رێبوار محمەد-پێنجوێن
سەردەمی فاتح عیزەدینء هاورێکانی سەردەمێکی پڕ خەمء مەینەتء خۆشاردنەوە بووە، فاتح سەردەمێک چرۆی شعرەکانی لەرێگەی رەمزی وشەوە ئاشنا بەگوێگرانی شیعر دەکرد، فاتح دەنگێکی بەهەڵپەیە بە وشەکانی نیشتمانی جوانتر دەکرد، ئەو سەردەمێک شیعری دەنووسی کەهەموو جوانیەکانی خۆی دەبەخشیە وشە تاکوو لەو رێگەیەوە ژانی گەلەکەیء ناخی خۆی بخاتە دوو توێی دیوانێکەوە لەژێر سێبەریدا پشوو بدات، ئێستا فاتح دوای چەندین ساڵ دوورکەوتنەوە لەزێدی باوباپیرانیەتى، ئەو گەڕاوەتەوە بۆ ئەوشارەی کەتێدا لەدایک بووە، شاری قانعء موفتی پێنجوێنی. زمانی بزربوو ناونیشانی دیوانی شاعیرە کەلەساڵی 1976/1991 نوسیویەتی کۆمەڵێک شعری ناوازەی لەخۆی گرتووە.
زنار: دەکرێت بزانین ئێوە سەر بەچ گروپێک بوون؟.
فاتح: ئێمە کۆمەڵێک گەنج بووین بەتایبەتی سەردەمی 70بۆ80کان زیاتر خۆمان خەریک کردبوو بەخوێندنەوەی دیوانی شاعیرەکان بەتایبەتی شاعیرانی وەکوو مەولەوی، نالی، مەحوی، سالم، کوردی، ء باقی دیوانی شاعیرەکانی تر ئەوکاتە زیاتر شیعری کلاسیک کاریگەری خۆی هەبوو دواتر شیعرەکانی شێخ نوری شێخ ساڵحء گۆران کەتوانیان رۆڵێکی بەرچاو
بیینن لەزیندوکردنەوەی باری رۆشنبیریء ئەدەبی کوردی، لەو رێگەیەوە زیاتر ئاشنای شیعری کوردی بووین.
زنار: کەواتە کاریگەری ئەوانتان زۆر بەسەرەوە بوو.
فاتح: کاتێک کەتۆ بتەوێت کارێک ئەنجام بدەیت هەر لەخۆیەوە نایەتە بەردەستت دەبێت سەرەتایەک لەو بەرهەمە بزانیت تاکوو خۆتی بۆ ئامادە دەکەیت ئەو سەردەمە هەرچەندە لێکۆڵینەوەو چیرۆکی باشیش دەنوسران بەڵام شیعر لەمپەرێکی زۆری لەنێوەندەکەدا تێپەڕاندبوو، بۆیە ئێمەش بۆ ئەوەی ئەو هەوڵء ماندووبونء هیلاکیەمان بەفیڕۆ نەڕوات زیاتر ئەو رێچکەیەمان گرتە بەر، خوێنەر زۆر عەوداڵی شیعر خوێندنەوە بوون یاخوود کاتێک بیانزانیایە کۆڕێکی شیعری هەیە ئەو شوێنە زۆر قەرەباڵغ دەبوو ئێمەش کەکۆڕمان دەگرت ئەو هۆڵە کەسی تری نەدەگرت خەڵکی زۆر عاشقی شیعر بوو حەزیشیان دەکرد شاعیرەکان زیاتر بناسن کەواتە ئەو سەردەمەی ئێمەی 70کان وەک راپەڕینێک وابوو بۆ هاندانی خەڵکی بۆ ئەوەی بەشداری کۆڕەکان بکەنء بزانن ئێمە چیان پێ دەبەخشین.
زنار: شیعرەکانتان زیاتر نیشتمانی بوون، یاخوود باسی لەخەمء مەینەتیء ئازارەکانی خۆتان دەکرد؟.
فاتح: ئەو کاتە کەمتر خەڵک دەیوێرا روو لەشیعری نیشتیمانی بکات چونکە رژێم چاودێری زۆربەی کۆڕەکانی دەکرد لەرێگەی پیاوکانی خۆیەوە ئێمە کاتێک شیعرمان دەخوێندەوە هەندێک جار وەکوو رەمز وشەکانمان بەکاردەهێنا تۆ وەرە سەیری شیعرەکانی ئەو سەردەمە بکە بزانە چی تامەزرۆیەکی تێدایە من زۆربەی شیعرەکانم بۆنی خاکء نیشتمانی لێدێت بەڵام نەموێراوە بەئاشکرا دەرییبڕم بەڵکوو لەرێگەی چەند وشەیەکەوە ئاماژەم پێدەدا شاعیرەکانی تریش هەروا بوون.
زنار: خوێندنەوە کاریگەریەکی زۆری هەیە لەسەر پێگەیشتنى شاعیر ئەو کاتە ئێوە بەدوای چ سەرچاوەیەکدا دەگەڕان؟.
فاتح: لەهەر سەردەمێکدا کتێب هاوڕێیەکی گرنگی ژیانی مرۆڤە ئەو دەتوانێت ئاسودەیت پێبەخشێ هەستء هۆشت فراوان بکاتء رێگەیەکی راستت بۆدەستنیشان دەکات کەتۆ بەچ ئاقارێکدا بەرێت. سەردەمی ئێمە هەرچی گۆڤارو رۆژنامەیەک کتێبێک بەعەرەبیء کوردی دەربچووایە دەمانکڕیء دەمانخوێندنەوە، زۆربەی کات خۆمان خەریکی گفتوگۆ لێکۆڵنەوە بوون هیچ کاتێک دانەنیشتوین کاتەکانی خۆمان بەشتی لابەلاوە بەفیڕۆ بدەین.
زنار: زۆربەی شاعیرەکان کاریگەری شاعیرانی پێش خۆیان بەسەرەوە بووە ئێوە کاریگەری چ شاعیرێکتان بەسەرەوەیە؟.
فاتح: کاتێک کەشیعرێکمان دەنوسی پێش ئەوە زۆر خۆمان ماندوو دەکرد بەخوێندنەوە کاتێک کەهاوڕێکانمان یەکتریمان دەدیت کۆدەبووینەوە زیاتر باسی خوێندنەوەو نوسینمان دەکرد بەتایبەتی شاعیرە ناسراوەکانی نێو جیهانی عەرەبی، نووسینی شیعرەکانیش زیاتر کاریگەری شاعیرانی عەرەبی پێوەبوو چونکە زۆربەمان عەرەبیمان دەخوێندنەوەو فێری زمانەکە ببوین شاعیرانی عەرەبی ئەوکاتە بەتایبەتی (مەحمود دەروێش، محەمەد ماغوت، نزار قەبانی) ئەمانە شاعیرە باشەکانی نەتەوەی عەرەب بوون بەهۆی وەرگێڕانیان بۆ زمانی کوردی کاریگەری لەسەرمان دانابوو.
زنار: کەوتە جیاوازی رابردوو ئێستا دیارە؟.
فاتح: وەکوو وتم لەسەرەتاوە ئێمە زمانی عەرەبیء هەندێکمان فارسیشمان دەزانی چونکە لەقوتابخانە زیاتر بەعەرەبی دەمانخوێند، بەداخەوە بۆئەم سەردەمەی ئێستا زۆربەی زۆری ئەوانەی شیعر دەنوسن زۆربەیان ناخوێننەوەو ئاگایان لەرەوتی گەشەکردنی وڵاتان نیە بگرە زۆربەشیان زمان نازانن کەئەمە بەبۆچوونی من کارەساتە، هەرچەندە لەم نێوەندەدا گەلێک شاعیری باش دەرکەوتون بەڵام ئەو سەردەمەی ئێمە زیاتر راکردنء چەوساندنەوەء ترسء لەرز بووە نەمانتوانیووە بەکامی دڵی خۆمان شیعر بڵێین ئەو نەوەیەش ئەو کاتە شیعری جوانیان پێشکەش بەگەلەکەمان دەکرد تاکوو ئێستاش دەنگء رەنگیان ماوە، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی ئێستا رابردووی پێش خۆی نازانێت کەمتر ئاگاداری شیعرو ناسینی شاعیرانی پێش خۆیانن زیاتر هەڵپەی بڵاوکردنەوە دەکەن. بۆیە زەمەنەکە تێکچووە کەس خۆی بەبەرپرس نازانێت کەچی دەوترێتء چی ناوترێت.
زنار: فاتح خۆى بەچ شاعیرێک سەرسام بوو؟.
فاتح: من وەکوو خۆم کەزمانی عەرەبی و فارسی دەزانم زیاتر رووم لە خوێندنەوەی شیعرە فارسیەکان دەکرد بەتایبەتی(فەروخی فەروخ زاد، سوهراپی سوهپەری، شاملۆ) ئەم شاعیرانە زۆر بەناوبانگ بوون شیعرەکانیان دەستاو دەستی دەکرد هەروەها لەشاعیرانی کوردیش شیعرەکانی (نالی، سالم، کوردی)م لەسەر بووە، دواتر کەبانگەوازی روانگە هاتە بوون ئیتر
وازم لەو رێچکەی پێشوو هێناو رووم لەشیعری ئازاد کردو پەیوەست نەبووم بەوەزنء قافیەوە.
زنار: کەمال مەمەند لەساڵی 1978 دا لەپێشەکی دیوانەکەتدانوسیویەتى “دەبێت بەچاوی گەشبینەیەوە تەماشای فاتح بکەین” ئەم گەشبینیە هەر ماوە؟.
فاتح: ئەو سەردەمە کەمال مەمەند بەهۆی خۆ خەریکردنی زیاتر بەشیعرەوە دەنگء رەنگی تایبەتی خۆی هەبوو شاعیرەکان شعرەکانیان دەخوێندەوە ئێمە لەرێگەی شیعرەوە ئەومان ناسی وەک سەرەتایەکیش ئەو پێشەکیەکەی بۆ نوسیم کەدەڵێت”شیعرەکانی فاتح عیزەدین ئاشنای هەوەڵین هەنگاوە شیعریەکانی ئەوم دەزانم زەمینەیەک بۆ ئەوهەنگاوانە شک دەبا، خەمی هەیە، خۆشەویستی هەیە، بیری هەیە، شیعرەکانی بێگەردی تێدایە، زۆر لەدیمەنە شیعرەکانی فاتح رازو نیاز، نازەنینء چاو، خەم شەو، تاریکی زەردە خەنەو بیایانی لەخۆی گرتوە”.
زنار: تۆ یەکەم شعرت لەساڵی 1976 و دواتر تاکوو ساڵی 1991 بەردەوام بوویت کەچى خاوەنی یەک دیوانی تاقانەیت، بۆ؟.
فاتح: ئەم قسەیە زۆر راستەو زۆر کات لەلایەن هاوڕێکانی ئەو سەردەمەوە رووبەرووم کراوەتەوە، شیعر نووسن ئەوەندە ئاسان نیە دەبێت بزانیت چی دەنوسیت، شیعر زادەی خولیاو خەمء مەینەتی مرۆڤە، تۆ کاتێک شیعر دەنوسیت کەئەم شتانە چەکەرەی کردبێتء رەنگی دابێتەوە لەناختدا، من ئەوکاتە بەهەموو قەناعەتی خۆمەوە شیعرم نوسیوە ئەو سەردەمە نەدەکرا زۆر شیعر بنوسیت ئەوەتا هاوڕێکانم بەتایبەتی (محەمەد عومەر عوسمان، سەلاح محەمەدی کۆچ کردوو، عەباس عەبدوڵڵا یوسف، مەریوانی) خاوەنی یەک نامیلکەی شیعری بوون بەو شیعرانە ناسرابوون ئێمە دەبوایە چەندەها دیوانی شاعیرانء ناسینی زۆربەی رۆشنبیرو ئەدیبە گەورەکانی جیهانت بناسیایە کاتێک رووبەرووی گفتوگۆ رەخنەی یەکتری دەبووینەوە بەسنگێکی فراوانەوە وەرماندەگرت کاتێکیش شیعرێکمان بڵاودەکردەوە دەست خۆشیمان لەیەکتری دەکرد. جاران خەڵک بەعەشقەوە لە شیعری دەڕوانی وەکوو ئێستا نیە شاعیر ئەوەندە زۆربووە کەس نایان ناسێت بۆمنیش ئەو دیوانە شیعریە بەسە کەبەسەردەمی زێرینی خۆمی دادەنێم.
زنار: شیعر چی لابەجێََ هێشتویت؟
فاتح: شیعر نووسین لەو کاتەدا ئەوەندە خەمی ئێمە بوو تاکوو نیشتمانی بەجوانی تێدا ببینین زەمەنێکی ئەوەندە پڕ ترسء لەرز بوو کەم کەس خۆی لەقەرەی دەدا، ئێمە هۆگری شیعر بووین فێربووین کەچۆن بنوسینء چ خزمەتێک بکەین بۆیە شیعر جوانیء ئەدەبء رۆحء خۆشەویستی ئەم گەلەی لەناخمدا دروست کرد کە هەمیشە حەزدەکەم دووربێت لەهەموو چەوساندنەوەو غەدر لێکردنێک.