لەدواى پرۆسەى ئازادى عێراق و هاتنە ناوەوەى هێزەكانى ئەمریكا بۆئەو وڵاتە لە ساڵى 2003دا بەپێى سەرچاوەیەكى زۆرى رۆژنامەوانى عەرەب و ئەمریكى هەواڵەكانى بارودۆخى سیاسى عێراق زۆرترین روبەریان لە رۆژنامە و كەناڵە ئیعلامییەكانى ئەمریكادا داگیركردووە. بەپێى لێدوانى بەشێكى زۆرى ئەو كەسانەى لە كەناڵە ئیعلامییەكانى ئەمریكادا كار دەكەن كەسوكارى ئەو سەربازە ئەمریكییانەى كە بۆ خزمەتى سەربازى لە عێراقدان (ئیتر یان دەستگیركرابن لەلایەن تیرۆریستانەوە یاخود لەگەڵ هێزە ئەمریكییەكاندا بەردەوام بن) زۆرترین بایەخ بە هەواڵەكانى عێراق دەدەن، بێگومان ئەوەش لە پێناوى زانینى بارودۆخى سەربازى و سیاسى وڵاتەكەدایە. هەندێكى تریش واى بۆدەچن كە ژمارەیەك رادیۆ و تەلەفزیۆن و رۆژنامەى ئەمریكى بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ بارودۆخى سیاسى عێراقدا دەكەن كە هەروەكو ئەوەى بەشێك بێت لە هەواڵە ناوخۆییەكانى ئەمریكا.
دین باركن-ى سەرنوسەرى ماڵپەڕى رۆژنامەى ئەلیكترۆنى(Observer & The News) كە لە ویلایەتى نۆرس كارۆلینا دەردەچێت دەڵێت: رۆژنامەكەمان بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ هەواڵى عێراقدا دەكات كە هەروەكو ئەوەى هەواڵێكى ناوخۆى ئەمریكا بێت و زۆر بایەخیش بە بەدواداچونى هەواڵە سیاسى و ئەمنى و ئابورییەكانى عێراق دەدەین ئەگەرچى رۆژنامەكەشمان لۆكاڵییە (ناوخۆییە).
ناوبراو جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە هۆكارى ئەو بایەخدانەیان بە هەواڵەكانى عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بوونە چڕوپڕەى سەربازەكانى ئەمریكا لەو وڵاتەدا.
ئەكرەم نورى-ى دەرهێنەرى رادیۆیى كە هاوڵاتییەكى ئەمریكى بە رەگەز فەلەستینییەو لە یەكێك لە رادیۆ ناوخۆییەكانى شارى هیوستن كاردەكات دەڵێت: رایۆكەمان پەخشى چەند پرۆگرامێكى گفتوگۆ ئامێز لەگەڵ ئەو سەربازە ئەمریكییانەدا دەكات كە پێشتر لە عێراقدا خزمەتیان كردووەو تەغتییەكردنى هەواڵەكانى عێراق بۆ گوێگرانى دەستەبەر دەكات ئەویش بە پشتبەستن بە هەواڵ و راپۆرتەكانى British Broadcasting Corporation واتە (BBC).
نورى لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسى نیوزماتیك وتویەتى ئەو رادیۆیە كە لەساڵى 1970دا دامەزراوە بەزۆرى لە پرۆگرامە گفتوگۆ ئامێزەكانیدا لەگەڵ سەربازە ئەمریكییەكاندا گفتوگۆ لەسەر ئەزمونى ئەو سەربازانە لە عێراقدا دەكەن بەتایبەتى ئەوانەى كە دژى جەنگن چونكە رادیۆكە دەیەوێت رەواج ببەخشێتە لێبوردەیى ئایینى و پێكەوە ژیانى ئاشتییانە.
لەلایەكى ترەوە هۆدین كارتەر-ى ماستەر لە كۆلیژى رۆژنامەگەرى و پەیوەندییەكان لە زانكۆى نۆرس كارۆلینا دەڵێت: راگەیاندنى ئەمریكى هەتا ئێستا راگەیاندنێكى بەهێز و بەتوانایە لە كەشفكردنى ئەو راستییانەى لە عێراقدا روودەدات لەبەرچاوى هەموو جیهاندا ئەگەرچى ژمارەى ئەو دەزگا راگەیاندنە ئەمریكییانەى كە پەیامنێریان لە عێراقدا هەیە زۆر كەمە. پاشان بەردەوام دەبێت و دەڵێت: رۆژانە لە ئەمریكادا دەیان رۆژنامە چاپ و بڵاودەكرێتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەنها چوار رۆژنامە نوسینگەیان لە عێراقدا هەیە چونكە زۆربەیان هەواڵەكانى عێراقیان لە ئاژانسى ئەسۆشێتد پرێس و چەند ئاژانسێكى ترەوە دەستدەكەوێت.
كارتەر كە پێشتر وەك (محرر)ێك لە یەكێك لە رۆژنامە ناوخۆییەكانى ئەمریكادا كاریكردووە دەڵێت: كەناڵە ئیعلامییەكانى ئەمریكا بەوپەڕى میسداقییەت و راستگۆییەوە هەواڵەكانى عێراق دەگوێزنەوەو ئاماژە بەوەش دەدات كە سكانداڵەكانى زیندانى ئەبو غرێب هەر لەلایەن رۆژنامە ئەمریكییەكانەوە بوو كە بڵاوكرانەوەو هەر ئەو رۆژنامانەش بوون كە باسیان لە پێشێلكارى سەربازە ئەمریكییەكان لە عێراقدا دەكرد. ناوبراو بەردەوام دەبێت و دەڵێت: كەناڵە ئیعلامییەكانى ئەمریكا لە ماوەى كاركردنیاندا چەندین هەڵەیانكردووە بەڵام جێگەى خۆشحاڵییە كە بڵێین ئەو دەزگایانە لە روپۆشكردنى هەواڵەكانى عێراقدا بەوپەڕى میسداقییەتەوە كاریانكردووە.
دواجار رۆژنامەنوسە ئەمریكییەكانیش بۆ روپۆشكردنى هەواڵە سیاسییەكانى عێراق تا رادەیەكى زۆر پشتیان بە رۆژنامەنوس و هاوڵاتییە عێراقییەكان بەستوە چونكە هەندێك شوێن هەیە كە جێگەى مەترسین بۆ رۆژنامەنوسەكانى ئەمریكا و تەنها هاوڵاتییە عێراقییەكان دەتوانن سەردانى ئەو شوێنانە بكەن ئەویش بەهۆى بونى ژمارەیەكى زۆر لە تیرۆریستان لەو ناوچانەدا، هەر لەبەرئەوەیە كە زۆرجار رۆژنامەنوسە ئەمریكییەكانیش پەنا دەبەنە بەر وەرگێڕ و رۆژنامەنوسە عێراقییەكان و هاوڵاتییانى سادەى ئەو وڵاتە هەتاوەكو بتوانن بەوپەڕى راستگۆییەوە هەواڵەكان وەكو خۆى بڵاوبكەنەوە.
راپۆرتى- زمناكۆ بورهان قانع