گروپی کۆراڵی کچانی سلێمانی پلەی یەکەمیان بەدەست هێنا.. گروپی کۆراڵی کچانی سلێمانی لە فیستیڤاڵی ساڵانەی ڤینای پیتەختی وڵاتی نەمسا، لە ریزبەندی کۆراڵەکاندا پلەی یەکەمیان بەدەست هێنا.
لەمبارەیەوە (دلشاد عوسمان) سەرپەرشتیاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەڕێوبردنی فیستیڤاڵی ساڵانی ڤیەنا لە لێدوانێکی دا بە رۆژنامەی “هەولێر”ـی راگەیاند : “دوای ئەوەی گروپی کۆراڵی کچانی سلێمانی وەک تاکە تیپی بەشداربوو لە فیستیڤاڵی ساڵانەی ڤینا، لەوڵاتی نەمسا کە بۆ ماوەی (5) رۆژ بەردەوام بوو چالاکییەکان، گروپی کۆاڵی کچانی سلێمانی پلەی یەکەمیان لەناو (5) گروپی کۆراڵی کچاندا بەدەست هێنا، کەئەوانیش بریتی بوون لە گروپەکانی کۆراڵی وڵاتانی (ئۆکرانیا، ئوستراڵیا، سین، پۆلۆنیا)، بەدەست هێنانی ئەو پلەیە، بووە جێگای سەرسورمانی زۆرێک لە پسپۆران و شارەزایانی بواری موزیک و گۆرانی لەو فیستیڤاڵەدا”.
هەروەها (دڵشاد) گوتیشی : “یەکێک لەو کەسانەی کە گۆرانی کۆتایی ئەو فیستیڤاڵە دەڵێت ساڵانە، کچە گۆرانیبێژ (کیژان ئیبراهیم خەیات) هەڵبژێردرا و گۆرانی کۆتایی لەگەڵ چەند گۆرانیبێژێکی دیکە پێش کەش کرد”.
سەرپەرشتیاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە فیستیڤاڵی نەمسا گوتیشی : “ئاستی گروپی کۆراڵی کچانی شاری سلێمانی ئەم ساڵ زۆر باش بوو، توانیان بە شێوازێکی باش و جیا لەگەڵ جارانی پێشووتر دەربکەون، دیارە ئەو خانمەی سەرپەرشتیان دەکات (کۆمیکۆ ئۆکامۆرا) زۆر باش راهێنانی بۆ ئەنجامدا بوون، توانیویەتی ئاستی ئەو گروپە بە شێوازێکی بەرچاو پێش بخات و نمایشی کار و چالاکیەکانیان بۆ ئامادەبووان جێگای سەرنج و دەست خۆشی بوو”.
فەیسەڵ شێخانی – نەمسا