ئەم ڕاوێژکارەی خامنەئی ئەڵێ بەغا هی خۆمانە. نە لە دەمی دەرچوو نە ئیشتباهی کردوە. بێگومان ئەم گەمە سیاسیە حیکمەتێکی تیایە وئێران لەم کاتەدا هەر وا بە هەوانتە ئەم باسە نا ووروژێنێ. ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێی شەڕی تایفی و ئیقلیمیە، ئەکرێ وەک سەرەداوێکی گونجاو بەکاربهێنرێت بۆ جۆرەها شرۆڤە و تیۆریزەکردنی بابەتەکان. ڕووداوەکانی ئەم دوایەی ناوچەکە (سیاسی، ئابووری، سەربازی) خوێندنەوەی ووردی پێویستە. پێشهاتە سیاسیەکان تاڕادەیەک سیمای سەردەمێکی نوێ ئەنوێنێ. لە لایەک جرت و فرتی دپلۆماسی ڕۆژئاوا و ئیران، لە لایەکی تر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش زەمینە خۆشکەرن بۆ گۆڕانکاری نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بە بڕوای من ڕەوشی دبلۆماسی ئێران، وەک دەوڵەتێکی خاوەن ئەزموون، بەرامبەر نەیارەکانی تا ڕادەیەک سەرکەوتووە. بۆ نمونە:
١- دەستەمۆ کردنی دەسەڵاتی سیاسی لە عیراق
٢- پاراستنی هەیمەنەی سیاسی خۆی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەی کەنداو
٣- خۆگرتن لەبەر ئابڵوقەی ئابووری
٤- هێنانە پێشەوەی ڕوحانی “میانڕەو”
٥- بەکارهێنانی ژیرانەی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی لە گەمەی سیاسی و دپلۆماسی
ئەمانە و چەندینی تر لە پێشهاتە سیاسیەکان هەلومەرجێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی گونجاوی بۆ ئەجیندای سیاسی ئێران خولقاندوە. خۆ ئەگەر بە ووردی لە ڕووداوەکان بڕوانین و نیوان دێرەکان بخوێنینەوە، هەست ئەکەین چاوپۆشی ئەکرێت لە پلانگێڕی ئێران لە ناوچەکەدا. سیاسەتی ڕۆژئاوا بەگشتی و دەوڵەتی ئۆباما بە تایبەتی بەرامبەر ئێران زیاتر سیاسەتی لاوانەوەیە نەک بەرەنگاریکردن. دیارە مەبەستی ئێران فراوانکردنی قەلەمڕەوی دەسەڵاتە بەتایبەتی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و لە بەرامبەردا هەندێک نەرمی ئەنوێنێ لە پرسی بەرنامەی ئەتۆمی. هەر ئەوەندەش بەسە بۆ ئیدارەی ئۆباما، تا وەک دەستکەوتێکی دیپلۆماسی بیخاتە ڕوو. لە ڕاستیدا بەرنامەی ئەتۆمی ئێران زیاتر کارتی فشار بوو نەک هەڕەشە. چونکی ستراتیجی سەربازی ئێران، وەک دەوڵەتێکی مەزهەبی، جیاوازە لە ستراتیجی سەربازی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا.
لە ئێستادا بەشداریکردنی ئاشکرای ئێران لە شەڕی “ڕزگارکردنی” تکریت و دەورووبەری زیاتر بۆ دابڕینی هەمیشەیی ناوچە سونە نشینەکانە لە شاری بەغدا و خوارووی عێراق، واتا لەتکردنی عێراقە لە ناوقەدا. ئەم دابڕینە تەواو ئەگونجێ لەگەڵ ستراتیجی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کۆماری ئیسلامی شیعی. بێگومان لە مێژە ئیران وێڵی ساتە وەختێکی ئاوایە و کاری بۆ ئەکات. بەدڵنیایشەوە ئاغای یوسفی لەبەر ڕۆشنایی ئەجیندای دەوڵەتی ئیران ئەو نوتقەی داوە.
فەلاحی شێخ رەئووف
سلێمانی ٢٠١٥/٣/١١