسەنگاندن، کە خۆی ئەزموونێکی ئەو تۆی نییە، ئیدی چۆن دەتوانێ دەقی داھێنەرانە و ئاسایی لە یەکتری جیابکاتەوە؟ یاخود ئەکادیمیەک، کە بوارەکەی ھەڵسەنگاندنی شیعرە، وا دەزانرێت ھەمان شارەزایی بۆ ھەڵسەنگاندنی چیڕۆک و ڕخنە و لێکۆلینەوەش ھەیە. بۆیە ئەم تێبینیانە، تێگەیشتنێکی لای نووسەران دروستکردووە، کە ساڵ لەدوای ساڵ لە فیستیڤاڵەکە دوور بکەونەوە. کەمی و دابەزینی ئاستی بەشداربووانی نووسەران و بە تایبەتیش دیارەکان، خۆی لە خۆیدا، پشتڕاستی ئەو بۆچوونەی ئێمە دەکاتەوە. چونکە لۆژیکی نییە لە شارێکی وەکو سلێمانیدا، کە مەڵبەندی ڕۆشنبیریی و داھێنانە، نووسەرانێک نەبن توانا و ئاستی ئەوەیان نەبێت بە شدار بن، بەڵکو شایەنی ئەوەنە خەڵاتیش ببن. بۆیە دەکرێ گۆڕانکاریی لە پێوەر و لێژنەی ھەڵسەنگاندنی دەقەکان بکرێت، ئەگەر فیستیڤاڵەکە ھەر بەردەوام بوو.
دووەم:_
لە فیستیڤاڵی گەلاوێژدا، ھەمیشە نووسەرانێک (بە تایبەتی گەنج) دوای بردنەوەی خەڵاتەکان لە بواری شیعرو چیڕۆکدا، وەک داھێنەر و دەنگی نوێ و تازە دەناسێنران و لەو سۆنگەیەشەوە خوێنەرانێکی زۆر، ئومێد و ھیوایان لە سەر ھەڵدەچنین. بەوەی وەک شاعیر و چیڕۆکنووسی داھێنەر لە ئایندەدا دەردەکەون. کەچی بە پێچەوانەوە، ئەمانە نەک نەیانتوانی بە ھەمان ھەناسە و گڕوتینی سەرەتا بنووسن، بەڵکو ئێستا کەس وەک نووسەر ناشیانناسێت و ناویان لە کولەکەی تەڕیش نییە! دەتوانم دەیان ناو ڕێز بکەم، لە کچان و کوڕانی گەنج و نووسەرانی دیکەش، کە پێشتر براوە و یەکەمی ئەو چاڵاکییە بوونە و زۆرانێکیش ئومێدی داھاتووێکی پڕ لە داھێنانییان پێ ھەبوونە، بەڵام لە بەر ناوبانگییان خۆیان لێ دەبوێرین. ئەمانەی ساڵانێک لەمەو بەر، براوەی خەڵات دەبوون و بە ئێستاشەوە، دەقێکی چیڕۆک یان شیعرییان نییە، نوێکارییەکی تێدا بێت. یاخود ھیچ نەبێت جیاوازکەوتنەوە و دابڕانێک بێت، لەوانیتر. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە نە فیستیڤاڵ، نە خەڵات، نە بە یەکەم دەرچوون لە پێشبڕکێی دەقێکی ئەدەبیدا، کەس ناکاتە داھێنەر و شاعیر و چیڕۆکنووسی دیار. بەڵکو نووسین ئەزموون و خوێنەوەیە، داھێنان و خۆجیاکردنەوە کردەیەکی یەکجار کەسی و تایبەتی و خودین. ھیچ نووسەرێک، بە خەڵات و فیستیڤاڵ نابێتە داھێنەر و بە ناو و دەنگ نابێت. تەنھا ئەزموونە کەسییەکانی خۆی، دەیکاتە دەنگی تازە و جیاواز، وەک چۆن گۆران بە شیعرەکانی بووە داھێنەر. دەیان قەڵەمی گەنج، لە فیستیڤاڵە یەک لە دوای یەکەکانی گەلاوێژ، خەڵاتەکانی چیڕۆک و شیعر و لێکۆڵینەوەیان برد. ئێستا کێ دەیانناسێت؟ کێ ناویانی بیر ماوە؟ بێگومان ئەمانە خۆیان ھەر لە سەرەتاوە ھیچ وزە و توانایەکی ئیبداعی و ئەدەبییان نەبووە، بۆیە نەیانتوانیوە دواجار لە پەراوێزی ئەو خەڵاتەوە، دەقی جوانتر و داھێنانەتر بنووسن. چونکە بیرمان نەچێت نە فیستیڤاڵ، نە خەڵات، ھیچ کەسێک ناکات بە شاعیر و چیڕۆکنووسی داھێنەر. داھێنان وزە و توانا و ھەوڵدانێکی خودی و کەسییە، کە دەرەنجام دەبێتە ئەزموونێکی تازە و لە ئەزموونەکانی تر خۆی جیا دەکاتەوە.
سێیەم:_
نەریتێکی نامۆ، لەو فیستیڤاڵە و لەوانی دیکەش، ساڵانێکە ھەیە و پەیڕە و دەکرێت، ئەویش پێدانی یەک خەڵاتە بە دوو دەقی جیاواز. بۆ نموونە: خەڵاتی یەکەم بۆ دوو شیعر، خەڵاتی دووەم بۆ دوو چیڕۆک…تد. لە ڕاستیدا، ھەموو دەقێکی ئەدەبی، زادە و ڕەنگدانەوەی دنیابینی نووسەرە. ئەزموون و تێگەیشتن و دنیابینی ھیچ نووسەرێکیش لەوی تر ناچێت، ئیدی نازانم چۆن دوو دەقی ئەدەبی وەک یەک دەبن؟ شیعر، بەرھەمی دنیابینی و خەیاڵ و ڕوانینەکانی شاعیرە، وێناکردنی ھەر شاعیرێک بۆ ژیان، بوون و دەوروبەر و ھەموو شتێک، وەک شاعیرێکی دیکە نییە، ئیدی چۆن دوو شیعر شایەنی یەک خەڵاتن؟ چیڕۆک گێڕانەوەیە، ئەگەر ڕووداوێک بە نموونە دە کەس بیگێڕنەوە، ھەر یەکەیان بە شێوە و جۆرێک دەیگێڕێتەوە، کەواتا چۆن دوو چیڕۆک شیاوی ئەوەن کە ببنە براوەی یەک خەڵاتی ھاوتا؟ بە بڕوای من ئەمە ھەڵەیەکە ساڵانە لە لیژنەی ھەڵسەنگاندنی دەقەکان دووبارە دەبێتەوە. ھەڵبەتە بۆ خوێنەوە و ھەڵسەنگاندنی ھەر دەقێک، نابێ تەنھا مانا و چێژ، شیعرییەت و تەکنیک، ھونەری نووسین بکرێنە سەنگی مەحەک، بەڵکو دەبێ لە سەر ھەموو ئاستەکانی دیکەی زمانەوانی و ڕێزمانیش، ھەڵسەنگاندن بۆ دەقێکی ئەدەبی بکرێت. تاکو ئەوە لە یەکتری جیابکرێتەوە، کامەیان لە ڕووی بنەما و شێوازی گرامەرییەوە، شارەزایی لە زمانی نووسین، ئاستەکانی گوزارشت و دەربڕین ھەیە. ھەرچییەک و ھەر چۆنێک بێت، ئەگەر بە پۆینتیش بێت، دوو دەق لە یەکتری ھەر جیاواز دەکەونەوە، کەواتا دەبێ لیژنەی ھەڵسەنگاندنی دەقەکان، ھێندە ورد و ھەستیار و زیت بن، جیاوازیی نێوان دوو تێکست، لە خاڵێکی یەکجار بچووک و ھەست پێنەکراویش ببینەوە. نابێ تەنھا ڕەھەندیی بابەتییانەی دەقێک لە بەرچاو بگیرێت، ئەی زمان؟ شێوازی داڕشتن؟ چۆنییەتی بونیادنانی ڕستە بەو یاسا گرامەریەی لە زمانی کوردیدا ھەیە؟ بۆ نموونە با سەرنج لەو دوو ڕستەیە بدەین:
منداڵەکە نووست، دوای گەڕانەوەی لە شاریی یاری.
منداڵەکە دوای گەڕانەوەی لە شاریی یاری، نووست.
ھەردوو ڕستەکە لە ڕووی واتاییەوە گونجاون ، واتا دەگەیەننن، ھاوبەشن لە چەند وشەیەکی دیاریکراو، بکەر و کاریان تێدایە، بەڵام ئەگەر لە ڕووی زمانی نووسین و داڕشتنەوە بەراوردیان بکەین، دەبینین ڕستەی دووەم ڕێزمانیترە، چونکە بە گشتی کار لە زمانی کوردیدا، دەکەوێتە کۆتایی ڕستە و بکەرلە سەرەتایە. مەبەستم لەو نموونەیە چییە، جیاوا زکەوتنەوەی شێوازی داڕشتنی زمانەوانییە لە دەقێکی ئەدەبیدا. دەکرێ نموونەیەکی تر بێنیینەوە. لەو ڕۆژانەدا، ڕیکلامی بڵاو بوونەوەی ڕۆمانێکم کەوتە بەرچاو بە ناوی (دوواین خەونی سوھەیلا). ئەگەر سەرنج لەو ناونیشانە بدەین و بیخوێنینەوە، ئاسایی مانای تەواوەتی دەگەیەنێت، بەڵام ئەگەر لە ڕووی ڕێزمانییەوە لێی وردبینەوە، دەبینین ھەڵەیە، چونکە (دوواین) بە مانای ( دووان) واتا گفتوگۆ و قسەکردن دێت، بە ھەمان شێوە بە مانای (دوو کەسیش) دێت (دوواین). بۆیە دەبوو بەو شێوەیە بنووسرێت (دوایین خەونی سوھەیلا) واتا بە یەک (و) جگە لەوەی پیتی (ی) درێژدەکرێتەوە دەبێتە دوو(ی). لە ڕۆمانی ڕوحە سەروەشەکان، ئەمە نووسراوە:_(وتم یونس ئەحمەد چی بەسەر ھاتووە) لە ڕۆمانەکەدا، (یونس) و (ئەحمەد) دوو کارەکتەری جیان، توانا پرسیار لە یونس دەکات، کە ئەحمەد چی بە سەر ھاتووە؟) بەڵام کاتێ سەرنج لە داڕشتنی ڕستەکە دەدەین، دەبینین تەنھا بە دانەنانی وێرگولێک (فاریزە) تەواوی مانای ڕستەکە گۆڕاوە. چونکە لە پەڕەگرافەکەدا، وا دەردەکەوێت کە (یونس ئەحمەد) یەک کەسە. بۆیە دەبوو بەم شێوەیە بێت:_ (یونس، ئەحمەد چی بە سەر ھاتووە؟) ئەم نموونانە، گەلێک جار دەبنە ھۆکاری جیاواز کەوتنەوەی زمانی نووسینی دەقێک، بە تایبەتیش زمانی کوردی، کە لەم ڕووەوە یەکجار بە وردەکاریی و دەوڵەمەندە. بە نموونە ئەگەر ئەو وردەکارییانە لە دوو دەقی ئەدەبیدا ڕەچاو بکرێن، ئایا ھەردوو تێکستەکە وەک یەک خەڵات دەبەن؟
چوارەم:
یەکێکی دیکە لەو تێبینیانەی لە سەر ئەو فیستیڤاڵە ھەیە ئەوەیە، کە بە پێی کام پێوەری ئەدەبی، ئەو دەقانە ھەڵدەبژێردرێن کە بەشداری فیستیڤاڵەکە دەکەن. واتا گریمان پەنجا شیعر و ھەشتا چیڕۆک نێردراوە، لە سەرچ بنەمایەک ئەو دەقانە دەست نیشان دەکرێن کە بخوێنرێنەوە و ھەندێکی تریان ڕەت دەکرێنەوە؟ لێرەدا دەمەوێ نموونەیەکی بەرجەستە بێنمەوە. لە بیست و سێیەمین فیستیڤاڵی گەلاوێژ ( وەک یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی ھەڵسەنگاندنی دەقەکان ئاماژەی پێداوە، لە کۆی شەست و ھەشت چیڕۆک، تەنھا شەشیان ھەڵبژێردراون، لە و شەشەش، سێیانییان خەڵاتەکانیان بردووە)* کە واتا دەکرێ بپرسین، بە پێی کام پێوەری ئەدەبی، لە کۆی شەست و ھەشت چیڕۆک، تەنھا شەشیان ھەڵبژێردران؟ ڕێی تێ دەچێت لە کۆی ئەو ھەموو چیڕۆکە، تەنھا شەشیان شایەنی بەشداریکردن لە فیستیڤاڵەکە بن؟ چۆن ئەوەندەیان دیاری کران و ھەڵبژێردرێن؟ کامانەن ئەو پێور و بنەمایانەی دەکرێنە پێوانە بۆ دیاریکردنی چەند دەقێکی کەم، لە نێوان دەیان دەقی ئەدەبیدا؟ گریمان ئەگەر لە کۆی ئەو شەست و ھەشت چیڕۆکە، بیستیان بەشداربوونایە، ڕەنگە کەس سەرنجێکی نەبووایە، بەڵام بە ھیچ پێوەرێکی ئەدەبی، فەرھەنگی و زمانەوانی، گونجاو و لۆژیکی نییە، لە وھەموو چیڕۆکە، تەنھا شەشیان دیاری بکرێن. بێگومان ئەمانە دەبنە پرسیار و جێگەی گومان بۆ ئەوانەی بابەتەکانییان ڕەت کراوەتەوە. دواجار دەڵێین فیستیڤاڵی گەلاوێژ، لە دوا ئاوزینگدانی خۆی دایە، بۆیە باشترین کارێک کە بنکەی گەلاوێژ بیکات ئەوەیە، ئەمە دوا فیستیڤاڵ بێت، چونکە مەحاڵە ئەو چاڵاکییە ڕۆشنبیرییە بەرچاوە، وەک سەردەمانێکی لێ بێتەوە، کە سەردەمی زێڕین و درەوشانەوەی خۆی بوو، بە تایبەتیش لە نەوەدەکان و دەسپێکی دووھەزارەکان.
ڕواندز _ ٢٠/ ئایاری /٢٠٢٢
سەرنجێکی پێویست:
. ڕەنگە خوێنەرانێک، وابیر بکەنەوە کە ئێمە بابەتمان ناردووەو ڕەت کراوەتەوە، بۆیە ڕەخنە دەگرین. سوپاس بۆ خوا، لە کاروانی ژیانی ڕۆشنبیریی خۆمدا، تا ئێستا بەشداری ھیچ چاڵاکییەکی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی فیستیڤاڵێکم نەکردووە. تەنانەت لە ڕواندز کە خۆم لەوێ دەژیم، کۆڕ و چاڵاکی ئەدەبی و ھونەری دەکرێت و بەشدار نابم. ساڵانێکە بڕوام بەوە ھێناوە، کە نووسەر و شاعیری بە توانا، تەنھا دەخوێنێتەوە و پێویستی بەوە نییە بەردەوام دەربکەوێت و ببێتە پاڵەوانی شاشە و لاپەڕەکان و چاڵاکییەکان. یان کەس خەڵاتی بکات. چونکە دەقی داھێنەرانە، خۆی خۆی دەسەپێنێت . نە بە خەڵات، نە بە ڕیکلام و فیستیڤاڵ، شاعیر و چیڕۆکنووسی داھێنەر دروست نابن. تەنێ خوێنەوە دەمانکاتە داھێنەر و جیاوازنووس!
* بڕوانە وتاری، بۆ ئەم چیڕۆکانە خەڵاتیان برد، نووسینی: حەمە مەنتک، ماڵپەڕی www.chirok.net بەشی لێکۆڵینەوە.