بورھان شێخ ڕەئوف
ئەگەرچی مێژووی کۆن و نوێ ی عێراق خوێنی لێدەچۆڕێت و شەڕو کوشتار لە گەڵ تەمەنیدا ھاوتەریبن و ڕووبەرێکی فراوانی لە دیرۆکەکەی داگیرکردووە و لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا عێراق لە شەڕی نیمچە بەردەوامدا بووە ھەر لە شەڕو شۆڕشەکانی کوردستانەوە لە ساڵی ١٩٦١ -١٩٧٥ەوە دواترلە ساڵی ١٩٧٥شۆڕشی نوێش تێکەڵاو بە شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق _ئێران ١٩٨٠ -١٩٨٨ بوو داگیرکردنی کوەیت ١٩٩٠ -١٩٩١ و پرۆسەی ئازادی یان داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە ٢٠٠٣ – ٢٠١١ دوا شەڕیش جگە لە شەڕی ناوخۆی تائیفی سەرھەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق وشام (داعشە)لە ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٧ .
ھەرچەندە ڕۆژی ١٠/١٢/٢٠١٨ حکومەتی عێراق کردی بەپشوو ی فەرمی و ئاھەنگ گێڕان بە بۆنەی ساڵڕۆژی سەرکەوتن بە سەر دەوڵەتی ئیسلامیدا بەڵام لە سەر ئاستی جەماوەری و شەقام بە دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکی زۆرەوە تەنانەت بە دەربڕینی جۆرێک لە ناڕەزایەتیش پێشوازی لێکرا چونکە ئەگەرچی پایتەختەکەی دەوڵەتەکەی داعش کەوت و ڕزگارکرا بەڵام گروپ و تاقمە تیرۆریستەکانی دەوڵەتی ئیسلامی گەڕانەوە پەناگەو لانەکانیان لە ناو بیابانەکانی خۆرئاوای عێراق دەیەھا شوێنی تریش خۆیان مەڵاس داوەو ھەرکات بخوازن پەلاماری لەناکاو ی ھێزەکانی سوپاو ئاسایشی عێراق دەدەن ئەمە لەکورت مەودادا و لە ڕووی تاکتیکەوە , بۆ دوورمەوداو لایەنی ستراتیجیش ھەموو ئەو فاکتەرانەی کە ھاوکار بوون بۆ سەرھەڵدانی ڕەوتی توندئاژۆی داعش ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورت و کاتی کزو لاواز بووبن ئەوا ئێستاش واخەریکی سەرلەنوێ ئەو فاکتەرانە گەشە دەکەن و دنەدەدرێن بۆ ئەوەی سەرلەنوێ لاپەڕەیەکی تری توندوتیژی ململانێ ی سەخت و خوێناوی لە عێراقدا دەست پێبکەنەوە .
دیارترینی ئەو فاکتەرانە:
١. خراپی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرتایی و پێویستەکان بۆ ژیانی خەڵک
٢. نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆسەر ماڵ و موڵکی خۆیان و ڕێگری کردن لێیان لە لایەن میلیشیاتەکانەوە.
٣. ململانێ ی و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان بە تایبەتی نێو ماڵی شیعە لەسەر پۆست و ئیمتیازات ئەوەی تائێستا ناتوانن ھەشت وەزارەتی حکومەت پڕبکەنەوە باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوە.
٤. نائارامی و ناسەقامگیری سیاسی و نەبوونی دیدو بۆچوونێکی سیاسی ڕوون و دروست بۆ بە ڕێوەبردنی وڵات .
٥. ھەوڵدانی لایەن و پێکھاتەیەک بۆ سەپاندنی ھەژموونی خۆی بەسەر پێکھاتەکانی تری عێراقدا .
٦. دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ ی ئیقلیمی لە کاروباری ناوخۆی عێراق و ھەوڵدان بۆ یەکلایی کردنەوەی ناکۆکی و ململانێکانیان لەسەر خاکی عێراق .
٧. گەندەڵی دارایی لە زۆرێک لە جەمگە گرنگەکانی دەوڵەتدا .
لەبەرھەموو ئەو فاکتەرانە سەرکەوتنی ڕاستەقینەو یەکجارەکی بۆ گەلی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانیەوەو ئاھەنگ گێڕان لەو یادەدا کاتێک دڵی خەڵک خۆش دەکات کە پەتای کوشندەی گەندەڵی کە لە تیرۆر مەترسیدارترە بنبڕ بکرێت و سەرە گەورەکانی ڕابکێشرێنە بەردەم دادگاکان و پاروو ی دزراوی دەمی ھەژارانی ئەم وڵاتە لە قوڕگیان دەربھێنرێت و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری بەھەموو سیکتەرەکانی و ئاسایش و دادپەروەر و یەکسانی و مافی ھەموو پێکھاتەکان فەراھەم بکرێت و زەمینەسازی بکرێت جێبەجێ کردنی دەستوورو ڕەخساندنی ژینگە ی لەبار بۆ ئەوەی گەرای تیرۆر بە ھەموو جۆرەکانیەوە بنەبڕ بکرێت و گەشە و نەشوونما نەکات .
بە پێچەوانەوە ئێستا دوای ساڵێک لە سەرکەوتن بەسەر داعشدا لە ڕووی مەیدانیەوە و زۆرێک لە ھێزە سیاسیەکانی عێراق سەرگەرمی مشتومڕی بێ سوود و ململانێ ی نابەجێن لسەر پۆست و پایە وخۆدزینەوە لە کارو ئەرکە لە پێشینەکان کە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێران بووەکانی شەڕی تیرۆر و داعشە گەڕانەوەی خەڵکە کەیەتی .
لە کۆتاییدا ئەگەر ئەم ھێزە سیاسیانەی ئێستای عێراق بەتایبەتی حزبە دینی و تائیفیەکان کە لە پازدە ساڵی ڕابردوودا شکستیان ھێناوە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بە تایبەتی ئەمە بەڕوونی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی شارەکانی بەسرەو باشووری عێراقدا بەدەرکەوت بە خۆیاندا نەچنەوەو گوێ بۆ ئێش و ئازارەکانی خەڵکی عێراق نەگرن بێگومان دەبێت چاوەڕوانی کاردانەوەی توندی خەڵکی بەش مەینەتی عێراق بن و چاوەڕوانی سەرھەڵدانی ڕەوت و جوڵانەوەی توندوتیژتربن لە قاعیدەو داعش .