هونەرمەندی نێوداری كورد عەدنان كەریم، لە هەڤپەیڤینێكی درێژدا، زۆر شتی باسنەكراوی ژیانی تایبەتی و هونەری خۆی ئاشكرا دەكات.
لەو هەڤپەیڤینەدا، ، باسی بەرهەمێكی تازەی دەكات كە ئێستا عەدنان كەریم لە تاران لەگەڵ تیپی كامكاران خەریكی كار تێداكردنین، ئەویش بریتییە لە ئەلبوومێكی تازەی گۆرانی كە هەموویان بریتین لە شیعرەكانی شاعیری نێوداری كورد عەبدوڵڵا پەشێو. ئەو ئەلبوومە لە حەوت شیعری پەشێو پێكهاتووە، هەروەها چەند پارچە شیعرێك بە دەنگی پەشێو خۆیشی لەو ئەلبوومەدا دەبن. لێرەدا دەقی ئەو سێ پرسیار و وەڵامەی پەیوەستن بەو بەرهەمە تازەیە، بڵاودەكەینەوە:
: پڕۆژەی داهاتووت لەگەڵ كامكارەكان چییە؟
عەدنان كەریم: پڕۆژەی داهاتووم لەگەڵ كامكارەكان یەك سێدێی تایبەت بە هۆنراوەكانی مامۆستا عەبدوڵڵا پەشێوە. هەمووی شیعری ئەوە و پیشكەش بە مامۆستای گەورەمان عەبدوڵڵا پەشێوی دەكەین. مامۆستا پەشێو خۆیشی تەشریفی هێنابوو بۆ ستۆكهۆڵم و بەدەنگی خۆی چەند پارچە هۆنراوەی خوێندووەتەوە كە ئەوانیش دەخرێنە ناو سێدییەكەوە. پێموایە ئەمە دەبێتە شتێكی گەورە، كامكارەكان هەمیشە رێزی تایبەتیان هەبووە بۆ شاعیرە ناسراوەكانی كورد، وەك مامۆستا پەشێو و شێركۆ بێكەس. ئەوان جارێك سێدییەكیان پێشكەش بە عەلی مەردان كردو ئێستاش بە پەشێو. ئەمە وادەكات كە كامكارەكان هێندەی دیكە لای من گەورەتربن. ئاخر كەسێكی وەك مامۆستا پەشێو هەتا لە نزیكەوە نەیناسی نازانی چ رۆحێكی پاكی هەیە.
: مامۆستا پەشێو خۆی هەستی چۆن بوو بەرانبەر ئەو كارەی ئێوە؟
عەدنان كەریم: زۆری پێیخۆش بوو. مامۆستا پەشێو بەمانای وشە منداڵێكی پاك وا لەناو سنگیدا، تالێی نزیك نەبیەوە نازانی ئەو پیاوە چەند هەستێكی پاكی هەیە. هەفتەی داهاتوو من سەفەری تاران دەكەم، موزیكی گۆرانییەكان ئامادەیە و تەنها تۆماركردنی دەنگی من ماوە، هەڵبەتە دەبێ ئەوەش بڵێم خانم سەبا، كچی مامۆستا هۆشەنگ كامكاریش بەشداری دەكات، ئەلبوومەكە واتە دوێتە. سێ مەقامی تێدایە كە بەدەنگی منە. كارێكی تایبەتە كە پێموایە لە داهاتوودا دەچێتە سەر خەرمانی مۆزیكی كوردی و حیسابێكی زانستیانەی بۆ دەكرێ.
: نێوەڕۆكی ئەو شیعرانە سیاسین یان خۆشەویستین و كێ شیعرەكانی هەڵبژاردووە؟
عەدنان كەریم: راستیت دەوێ من ئاگاداری ئەم كارە نەبووم كە دەستیان پێكردبوو، مامۆستا هۆشەنگ كامكار پەیوەندی پێوەكردم و گوتی كارێكی ئاوام بۆ هۆنراوەكانی مامۆستا عەبدوڵڵا بەشێو كردووە، حەزدەكەم تۆش بەشداری بكەی و گۆرانییەكان بڵێی، منیش بە خۆشەویستییەوە قبوڵم كرد. ئەو پێیگوتم كە سێ ئاوازی داناوە و حەزدەكەم كە لە شێوەی مەقامدا بێ، بەڵام شتێكی نوێ و تازە نەك هەروەكو مەقامە كۆنەكان بەڵكو بەئاوازێكی تایبەتییەوە و هەر خۆیشت شیعرەكانی هەڵبژێری. منیش دیوانەكانی مامۆستا عەبدوڵلا پەشێوم خوێندەوەو سێ شیعرم هەڵبژارد، هەروەها كاك هۆشەنگیش چوار شیعری هەڵبژاردووە و ئاوازەكانی بۆ داناون، ناواخنی شیعرەكانیش بۆ خۆشەویستییە، بۆ مرۆڤویستییە، ئەو شتەیە كە هەتا دنیا دنیایە بە نەمری دەمێنێتەوە، ئەویش خۆشەویستییە بۆ مرۆڤایەتی.