ئەگەر بمزانیبا لای خەڵک لاواز دەبم گۆرانیم بۆ لیسی کوردستانی نەدەگوت کە ٤٠٦ ھەزار جەماوەرم لەدەستدا
چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی دوو کلیپی تازە و بەشداریکردن لە شەش ئاھەنگ بۆ شەوی سەری ساڵ، ئێستا گۆرانیبێژ عەزیز وەیسی لەکوردستان و (سڤیل) ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ئەنجامدا
+ بۆچی ئێستا گۆرانییەکانت وەک پێشوو ناچێتە ناو خەڵکەوە؟
عەزیز وەسی: من ھەر بەستایلی خۆم گۆرانیم گوتووە، بەڵام کاتێک کلیپەکانم نەگاتە کەناڵەکان ئەوانیش پەخشی ناکەن، جگە لەوە ماوەیەکە زوو زوو ئەلبوومم بڵاودەکردەوە و ئینجا بەھۆی بەرنامەی راستەوخۆ و پڕۆگرامی “دەشتی بەھەشت” زۆر لەبەرچاو بووم، لەبەرئەوە ماوەیەک خۆم ون کرد بینەر لێم بێزار نەبێت، ئێستا بەرنامەی راستەوخۆ مۆدێلی نەماوە، دەمەوێت لەمەودوا بە کلیپ دەرکەوم، ئێستا دوو کلیپ و ئەلبوومی نوێم ئامادەیە، ئەگەر کۆمپانیایەک ھەبێت و پارەی باشم بداتێ ئەلبوومی نوێم بۆ نەورۆز ئامادەیە کە لە نۆ گۆرانی پێکھاتووە.
+ ھونەرمەند ھەیە ناتوانێ دوو ساڵ جارێک ئەلبووم بڵاوبکاتەوە، بەڵام تۆ ھەموو ساڵێک ئەلبووم بڵاودەکەیتەوە و لەتوانادایە ساڵی دوو ئەلبووم بکەی، چۆن دەتوانی خەرجی ئەلبووم کلیپەکانت دابین بکەی؟
عەزیز وەیسی: یەکەمجار پشت بەخۆم دەبەستم، ئەگەر پشت بەکۆمپانیاکان ببەستین ناتوانین ئیش بکەین، ئێستا دوو کلیپم ھەیە ئەگەر سپۆنسەر ھەبێت بڵاویاندەکەمەوە ئەگەریش نەبوو ناتوانم کلیپەکانم راگرم، بەڵام ئەو گۆرانیبێژانەی تۆ باسیان دەکەی لەوانەیە باری مادیان زۆر باش نەبێت، بۆ نموونە ئەگەر بتەوێ دوو گۆرانی بەکوالێتی باش بکەی بەلانیکەمەوە بۆ ھەر گۆرانییەک دوو ھەزار دۆلارت پێویستە، کەواتە ئەلبوومێکی ھەشت گۆرانی دوو دەفتەر دۆلاری دەوێت، ئەوە بۆ گۆرانیبێژێک کە ھیچ دەرامەتێکی نەبێت زۆر زۆرە، بۆ سێ ساڵیش ناتوانێ ئەو دوو دەفتەرە کۆبکاتەوە ئەگەر کۆمپانیایەک پشتگیری نەکات، بەڵام بۆ من کۆمپانیا پشتگیرم بکات و نەیکات زۆر موھیم نییە، کاتێک ئەلبوومەکە تەواو دەکەم کێ پارەی باشم بداتێ پێیدەدەم، تائێستا لەگەڵ ناوەندی ئارۆ ئیشم کردووە داوای چەند پارەم کردووە نەیگوتووە نا. چەندم سەرفکردووە لەوە زیاتریشی پێدوام، ئەوە وایکردووە نەوەستم و بەردەوام ئیش بکەم.
+ ئەلبوومەکەی تۆش وەک ئەلبوومی ھونەرمەندەکانی تر کۆپی دەکرێ، ئەی چۆن کۆمپانیا پارەی باش بە ئەلبوومەکەی تۆ دەدات؟
عەزیز وەیسی: نەمگوتووە کۆپی ناکرێ، بەڵام گۆرانییەکانی من بەدوو، سێ رۆژ دەڕواتە ناو خەڵک، لەبەرئەوەی لەھەموو شوێنێک گۆرانی ھەڵپەڕکێ لێدەدرێت، حەوت رۆژ پێش نەورۆز ئەلبووم بڵاودەکەمەوە حەوت رۆژ ئەلبوومەکەم کۆپی نەکرێ زۆرترین ئەلبوومی خۆم دەفرۆشم، ئەلبوومەکەی پێشوو “ھەرزانە” کە بڵاوم کردەوە دانەی بەھەزار دینار بوو، ئەوجا خەڵک کۆپی کرد، نموونەت بۆ دێنمەوە ئەوکاتەی تازە سمێلم داتاشی بوو لەلای عارەبانەیەکی سێدیفرۆش وەستابووم و ھاواری دەکرد “عەزیز وەیسی بەتووک و بەبێ تووک بەپێنج سەد دینار” ئەگەر ئەلبوومی من کۆپی نەکرێ لە ئەلبوومێک ٣٠ دەفتەر داھاتم دەبێت، بەڵام لەبەرئەوەی کۆپی دەکرێ ئەلبووم بە دوو دەفتەر و نیو دەفرۆشم.
+ بیرت لەوە نەکردۆتەوە واز لەگۆرانی بێنی؟
عەزیز وەیسی: بۆچی وازبێنم، ئەگەر جەماوەرم کەم بێتەوە و بزانم لاواز بووم وازدێنم، بەڵام تاجەماوەر ھەبێت و ھانم بدەن گۆرانی دەڵێم.
+ بەڵام واھەست ناکەی لەوکاتەی ریکلامت بۆ لیسی کوردستانی کرد جەماوەرێکی زۆرت لەدەستدا و ئەو جەماوەر فراوانەی سەرەتات نەماوە؟
عەزیز وەیسی: راستە، ئەوە لەلای خۆمان وایە، ئەگەرنا چەند گۆرانیبێژێکی گەورەی ئەمەریکی پشتگیریان لە ئۆباما کرد و پێشی لاواز نەبوون، ئەوە حەزێکی خۆم بوو گۆرانی بۆ ئەو دوو سەرکردەیە بڵێم، بەڵام ئەوە دووبارە ناکەمەوە و ئەگەر بمزانیبایە دڵی خەڵکم لێ دەرەنجێ و لای خەڵک لاواز دەبم ئەو ئیشەم نەدەکرد، بەڵام کوردگوتنەی “ھەرکاتێک ماسی لەئاو بیگری تازەیە”. ئێمە دەتوانین لەمەودوا ئەو ئیشانە نەکەین، زۆر بەڵێنیان بەمندا، بەڵام جێبەجێیان نەکرد.
+ گوتیان چیت بۆ دەکەین، کێ بەڵێنی بەتۆدا، ئێستا وازت لەداواکارییەکە ھێناوە؟
عەزیز وەیسی: لەبانگەشەی ھەڵبژاردن ٢٧ ئاھەنگم لەشار و شارۆچکەکانی کوردستان کرد، لەگەڵ چوار ڤیدیۆ کلیپ، بەڵێنیان بەمندا شتی زۆرم بۆ بکەن، بەڵام بەداخەوە کە تەواو بوو ھیچیان نەکرد خۆ شەڕ ناکەم، کاک شۆڕش ئیسماعیل بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی لیستی کوردستانی داوایکرد گۆرانی بڵێم، من داوام نەکرد ئەوەندە پارەم دەوێت، من لەڕێگەی (پشتیوان گوڵپی)یەوە تەلەفۆنم بۆکرا بۆ ئێران، گۆرانی لیستی کوردستانی پێدام، کە ھاتمەوە بۆ کوردستان منی بە شۆڕش ئیسماعیلی ناساند، ئەویش پێیگوتم لەبەرامبەر ئەو ریکلامانەی بۆ لیستی کوردستانی دەیکەی شوقەیەکمان بۆ دانای، تائێستا ھیچم نەبینیووە، ئینجا دکتۆر بەرھەم پێیگوتم “تاکۆتایی جێمان مەھێڵە، پێویستیمان پێتە” ئیتر لەکۆتایی رۆژ کە دکتۆر بەرھەمم بینیووە پێیگوتم لاپتۆپێکم بۆ کوڕەکەت داناوە، گوتم (سەھەند)ی کوڕی من چوار لاپتۆپی ھەیە، زۆر سوپاس بەکەسێکی تری بدە، بەڵام لەو رۆژە تائێستا دکتۆر بەرھەمم نەبینیووەتەوە وەک وەفایەک پێم بڵێت سوپاس، چەندەھا دوژمنم لەلیستەکانی تر بۆ دروستبووە، ٥٠٠ ھەزار کەس جەماوەری گۆڕانە، کەواتە ٤٠٦ ھەزار کەس حەزی نەکردووە من گۆرانی بۆ لیستی کوردستانی بڵێم، من بە زەحمەتەوە بووم بە عەزیز وەیسی یەک کەس لێم دوورکەوێتەوە بۆ من گرنگە، ٤٠٦ ھەزار کەس پشتی تێکردم دکتۆر بەرھەم یەکجار نەیگوت سوپاس، ئێستا من تەنیا گلەیم لە دکتۆر بەرھەم ھەیە، شەش مانگە دەمەوێت دکتۆر ببینم ھێشتا نەمبینیووە، ئێستا دەمەوێت بیبینم بۆ پارەم نییە، چونکە من قەت بۆ پارە خۆم بچووک ناکەمەوە.
+ لەگەڵ ھەر گۆرانیبێژێک گۆرانی دوێتت کردبێ دووبارە گۆرانی دوێتت لەگەڵ ناکردۆتەوە، ئەوە بۆچی؟
عەزیز وەیسی: من دەیانناسێنم. گۆرانیبێژ ھەیە پێمدەڵێ حەزدەکەم لەگەڵ تۆ گۆرانییەک بکەم، چونکە ئەگەر بەتەنیا گۆرانییەکە بکات خەڵک نایناسێ، بەڵام کاتێک خەڵک لەڕێگەی منەوە ناسی، ئیتر پێویست ناکات دووبارە گۆرانی لەگەڵ بکەمەوە، حەز دەکەم ئەوانەی سەرەتان ھانیان بدەم، بەتایبەت کچەکان، پێم خۆشە بێنە ناو بازاڕی ھونەرەوە.
+ زۆربەی گۆرانیبێژەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان گلەیی ئەوە دەکەن “بۆچی لەباشووری کوردستان ئەوەندە گرنگی بەعەزیز وەیسی دەکرێت، ھونەری عەزیز وەیسی شیاوی ئەوە نییە گرنگی پێ بدرێت”. تۆ دەڵێی چی؟
عەزیز وەیسی: ئەگەر درەختێک میوەی نەبێت خەڵک بەردی ناھاوێژێت، نازانم گۆرانیبێژە رۆژھەڵاتییەکان ھەموو دەڵێن بۆچی لەباشوور بۆ عەزیز وەیسی وادەکەن، من ئیش دەکەم و زەحمەتی دەکێشم، یەکەمجار لە کەناڵی کوردسات دەرکەوتم بەرنامەیەکیان بۆ کردم لەگەڵ گۆرانییەکان ھەڵپەڕکێم دەکرد، لەئێرانەوە سەدان تەلەفۆن کرا دەیانگوت “ئەوە ھونەری کوردی سەقەت کردووە”. کەواتە من خۆم کردە قوربانی تائەو ستایلەم دروستکرد، ئێستا کلیپێکی من ئەگەر ھەڵپەڕکێی تێدا نەبێت خەڵک تەماشای ناکات، لەکلیپەکە تازەکەم ھێشتا بڵاونەبۆتەوە حەرەکەی تازەم کردووە، ئێستا گۆرانیبێژەکانی تریش لەگەڵ گۆرانییەکانیان دانس و ھەڵپەڕکێ دەکەن، لەقسە و قسەلۆک و دژایەتیکردن ئێران ھیچ شتێکی تری بۆ من نەبووە.