غەریبم بەماڵی خۆم
غەریبم بە گەڕەک
نامۆ بەشار
ئەودارانەی گەڵاکانیان
ماچی سڵاویان لێئەکردم
من ناناسن
ئەو شەقامەی بەهێمنی
بەسەریا ئەڕۆیشتم
بۆی ئازاری جەستەی نەگات
ئێستا من ناناسێتەوە و
ئازاری یادگاریم ئەدات
غەریبم من
باخی گشتی خاڵی من بوو
ئەزمەڕ باوکم
گۆیژە مامم
دەباشان هەناسەم بوو
کەچی ئێستا
سەردانی هەموویان ئەکەم
وەکغەریبێک ئەڵێن فەرموو
غەریبم من
ئەو کچانەی جاران
دڵ و چاویان ڕوناک ئەکردمەوە
ئێستا کەئەم بینن
چرای هەیوان و ڕوناکی بینینیان دائەخەن
غەریبم من
گڵۆپەکانی سەرشەقام
دارەکانی باخی گشتی
پێکەنینی دەباشان و
لافیتەی بەر مزگەوتەکان
ئاسکەکانی کانی ئاسکان
کچەکانی ڕێگەی مەکتەب
هەر هەموویان هاورێی من بوون
کەچی سڵاویان لێ ئەکەم
بەلالوتەوە ئەڵێن سەر چاو
غەریبم من
ئاخر چیبکەم سلێمانی
من لەپەنجە توتەتەوە هەتا تاڵەمووی سەرت
هەرهەموویانم ماچ کردووە
کەچی ئێستا
نەماچێک و نەسڵاوێکم لێ ئەکەی
غەریبم من
لەشارێکدا کەفێری وەفا بووم تیایدا
بێوەفایی سەرکردەیە
لەشارێکدا کە فێری خۆشەویستی بووم
دابڕان تیایدا باڵادەستە
من وەک ئەو مناڵەی ئەنفال وام
کە سەگی ڕەش بەدوایدا ڕائەکاو
کەسیش هەواڵی ناپرسێ
غەربم من
ڕێباز عوسمان عزیز
سلێمانی ، ستٶکهٶڵم
2011