توانا تەھا-سۆران: مرۆڤ گەیشتۆتە ئەو بڕوایەء سەردەمەکەش ئەوەی گەرەکە، کە وانەی ئینتەرنێت بخرێتە نێو پڕۆگرامەکانی خوێندن، بۆیەش کوردستانی خۆمان لەمە بێ بەش نییە،
بەڵام لای ئێمە جیاوازە ئەو بوارە وای لێنەھاتووە ببێتە ئامرازێکی پەروەردەیی گرنگء مرۆڤەکان فێری بەکارھێنانی بن، من ئەمە ئەگەڕێنمەوە بۆ کەمتەرخەمی دەسەڵاتدارانی کورد، وەزارەتی پەروەردە، بەڕێوەبەرانی پەروەردەء خودی مامۆستایانی بەشی کۆمپیوتەر. چونکە پێم وایە ناگونجێت مامۆستایەک خۆی بە وانەیەک سەرقاڵ بکات، پراکتیکی نەبێت لەنێو پۆلەکانی خوێندن. ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت ئێمە لەبەردەم پێشوازی نەوەیەکداین کە ناتوانێت لەگەڵ ئامێرەکانی سەردەمدا ھەڵ بکات، چونکە ئینتەرنێت بە پلەی یەکەم توانای بیرکردنەوەی عەقڵیء یارمەتییەکانی ئەم ئامێرە پێشکەوتووە تازەیە بۆ مرۆڤ، ئەو یارمەتیە کە لەم قۆناغەدا مرۆڤ بە تەکنیکی دەبەخشێت، شێوازەکانی بیرکردنەوەء لێکدانەوەو دۆزینەوەی پەیوەندییە نەک ھێزء توانای مرۆڤ. مرۆڤ لێرەدا کارە عەقڵییەکانی خۆی بەو ئامێرانە دەبەخشێت، کە بە ئاسانی دەتوانن ئەم توانایانە بەرجەستە بکەنء لە زۆر رووەوە وردترو خێراترء بەرفراوانتر بەکاری بھێنن، ئینتەرنێت پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان مرۆڤ و ئامێردا دروست دەکات، جیاواز لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ ء ئامێرەکانی دیکە، کەچی نەوەی ئێمە لەوەشیان بێ بەشە.
لە بەردەم ئینتەرنێتدا مرۆڤ لە بەردەم بوونێکدایە کە بیر دەکاتەوەء حیساباتی وردو زەحمەت دەکات، نەک لە بەردەم ئامێرێکدا کە تەنھا ھەڵگری تونایەکی کەم بێت، لە رووی تونای پەیوەندی کردنەوە، قۆناغی ئینتەرنێت سڕینەوەی سنوورەکانء تێکەڵبوونی جوگرافیاو زەمەنە جیاوازەکانە بەیەکدی، لە دوای ئینتەرنێت ناتوانین قسە لە سنوورێکی نەتەوەییء ناوچەیی بکەین، کە توناکانی تەکنیکی نوێ نەتوانێت بیانبەزێنێت، بۆیە ئینتەرنێت سنووری نیشتمانە جیاوازەکان ناناسێتء لە کوێدا ھێڵی پەیوەندی ئەلیکترۆنی ھەبێت ئەو لەوێدا ئامادەیە، بەبێ ئەوەی جیاوازی بکات لە نێوان رەگەزەکانء بیرو بۆچوونەکان، ھەر بۆیە لەم قۆناغەدا جارێکی دیکە دونیا دەبێتەوە بەگوند، بەڵام گوندێک شوێنی ھەموو مرۆڤایەتی تێدا دەبێتەوە، گوندێکی ئاگادار لە گشت پێکھاتء گۆڕانکارییەکان، بەڵام ھەر کاتێک ئەم پەیوەندییە لە چرکە ساتێکدا پچڕا، ئیدی شتەکان پێچەوانە دەبنەوەو ئەم جیاوازییە سەرھەڵدەداتەوە، لەم قۆناغەدا توناکانی مرۆڤ لە پەیوەندی کردندا دەبێتە تونایەکی خەیاڵی، جیھان دەبێتە کۆمەڵێک زانیاریء دەخزێتە ناو ژووری خەوتنەکانمان. قۆناغی ئینتەرنێت یەکێکە لە قۆناغە ھاوبەشء بەرچاوەکان کە جارێکی دیکە ژیانی تەکنەلۆژیای زیندوو کردەوە، کە ھیچ کاتێک جیاوازی ناکات لە نێوان بەکارھێنەرێکی ھەژارو بەکارھێنەرێکی سەرمایەدار، ھەر بۆیەشە لەم سەردەمە کە سەردەمی ئینتەرنێتە، زۆر ئەستەمە بتوانرێت نھێنیەکان بشاردرێنەوە.
ئەوەی لێرەدا مەبەستی منە بەکورتی باسی لێوە بکەم، نائامادەیی ئینتەرنێتە لەنێو پرۆسەی پەروەردەی کوردیدا، لەمە ناخۆشتر ئەوەیە کە لە سیستەمەکەدا بوونی ھەیە، کەچی ئینتەرنێت لە پۆلەکانی خوێندن نائامادەیە، بەداخەوە دەڵێم قوتابخانەء فێرگەء زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان لێو بەبارء پەرێشانن، زۆر کەسی دیکەش ئەمە دەزانێت، بەڵام کێ ئەو رەوشە چەوتە راست دەکاتەوەء کێ پەروەردە لەم تەنگژەیە رزگار دەکات؟ چارەسەرکردنی دەردەکە گرانترە لەو بارەدا، چونکە دەردەکە دەستنیشان کراوە، بۆ دەبێت بەکارھێنانی ئینتەرنێت لە قوتابخانەء زانکۆکانمان نەبێت؟ بۆ دەسەڵاتداری کورد فریای ئەوە دەکەوێت لەسەر ھەردوو وشەی خوێندکارو قوتابی چەندین تۆماری قوتابخانە رەت بکرێنەوە، لەبەرئەوەی ئەم دووانەی تێدا نەبووە، بەڵام فریای ئەوە نەکەوێت ژووری تایبەت بە کۆمپیوتەرو ئینتەرنێت بکاتەوە؟! ئیدی ئەمە چ بیرکردنەوەیەکی نەخۆشە؟ چ ھزرێکی دەردە دڵە کە نەوەی ئێمە پەروەردە دەکات، کە ھەرچەندە زانکۆش تەواو بکات، بەڵام ناتوانێت ئینتەرنێت بەکار بخات.