بورھان شێخ رەوف
ئەگەرچی لە سەردەمی کابینەکەی عادیل عەبدولمھدی قسەوباسێکی واھەبوو کە حکومەتی عێراق نێوەند گیری بکات لە نێوان ھەردوو وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و عەرەبستانی سعودیە بەمەبەستی ھێورکردنەوەی بارودۆخی شڵەژاوای ناوچەکە، بەڵام بە ھۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی عێراق کابینەکەی عەبدولمھدی تەمەنی کورت بوو ئەو شانسەی بەرنەکەوت .
ئەوەی گرنگە لە دوای سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ عەرەبستانی سعودیە سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن کە گەڕێکی وتوێژی ئەو دوو وڵاتە لە عێراق ئەنجام دراوە لە سەرەتای ئەم مانگەدا ، لەلایەن سعودیەوە سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری خالید بن عەلی حمیدان سەرۆکایەتی شاندەکەیانی کردووە ، لایەنی ئێرانیش سەعید عرافانی جێگری ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران سەرۆکایەتی شاندەکەیانی کردووە .
لە ھەمانکاتدا ناوەندە دیبلۆماسیەکان لە ریازی پایتەختی عەرەبستانی سعودیەوە باس لەوەدەکەن کەلە کۆتایی ئەم مانگی نیسانەدا یان سەرەتای مانگی ئایاری داھاتوو گەڕێکی تری گفتوگۆکان بە ڕێوە بچێت لە نێوان ھەردوو وڵاتی ئێران و سعودیە دا ، ھەرچەندە دیاریکردنی کات و ئەجندای کۆبوونەوەکان زیاتر پەیوەندی بە پێشووەچوون و ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکانی ڤیەنا ی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانەوە ھەیە ، لەھەمانکاتدا سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گفتوگۆکان زۆر بە پیت بووەو باسی زۆر بابەتی ھەستیارو پەیوەندیدار بە ھەردوو لاوە کراوە لەوانە دۆسیەی یەمەن .
داخوازیەکانیان لە یەکدی
ھەردوولا داخوازییان لە یەکتر ھەیە وەکو دوولای یەک ھاوکێشە بە ھۆی تێکچڕانی کێشە و ململانێ ئاڵۆزەکانی ناوچەکەو نێوان ھەردوولایان بە تایبەتی ، لەلایەک سعودیەکان داخوازی ئەوەیان لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە ھەژموون و پێگەی خۆیان بەکاربھێنن بۆ وەستاندنی شەڕی یەمەن و بە تایبەتی پەلامارە بەردەوامەکانی حووسیەکان کە ھاوپەیمانی ئێرانن بۆ سەر دامەزراوە ئابوری و نەوتی و سەربازییەکانی عەرەبستانی سعودیە ، لە بەرامبەریشدا ئێرانیەکان داوایان لە سعودیە کردووە کە ھاوکاری و ھەماھەنگی یان بکات لە دۆسێەی ئەتۆمی و ڕێککەوتننامەی ( ٥+١) کە ساڵی ٢٠١٥ ئیمزا کراوە و لە کۆبوونەوەکانی ڤیەنا لە نێوان ئێران و وڵاتە زلھێزەکان .
ھەموو ئەمانە لە کاتێکدا دەوترێن ھێشتا تاران و ریاز ھیچیان بە فەرمی دانیان بەوەدا نەناوە کە ئەم گفتوگۆانە کراوە یان نا ، بەڵام ئیرەج مسجدی باڵوێزی ئێران لە عێراق خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە نێوەندگیری عێراق بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی .
شایانی وتنە پەیوەندییە دیبلۆماسیەکانی سعودیە و ئێران لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە بڕاوە و ساڵی ٢٠١٩ عەرەبستانی سعودیە ئێرانی تۆمەتبارکرد بە بۆردومانکردنی دامەزراوە نەوتیەکانی لەلایەن حوسیەکانی یەمەنەوە ، ئەگەر چی تاران بە توندی ئەوەی ڕەتکردەوە .
تاران و ریاز جگە لە یەمەن لە زۆر دۆسیەی تریشدا بەریەککەوتنیان ھەیە چ لەعێراق و سوریا بێت یان دۆسیەی لوبنان و ھەژموونی ئێران لەو وڵاتە عەرەبستانی سعودیەی گەلێک نیگەران کردووە بە تایبەتی ھەژموونی تەواوی حزبوڵا بەسەر لوبناندا .
لە بەر ھەموو ئەو فاکتەرانە نزیک بوونەوەی ریاز و تاران بە دەستپێشخەری و ناوەندگیری مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق گرنگیەکی زۆری دەبێت بۆ سەقامگیری و ئارامی ناوچەکە بە گشتی و لە پێش ھەموویانەوە عێراق و ئنجا وڵاتانی تر چونکە بارودۆخی شڵەژاوی عێراق بووەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی زۆرێک لە ململانێکانی ئەم وڵاتانە و بەرژەوەندییەکانیان .
لە کۆتاییدا کۆبوونەوەکانی ڤیەنای تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لە سەر کۆی دۆسیە ھەڵسپێراوەکانی ناوچەکە ، بە تایبەتی لە کاتێکدا سعودیەکان خوازیاری گفتوگۆیەکی گشتگیرترو فراوانترن لە مەڕ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران کە وڵاتانی ناوچەی کەنداویش بەشداری تێدابکەن و لەو بڕوایەدان ھەر پێشووەچوون و ڕێککەوتنێک لە ڤیەنا سەرەتای دروستبوونی متمانەیە بۆ گفتوگۆی بە پیتتر .