مەسعودی مەلا ھەمزە : دوای تەواوبوونی سەرجەم کارەکانی و لەیەکەم نمایشی خۆیدا کورتەفیلمی “فۆکس” لە سیناریۆی عەدنان عوسمان و دەرھێنانی رێکان ئەحمەد لەبەشی پێشبڕکێی دووەم فێستیڤاڵی نابۆتوندوتیژی دژ بەمێینە بەشدارە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا رێکان ئەحمەدی دەرھێنەر گوتی”نوێترین کارم کورتەفیلمی فۆکسەو یەکەم بەشداری کردنی لەبەشی پێشبڕکێی سەرەکی دووەمین خولی فێستیڤاڵی نابۆتوندوتیژی دژ بەمێینەیە کە ئەم فێستیڤاڵە لە رۆژانی ٢٥ تا ٢٧/١٢/٢٠١١ لە ھۆڵی میدیای شاری ھەولێر سازدەکرێ”.
رێکان زیاتر دواو گوتی”پەیامی ئاشکرای ئێمە لەو کورتەفیلمەدا بریتییە لەوەی دەمانەوێ بڵێین عەسکەرتارییەت توندوتیژی بەرھەم دێنێ و ژیان و ئاسوودەیی لە گۆشەیەکی تەسک دەبینێ”.
شایانی باسە کورتەفیلمی “فۆکس” بیرۆکەو دەرھێنانی رێکان ئەحمەد سەیدەیەو سیناریۆی ھونەرمەند عەدنان عوسمانەو ھەریەک لە ھونەرمەندان “غازی غەفوور، چڵۆ شوانی، محەمەد شێروانی، نەسرین غەفار، لارا قادر” وەک ئەکتەر لە کارەکە بەشدارن و یوسف لەشکری وەک وێنەگرو سەرھەد قادر وەک کاری دەنگ و نیبڕازیش وەک رووناکی کاریان کردووەو مۆنتاژی کورتەفیلمەکەش لەلایەن ئەحمەدەوە ئەنجامدراوە.