هەولێر، مەسعودى مەلا هەمزە : دواى رەزامەندى وەرگرتن لە هونەرمەندى ناسراو “سابیر کوردستانى” ئەحمەد کاوانى هونەرمەند خەریکى تۆمارکردنى بەرهەمێکى هونەرمەند سابیر کوردستانییە.
گۆرانی “من غەریبم” کە یەکێکە لە بەرهەمە هەرە دیارەکانى سابیر کوردستانى، دواى پرس و راکردن بە هونەرمەندو وەرگرتنى رەزامەندى لە خودى هونەرمەند ئێستا ئەحمەد کاوانى خەریکى کارکردنە لەو بەرهەمە.
هونەرمەندى لاو ئەحمەد کاوانى لە لێدوانێکی تایبەتدا گوتى: “هەر لە منداڵییەوە یەکێک لەو گۆرانییانەى بەردەوام حەزمدەکرد گوێبیستى بم گۆرانى “من غەریبم”ى گەورە هونەرمەند سابیر کوردستانییە، بۆیە زۆرم حەزدەکرد ئەو گۆرانییە نوێ بکەمەوە، بۆیە دواى ئەوەى پرسم بە هونەرمەند کرد رەزامەندى لەسەر کارەکەداو لە ئێستادا خەریکى تۆمارکردنى بەرهەمەکەم”.
کاوانى گوتیشی: هیوادارم بتوانم خزمەتێکى باشی ئەو بەرهەمە بکەم و بەشێوازێکى زۆر جوانى مۆدێرن و بە ستایلێکى نوێوە ئەو گۆرانییە بڵێمەوە، هەروەک پێموایە ئەو گۆرانییە پێشوازییەکى باشی لێدەکرێ”.
شایانى باسە نۆبەرەى بەرهەمەکانى ئەحمەد کاوانى گۆرانى “چۆن نەسووتێم” بوو لە هۆنراوەى سەرکەوت رەسول و ئاوازى هونەرمەند خۆی.