چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : ھونەرمەند عەتا قەرەداخی ساڵی ١٩٧٣ لە سلێمانی لەدایکبووە و ھەر لەوێ خوێندنی ئامادەیی پیشەسازی تەواوکردووە، ئێستا خاوەن سێ ئەلبوومی بڵاوکراوەیە،
عەتا قەرەداخی لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ (سڤیل) کە لە ماڵەکەی خۆیدا لە سلێمانی ئەنجام درا، ئاشکرایکرد لەبەر گێژەلوولەی ھەندێ گۆرانیبێژ وازی لە ئەلبووم ھێناوە و ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر لە دەستی بێت ئەو گۆرانیبێژانە لەسێدارە دەدات کە گیژەلوولەیان لەگۆرانی کوردی دروستکردووە، گوتیشی “لە خۆشەویستی کردنم لە تەمەنی ١٧ ساڵی و ھاوڕێتیکردنم لەگەڵ ھەندێ کەس پەشیمانم”.
زانا دڵشاد دزەیی: کام گۆرانی تۆی بە خەڵک ناساند؟
عەتا قەرەداخی: ناتوانی بڵێی یەک گۆرانی بەخەڵکت دەناسێنێ، بەڵام گۆرانییەک ئاشنات دەکات بەدنیای ھونەر، بەشبەحاڵی لە ١٩٩٥ گۆرانی “ئازیزم شەو” لەگەڵ مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی تۆمارمان کرد، ئەو گۆرانییە چووە ناو خەڵکەوە، دواتر چەند گۆرانییەکی دیکەم کرد، بەڵام بەداخەوە ئەوکاتە بەھۆی شەڕی ناوخۆ، میدیا لەنێوان سلێمانی و ھەولێر داخراوبوو و ئێمەش وەک پێویست دەنگمان نەدەگەیشتە ھەولێر، بۆیە زیاتر گۆرانییەکانم لەسنوری سلێمانی ناسرا، دواتر لە ٢٠٠٠ گۆرانییەکم لەشیعری ئیسماعیل محەمەد تۆمارکرد بۆ “ھیجرەت” ئەو گۆرانییە ئەوەندە زۆر چووە ناو خەڵک و دەڵێن گۆرانییەکەی سەفەر، زۆربەی ئەو کەسانەی کە لەسەر ئەو گۆرانییە پەیوەندیان پێوە کردووم کوردەکانی ئەوروپا بوون، دواتر لە ٢٠٠٤ ئەلبوومێکم کرد کە کۆمەڵێک گۆرانی تێدابوو بەشەپۆڵ چووە ناو خەڵک. لەماوەی چوار ساڵ لە ٢٠٠٨ ئەلبوومێکم تۆمارکرد لەتاران، کە لە ٨ تراک پێکھاتبوو، بەڵام ئەمجارە بە ستایلێکی دیکە، دەتوانم بڵێم ئەو ئەلبوومەم بووە تەواوکەری گۆرانییەکانی دیکەم، کە پێم وایە ئەلبوومێکە لەو ئەلبوومانەی دەتوانی لەئەرشیفی گۆرانی کوردی دایبنێی و لەرووت بێت بڵێی کۆمەڵێک گۆرانی کراوە بەکواڵێتییەکی زۆر باش.
زانا دڵشاد دزەیی: بەڵام مەبەستت لەوە چی بوو لەو ئەلبوومە ستایلی گۆرانی گوتنت خۆت گۆڕی؟
عەتا قەرەداخی: گۆرانیبێژی سەرکەوتوو ئەوەیە کە بتوانێ بەھەموو ستایلەکان گۆرانی بڵێت.
زانا دڵشاد دزەیی: کەواتە گۆرانییەکانی داھاتووت بەکام ستایل دەبێت، دەگەڕێیەوە ستایلی پێشوو یاخود ئەو ستایلە نوێیە؟
عەتا قەرەداخی: پێم وایە کارەکانی داھاتووم لەنێوان ھەر ستایل دەبێت، ئێستا بەنیازی دوو گۆرانیم، کە بڕیارمداوە بۆ ئەمساڵ تەنیا ئەو دوو گۆرانییە بکەم، یەکێکیان عاشقانەیە و ئەویتریان بۆ سلێمانییە.
زانا دڵشاد دزەیی: بۆچی ئەمساڵ تەنیا دوو گۆرانی، واتا بەنیازی ئەلبووم نەکەی؟
عەتا قەرەداخی: بەڵێ وایە ئەلبووم ناکەم، لەبەرئەوەی لە دنیای گۆرانی ئەمڕۆدا سەرلێشێواوییەکی زۆر ھەیە، تەلەفزیۆنەکان ھەموو گۆرانییەک بڵاودەکەنەوە بەبێ ھیچ پاڵاوتن و پۆڵێنکردنێک، کە بەشێکی زۆری خەتای میدیاکانە، لەبەرئەوە من ئەلبووم ناکەم و دەمەوێ خۆم بپارێزم و نەکەومە ناو ئەو گێژەلوکە ناخۆشەی کە ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لەگۆرانی کوردی تێیکەوتووە.
زانا دڵشاد دزەیی: پێت وایە بە خۆپاراستنی تۆ، ئەو گێژەلوکەیەی گۆرانی کوردی چارەسەر دەبێت؟
عەتا قەرەداخی: بەتەنیا من ناتوانم ھیچ بکەم، ئەوە ئیشی ھەموو ھونەرمەندانە بێن بە یەک ئیمزا کۆکردنەوە بڵێن “میدیاکان ئێمە رازی نین گۆرانییەکانمان پەخش بکەن، لەبەرئەوە باش و خراپتان تێکەڵ کردووە” ئەوە ئیشی وەزیری رۆشنبیرییە، ئیشی پەرلەمانە، ئیشی کاربەدەستێکە لەو وڵاتە کە بەرپرسە لەکاروباری ھونەری، ئێستا ھونەر و مۆسیقا و گۆرانی گوتن بووەتە پارە، ھەندێ گۆرانیبێژ ھەن ئەگەر بەدەستی من بێت لەسێدارەیان دەدەم لەسەر ئەوەی گۆرانی کوردیان تێکداوە، ئینجا دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەناڵەش بکرێ کە گۆرانییەکانیان دادەبەزێنێ.
زانا دڵشاد دزەیی: مۆسیقا و گۆرانی بەتایبەت لەشاری ھەولێر چۆن ھەڵدەسەنگێنی؟
عەتا قەرەداخی: لەھەولێر پێشکەوتن ھەیە و دواکەوتنیش ھەیە، کۆمەڵێک مۆسیقی باشی تێدا ھەڵکەوتووە من شانازیان پێوە دەکەم، بەڵام دواکەوتنیش ھەیە، زۆربەی ئامێرژەنەکان و دەنگبێژەکانی ھەولێر زۆر حەز بە لاسایکردنەوەی تورکی دەکەن، رێک ھەستدەکەی مۆسیقا و گۆرانی لەھەولێر کۆپیەکی تورکیایە، ئێمەش لەسلێمانی گۆرانیبێژمان ھەیە زۆر بەناوبانگە و زۆر بەتورکی ئیش کار دەکات، بەڵام دەتوانم بڵێم لەسلێمانی زۆربەی ئیشەکان خۆیان پاراستووە لەتورکی و عەرەبی، بەڵام کە سەیر دەکەی زۆربەی ئەو ئیشە عەرەبی و تورکیانەی کە بۆ کچ و کوڕانە کراوە لە ھەولێر کراوە.
زانا دڵشاد دزەیی: ھۆکاری ئەوە چییە؟
عەتا قەرەداخی: یان زۆر گوێگرتنە یان حەزیان لەئیشە تورکییەکانە، ئەوەندە گوێگیان لەئیشە تورکییەکان گرتووە ئیحساسیان تازە وا دەڕوات، بۆ نموونە کلارنێت ژەنێک لەھەولێر کە لەبەرنامەیەک گوێی لێ دەگری تەقسیمێک لێدەدات رێک تەقسیەکە تەواو تورکییە، ئەوە نیشانەی ئەوەیە زۆر گوێی گرتووە لەمۆسیقای تورکی و موعجیب بووە بە کلارنێت ژەنێکی تورکی، ھەتا گۆرانیبێژەکانی ھەولێر زۆر حەزدەکەن ئەدائیان تورکی بێت، ئەوە کاریگەری گوێگرتن و تێکەڵابوونی ئەو کەسەنایە لەگەڵ کەلتووری کوردی، ئەوەندەی بەدوای مێژووی مۆسیقاژەنێکی تورکی دەڕۆن ئەوەندە بەدوای مێژووی مۆسیقاژەنێکی ساڵی شەستەکانی ھەولێر ناڕۆن.
زانا دڵشاد دزەیی: بۆچی تائێستا کۆنسێرتت نەکردووە؟
عەتا قەرەداخی: زۆر حەزدەکەم کۆنسێرت بکەم، بەڵام بەداخەوە تائێستا ھۆڵێک نییە تایبەت بێت بە کۆنسێرتکردن، ھەرچی کۆنسێرتیش کراوە ھەر ھەمووی بەشی خۆی کێشەی دەنگورەنگ و کێشەی ئەو میواندارێتی و حیساباتانەی تێدا بووە، من تائێستا بۆ کۆنسێرتێک نەچووم کە دانیشتبم لێی رازی بووبم، ھەروەھا ھەندێک گۆرانی ھەیە بە دنیایەکی جوان تۆمار و پێشکەشت کردووە، کە لەکۆنسێرتکردن لەسەر شانۆ دووبارە نمایشی دەکەیتەوە لەکوالێتی گۆرانییەکە کەم دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گۆرانیبێژی بەناوبانگمان ھەیە کۆنسێرتیان کردووە بە پلەی باک، جاتخوا ئەوە کەی کۆنسێرتە! ئەوە بەرنامەی تەلەفزیۆنیش نییە، ئەگەر کۆنسێرتی پلەی باک بکەم ھەموو ھەفتەیەک کۆنسێرت دەکەم!
زانا دڵشاد دزەیی: باواز لەپرسیاری ھونەری بێنین، تۆ لەتەمەنی زۆر گەنجێتی خۆشەویستیت کردووە؟
عەتا قەرەداخی: بەڵێ لە تەمەنی ١٧ ساڵی خۆشەویستیم کردووە، بەڵام ئێستا زۆر پەشیمانم لەو خۆشەویستییە.
زانا دڵشاد دزەیی: جا بۆچی پەشیمانی؟
عەتا قەرەداخی: لەبەرئەوەی لەو تەمەنەدا خاوەنی خۆت نیت، نە عەقلی خۆتە نە کەسایەتی ھی خۆتە نەک تەمەنێکە بتوانی بڕیاری تێدا بدەی، ھەر بڕیارێکیش لەو سەردەمەدا بیدەی ھەڵەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەموو شتەکانی جاران خۆشتر بوو بە خۆشەویستیشەوە، چونکە ژیان وا خۆشە ھیوا بۆ شتێک بخوازی و پێویەوە ماندووبیت ئینجا بەدەستی بێنی، ئەگەر وانەبێت تامی نییە.
زانا دڵشاد دزەیی: واتا ژیانی ھاوسەریت بەخۆشەویستی پێکێناوە یان رێکەوت بووە؟
عەتا قەرەداخی: ھاوسەرەکەم بەخۆشەویستی ھێناوە و دراوسێی خۆمان بوو، یەکتریمان ناسیووە، ئەوە نەبووە باوکم لەخۆیەوە چووبێت ژنم بۆ بێنێ.
زانا دڵشاد دزەیی: لەژیانی تایبەتی خۆت شتێک ھەیە لێی پەشیمان بیت؟
عەتا قەرەداخی: لەھاوڕێتی ھەندێ کەس پەشیمانم و بە ھەڵەم زانیووە ھاوڕێتی ئەو کەسانەم کردووە، خۆزگە ئەو کەسانەم نەناسیبایە.
زانا دڵشاد دزەیی: چ شتێکت ماوە حەزبکەی باسی بکەیت؟
عەتا قەرەداخی: ھیوادارم رۆژنامەنووسان و پەیامنێران و ئەو کەسەی دێت چاوپێکەوتن لەگەڵ ھونەرمەندان ئەنجام دەدات، زۆر راستکۆبێ و خۆشەویستی گۆرانی کوردی بێت، ھیوادارم رەسەنایەتی لەچاوپێکەوتنەکانی بپارێزی، بەمجۆرەی کە خۆی و رۆژنامەکەی حەز دەکات وانەبێت، بەمجۆرە کە واقیعە وابێت.