راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی
عەممار کوفی ئەو کوڕە کوردەیە، کە لە کوردستانەوە بەشداری لەپڕۆگرامی (عەرەب ئایدۆڵ) کردووە، لەکەناڵی mbc لە لوبنان، بەھۆی سەرکەوتنی بۆ قۆناغەکانی زێڕین دەنگدانەوەیەکی زۆری لەنێو خەڵکی کوردستاندا ھەبووە، بەجۆرێک شەوانی شەممە خەڵکێکی زۆر لەبەر عەممار بینەری ئەو بەرنامەیە دەبن.
عەممار کوفی، بەئەسڵ خەڵکی زاخۆییە و لەموسڵ گەورە بووە، بەو ھۆیەوە عەرەبییەکی باش قسە دەکات، ئەوەش وایکردووە کەمتر وشەی کوردی لەنێو پرۆگرامەکە و دادوەرانی (عەرەب ئایدۆڵ) بەکاربێت، کە لەوەرزی رابردوودا بەھۆی نەزانینی زمانی عەرەبی لەلایەن پەرواز حوسێنەوە، دادوەرانی عەرەب ئایدۆڵ بەتایبەت، راغب عەلامە و نانسی عەجرەم، خۆیان فێری چەند وشەیەکی کوردی کردبوو.
پێشتر نەزانراو بوو کە عەممار کوفی لەلایەن ھەڵکەوت زاھیر خۆی فێری گۆرانیگوتن کردووە و ئەوەش چوار ساڵی خایاندووە، ھەرچەندە ھەڵکەوت زاھیر زۆر سەرسام بووە بەعەممار، بەڵام پرسیارێکی گرنگ ئەوەیە چۆن تائێستا ھەڵکەوت گۆرانی بۆ دروست نەکردووە و وەکو گۆرانیبێژێک نەیخستۆتە بازاڕەوە؟ لەکاتێک نزیک بووە لەحەز و خولیای ھەڵکەوت زاھیر، لەوبارەیەوە ھەڵکەوت زاھیر بۆ (سڤیل) دەڵێت “بێگومان عەممار توانایەکی زۆر باشی ھەیە، ھەم لەدەنگ ھەمیش لەھەڵبژاردنی گۆرانیدا، چوار ساڵە قوتابی منە و من فێری گۆرانیگوتنم کردووە، خۆی حەزیکرد بچێتە ئەو بەرنامەیە و منیش پشتگیریم لێکرد و ئێستاش دەبینم توانایەکی زۆر باشی ھەیە و بەھێزێکی زۆرەوە لەگەڵ رکابەرەکانی لەپێشبڕکێ دایە”.
ئێستا ناونیشانی “کازم ساھیر”ـی عەرەب ئایدۆڵ بەخشراوە بەعەممار، بەڵام ھەڵکەوت زاھیر دژی ئەو ناونیشانەیە و دەڵێ “من دژی ئەوەم پێی بگوترێ کازم ساھیری کوردی، چونکە ھونەرمەند دەبێت ناسنامە و کارەکتەری خۆی ھەبێ و نابێت لەکەس بچێت، من پێشتریش چەند جارێک ئامۆژگاری عەممارم کردووە، کە بەم ئەدایەی کازم ساھیر گۆرانی نەڵێت و دووربکەوێتە لەم ئەدایە و نەھێڵێت کازم ساھیر ئەوەندە کاریگەری لەسەری دروست بکات، بەجۆرێک نەتوانێت ناسنامەی خۆی دروست بکات”.
موسیقار ھەڵبەست سەڵاح پێشبینی دوارۆژێکی گەورە و باش بۆ عەممار دەکات و دەڵێت “من پێموایە عەممار دەتوانێت زۆر سەرکەوتووبێت، ئەوەش سەرەتاکانی توانای ئەوە و پێشبینی کاری جوان و گەورەی بۆ دەکەم و ھیوادارم بەئاستێکی زۆرباش بگەڕێتەوە کوردستان و دەست بەکاربکات و نەوەستێت، ئێمەش پشتگیری لێدەکەین”.
بەپێی زانیارییەکانی (سڤیل) عەممار لەموسڵ خولیای گۆرانیگوتنی لا دروست بووە، بەتایبەت کاتێک نەیتوانی بەخۆشەویستەکەی بگات. کەسێکی نزیک لەعەممار بۆ (سڤیل) گوتی “ماوەیەک کچێکی عەرەبی خۆشدەویست لەموسڵ، بەڵام بەخۆشەویستەکەی نەگەیشت و تەنیا بووە یادگاری، بۆیە خولیای بۆ گۆرانیگوتن دروست بوو”.
ھەر بەپێی زانیارییەکانی (سڤیل) پێشتر ھەڵکەوت زاھیر بەنیاز بووە ئەلبوومێکی قورئان بڵاوبکاتەوە، بەدەنگی عەممار کوفی، کە پێشتر چەند جارێک ھەڵکەوت زاھیر ئەوەی بۆ راگەیاندنەکان ئاشکرا کردووە، کە ئاوازی بۆ قورئان داناوە، بەڵام دیارنییە ئایا ئێستا ئەلبوومەکە بەدەنگی عەممار یاخود میرە تۆمار کراوە، یانیش ھەردووکیان.
ساڵی پار لەلایەن حکومەت و رێکخراوەکانەوە پاڵپشتییەکی زۆر لەپەرواز حوسێن کرا لەپرۆگرامی عەرەب ئایدۆڵ بەناردنی نامە و رۆیشتنی وەفدی کوردستان بۆ پرۆگرامەکە، ھەروەک جێگری سەرۆکی حکومەت عیماد ئەحمەد و ھاوسەرەکەیشی لەیەکێک لەبەرنامەکان ئامادە بوون. ھەروەھا لقی ھەولێری سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان، بەڵام ئەمساڵ ھیچ لایەنێک پاڵپشتی خۆیان بۆ عەممار نیشان نەداوە، تەنانەت لەشەقامەکان و شوێنی رێکلام ھیچ وێنەیەکی عەممار کوفی نابینرێت و کۆڕەک تیلیکۆم و ئاسیاسێڵ تائێستا بێدەنگن.
نیاز نوری، نەقیبی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان بۆ (سڤیل) رایگەیاند “لەئەساسدا ئەوە ئەرکی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان نیە ھاوکاری ئەو بەھرەمەندانە بکەین، کە بەشداری پڕۆگرامی عەرەب ئایدۆڵ دەکەن، کاری ئێمە بەرگریکردنە لەکارە ھونەریی و پیشەییەکانی ھونەرمەندان، ھەروەھا زەمینە خۆشکردن بۆیان. پێش عەرەب ئایدۆڵیش کورد لەپرۆگرامی دیکە لەوڵاتی ئەڵمانیا و سوید و نەرویج بەشداریان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەڵام پێمان خۆشە ناوی کورد و کودستان دێتە کایەوە”. گوتیشی “بەڵام مەسەلەی پەرواز حوسێن حاڵەتێکی ئیستسنائی بوو، ھەروەھا بارودۆخی سیاسی ئەمساڵ لەگەڵ پار زۆر جیاوازە. پەروازیش خەڵکی ھەولێرە بۆیە لقی ھەولێری سەندیکای ھونەرمەندان حەزیان کرد بچنە بەرنامەکە، ئێستاش ئەگەر لقی دھۆک حەزیان کرد بچن سەردانی بکەن و پاڵپشتی لێبکەن ئازادن”.
نیاز نوری پێی وایە ئەگەر عەممار یەکەمی بەرناکەمەش بێت ھیچ سوودێکی بۆ ھونەری کورد نییە و نموونە بە دارین دێنێتەوە و دەڵێت “ئەوکات دەبێتە ئایدۆڵی عەرەبەکان خۆ نابێتە ئایدۆڵی کورد، بۆ نموونە دارین کە لەبەرنامەیەکی بەناوبانگی سوید دووەم بوو، نەبووە ئایدۆڵی کورد، ئێستا بۆتە ئایدۆڵێکی سویدیەکان و بەسویدی گۆرانی دەڵێت و نازانێت ھونەری کوردی چییە”. ئەو پێشنیاریشی بۆ عەممار ھەیە و دەڵێت “وەکو بۆچوونی خۆم لام گرنک نییە عەمار ببێتە ئایدۆڵی عەرەب، لای من گرنگە ببێتە گۆرانیبێژ و دەنگێکی دیکەی ناو گۆرانی کوردی، توانای و ئەدای باشە و تۆنی دەنگی پاکە، لەوانەیە شارەزا بێت لەمەقامات و گۆرانی، بەڵام لەکۆتایدا ئەگەر ببێتە ئایدۆڵی عەرەبی، بۆ ئێمە ھیچ زی