ئامادەکردنی: مامەیارە ئەحمەد : لە ساڵی 1981ـەوە، 24ـی یۆلیۆ (تەممووز)ـی هەموو ساڵێک، یادی کۆچی دوایی مەقامزانی ناوڕۆییشتووی کورد (عەلی مەردان)ـە، بۆ زانینی وردەکارییەکانی ژیانی هونەری و کۆمەڵایەتیی مەردان، وام لێک دایەوە کە باشترین کەس بۆ وەرگرتنی زانیاری لێی لە بارەی مامۆستا عەلی مەردانەوە، مامۆستا عەبدولقادری کوڕیەتی، چونکە ئەو جگە لەوەی کوڕیەتی، هاوکات بەردەوام لەگەڵیدا بووە، بۆیە بەڵێنێکم لێ وەگرت و لە شوێنی کاریدا دیدارمان ساز دا و ئەو زانیارییانەی دەمویست، هەموویم لە مامۆستا عەبدولقادری کوڕی دەستکەوت، دڵۆپ دڵۆپ زانیارییەکانم نووسییەوە و ئەم کانیاوەی ژیانی مامۆستای پێک هێنا.
مامۆستا (عەلی عەبدولقادر – مەردان*) لە ساڵی 1904 لە گەڕەکی بەرتەکیەی کەرکووک لە دایک بووە، باوکی عەلی مەردان خەڵکی گوندی (کانی سارد)ـی سنووری شارباژێر بووە و لە شێخەکانی بەرزنجە بووە، کە لە نێوان ئەو سنوورە و کەرکووکدا کاروانچیەتیی کردووە. دایکیشی خەڵکی گوندی ئیبراهیم غولام بووە و لە هۆزی زەنگەنە بووە. عەلی مەردان تەمەنی 6 ساڵان بووە کاتێک باوکی مردووە. باوکی عەلی مەردان خاوەنی موڵکێکی زۆر بووە و عەلی مەردان تەنیا خوشکێکی هەبووە، ئیتر خاڵی (کە نێوی عارف بووە) مامەڵە بەو موڵکەوە دەکات و بەخێوکردنی ئەوانیش دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام دواتر کە باسی دەکەین عەلی مەردان لە خۆی زوویر دەکات.
عەلی مەردان لە مزگەوتی (بەرتەکیە) فێری تەجویدی قورئانخوێندن بووە، کە بەشێکە لە مەقام، دوای کۆچی باوکیشی، خاڵی دەیانباتە ناحیەی لەیلان (20 کیلۆمەتر (باکووری خۆرهەڵاتی کەرکووک) و لەوێ دەمێننەوە. خاڵی خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەبێت، لەو کاتەیشدا ستەمێکی زۆری لە عەلی مەردان کردووە، چونکە لەو تەمەنە بچووکەدا کە هەر هەشت ساڵێک بووە، شەوان لە چۆڵەوانی تا بە یانەی ئەوی لە لای خەرمان بە جێ دەهێشت، ئەویش بە هۆی ئەوەی تەنیا بووە، شەوانە بە دەنگی بەرز لە لای خەرمان مەقامی ئەڵڵاوەیسی چڕیوە، لە یەکێک لەو شەوانەدا، شێخی لەیلان کە نێوی (شێخ حەسیب تاڵەبانی) بووە، دەچێتە دەرەوە و گوێی لێ دەبێت کە کەسێک بەو دەنگە بەرز و خۆشە مەقام دەبێژَێت، بۆیە دواتر دەپرسێت ئەو کەسە کێیە؟ ئەوانیش پێی دەڵێت عەلی مەردانە و تەمەنی تەنیا 8 ساڵانە، لەوە بە دوا هەموو ئێواران ئەو دەباتە دیوەخانی خۆی و مەقامی پێ دەچڕێ، هەروەها (بەهرام خدر چاوش**)ـیش تەمبوورەی لێ داوە.
لە تەمەنی 16 تا 18 ساڵاندا، بە هۆی خۆشویستنی کچێکەوە، نێوانی لەگەڵ خاڵۆیدا نامێنێت و لەیلان جێ دەهێڵێت بەرەو گوندی (حەفتەغار – لە نێوان دووز و داقووق) کۆچ دەکات و لەوێ لە لای ناسیاوێکیان دەمێنێتەوە و لە وێستگەی شەمەندەفەر دەستی داوەتە کریکاری، پاشان کە ئەو خزمەیان دەکوژرێت، ئەویش چاوی بەرایی نادات لەوێ بمێنێتەوە، بۆیە سەری خۆی بۆ بەغدا هەڵدەگرێت و لەوێ دەچێتە ماڵی دۆستێکیان و شەوانە لەوێ خەوتووە، پاشتر ئەو ماڵە جێ دەهێڵێت و شەوانە لە نێوان ئاسنەڕێی شەمەندەفەردا کڵاشەکانی خستووەتە ژێر سەری و خەتووە، لەو کاتەیشدا بە ڕۆژ (قوڕکاری)ـی کردووە.
عەلی مەردان لە ساڵانی بیستەکان، یەکەم مەقامی خۆی (ئای ئای) بە شێوەزاری باجەلانی تۆمار کردووە. دواتر چەند مەقام و بەستەیەکی دیکەی تۆمار کرد و گەڕاوەتەوە لەیلان.
دوای ئەوە، کۆمپانیای (بەیزافۆن) کە دەزانن مەقامەکانی عەلی مەردان خواستی گوێگرتنی زۆری لەسەر بووە، ناردوویانە بە شوێنیدا و بردوویانەتەوە بەغدا و لەوێ چوار قۆریاتی بۆ تۆمار دەکەن، کە لە یەکێکیاندا هێمای بۆ خۆشەویستەکەی و شارۆچکەی لەیلان کردووە.
لە ساڵی 1932ـدا چووەتە قاهیرە و لەوێ بە زمانی کوردی مەقامی چڕیوە.
هەروەها هەر لە 1932ـدا کاتێک ڕادیۆی عێراق لە لایەن شا غازییەوە دادەنرێت، ئەو لەوێ دەستبەکار دەبێت و هەفتەی ڕۆژێک بۆ ماوەی کاتژمێر و نیوێک، مەقام و بەستەی چڕیوە.
لە 1937ـدا لەگەڵ خاتوو (زەینەب محەممەد)ـدا ژیانی هاوسەری پێک هێناوە.
لە 1939ـدا کە بەشی کوردیی ئەو ئێزگەیە کراوەتەوە، عەلی مەردان و کامیل کاکەمین ئەو ئێزگەیە بە ڕێوە دەبەن، کە ئەوەی مەردان لایەنی هونەری و میووزکی رێک خستووە، کامیلیش بێژە و پێشکەشکار بووە.
ئەو مەقامزانە ناوناسراوەی کورد، لە 1949ـدا بووەتە مامۆستای پەیمانگەی نابینایان و وانەی (سۆڵڤێج)ـی بە قوتابیان وتوونەتەوە.
لە 1958ـدا لە کاتی شەڕی جولەکە و فەلەستیندا، چووەتە ئەوێ و گۆرانی بۆ سەربازە کوردەکان وتووە.
لەوە بەدوا لە چەند ئێزگەیەکی بەناووبانگی وڵاتانی عەرەبیدا گۆرانیی کوردی وتووە، لەوانە ڕادیۆی شەرقولئەدەن، بەیرووت و شام و چەندانی دیکە. کە چووەتە دەرەوە عەلی سیدۆ و میقداد بەدرخانی ناسیوە و لەوێ لە ماڵی میقداد بەدرخان ماوەتەوە ماوەیەک خزمەتیان کردووە.
لە سەرەتای شەستەکاندا دەچێتە کرماشان و تاران و لەوێ چەند ئاهەنگێک ساز دەکات، کە لەوێدا شای ئێران و وەزارەتی ڕاگەیاندن، خەڵاتی (جامی زیوین و کاتژمێری زێڕین)ـی پێ دەدەن.
لە کرماشان بووەتە میوانی هونەرمەندی دەنگدەگمەن (حەسەن زیرەک) و ماوەیەک لەوێ وەک میوان ماوەتەوە.
لە کاتی گەڕانەوەیدا کە لە باکووری کوردستانی گەورەوە بە نێو خاکی تورکیادا گەڕاوەتەوە، لە ڕێگەدا شۆفێرێکی تورک مەڕدارێکی کورد لە نزیک شەقامێکی گوندی (میش)ـی سەر بە وان دەبینێت و جنێو بە ئەو شوانە و نەتەوەی کورد دەدات، مامۆستایش ئەوە قبووڵ ناکات و لێی هەڵدەگەڕێتەوە. ئیدی لە بازگەیەکی نزیک ئەو سنوورە، تورکەکە تۆمەتی ئەوەی دەداتە پاڵ کە جنێوی بە سەرکردەیەکی پێشووی تورک داوە و مامۆستا دەگرن و هەرچی پارە و کەرەستە هەیە لێی دەستێنن، دواتر و پاش 10 ڕۆژ بەندکردن ئازادی دەکەن.
ئینجا چووەتەوە بەغدا و لەسەر پیشەکەی خۆی بەردەوام بووە، هەر لەو ماوەیەدا 3 جار خەڵات دەکرێت و ڕێزی لێ دەندرێت، کە خەڵاتەکان بریتی دەبن لە میدالیای زێڕین و بڕواناکەی شانازی.
لە 1963ـدا و لە کاتی حوکمگرتنەدەستی بەعس، چەند جاشێک چوونەتە سەر ئێزگەی کوردی و هەموو بابەتە هونەرییەکان دەفەوتێنن، بۆیە مامۆستا زۆر بێزار دەبێت و واز دەهێنێت، لە ساڵی 1972ـیشدا دواگۆرانیی تۆمار کردووە.
هەموو گۆرانییەکانی جگە لە (دانەیەک کە ئاوازی ئەحمەد خەلیل بووە) ئاوازی خۆی بوون، شیعری خۆی و پیرەمێر، گۆران، نالی، ئەسیری، کەمال باپیر، مەولەوی و بێکەسی کردووەتە گۆرانی. کە دواتر لە دوو کتێبی جیادا (گۆرانییەکانم… بەرگی یەکەم و دووەم) و (هەڵبژاردەی شیعری گۆرانی) سەرجەم شیعرەکانی خۆی و شیعری ئەو شاعیرانەی کە کردوونی بە گۆرانی، لەسەر ئەرکی وەزارەتی ڕاگەیاندن چاپ کردووە.
لە گۆرانییە هەر ناسراوەکانی عەلی مەردان (ست فاتیمە، گیانە بەسیەتی، کەی دێتەوە، وەرە قوربان، گۆڵەباخ، کەتان کەتانە، شیرین شیرین شەمامە، ئای چەندەم خۆش دەوێی، هەی گۆڵێ، نازیلێ)ـن.
لە 1980ـدا لە دوائاهەنگیدا کە لە هۆڵی ڕۆشنبیریی سلێمانی ئەنجام دراوە، دوای کۆنسێرتەکە، هەودارانی هونەرمەند، لە خۆشەویستییان بۆ ئەو، ئەو ئۆتۆمبێلەیان بە تەواوەتی بەرز کردووەتەوە کە عەلی مەردانی تێدا بووە.
هەروەها عەلی مەردان هەمیشە وتوویەتی من ئامانجم ئەوەیە بیسەلمێنم کە کورد هونەری ڕەسەنی هەیە، هەروەها گۆرانییشی بۆ پێشمەرگە و چینەکانی دیکەی کۆمەڵ وتووە، مەردان کوردپەروەرێَکی پاک و دڵسۆز بووە.
وەک عەبدولقادری کوڕی دەیگێڕێتەوە: ساڵی پار کاتێک سەرۆک بارزانی لەگەڵ هونەرمەنداندا کۆ بووەتەوە، سەرۆک وتوویەتی کە بارزانیی نەمر زۆری حەز لە دەنگی عەلی مەردان کردووە و ئەو ساڵانەی کە لە دووروڵات بووە، هەر دەمێک گوێی لە گۆرانییەکانی عەلی مەردان گرتبایە، دەستی بە گریان کردووە. هەروەها کاتێک لە 1958ـدا گەڕاوەتەوە عێراق، داوای سێ هونەرمەندی کردووە کە بیانبینێت، یەکەم کەس ناوی مامۆستا عەلی مەردانی هێناوە.
لە ساڵی 1970ـیشدا، چەند ڕۆژنامەوانێک داوای دیدار لە بارزانیی نەمر دەکەن، لێ بەو هۆیەوەی دەزانێت عەلی مەردان لەوێیە، داواکەی دواخستوون و چاوی بە عەلی مەردان کەوتووە.
مامۆسستا لە 1980ـدا تووشی نەخۆشیی دڵ بووە و دوای ساڵێک هەر بە هۆی ئەوەوە لە دەمژمێر 04:10 خولەکی بەرەبەیانی ڕۆژی 24ـی 07ـی 1981 لە نەخۆشخانەی (ئیبن نەفیس) لە بەغدا کۆچی دوایی کرد. ئەو هەرچەندە پێشتر وەسیەتی کردبوو کە لە گردی سەیوانی سلێمانی بنێژێرێت***، لێ پێش مردنی سەردانی گۆڕستانی شێخ محیەدینی کەرکووکی کردووە و کاتێک گۆڕی (شێخ مەحموودی شووشە)ـی بینیوە و بۆشاییەکی لە تەنیشتدا هەبووە، وتوویەتی کە مردم لێرە بمنێژن، بۆیە لەوێ بە خاک سپێردراوە.
*لەبەر ئازایەتی و جوامێری، نازناوی مەردانیان بە باڵادا بڕیوە.
** باوکی هونەرمەندی کۆچکردوو (سەڵاح داودە)
*** هۆی ئەو وەسیەتە، ئەوەیە کە زۆربەی ئەو شاعیرانەی لەوێ نێژراون، هەم هەڤاڵی بوون، هەم شیعری کردوون بە گۆرانی.