سەدیق سەعید ڕواندزی
کۆمەڵگەی کوردی ( مەبەستم باشوورە) پڕە لەو نەریتە دۆگما و خیڵەکی و میللی و دواکەوتووانەی مایەی ئازارێکی قووڵن بۆ مرۆڤ و وێرای ئەو ھەموو بە ناو ژیاریبوونە و پێشکەوتن و کرانەوە ھزرییە، لە ڕێگەی پێشکەوتنە ژیاریی و زانستییەکانی سەردەم، کەچی بە داخەوە ئەو نەریتانە ھەر وەک خۆیان ماونەتەوە. یەکێکیش لە بێ ماناترین و پڕ ئازارترین ئەو نەریتانە، چوونە نێو ژیانی تایبەتی کەسەکانە و پرسیارکردنە لە بارەی دۆخی کۆمەڵایەتی و ژینگەی کەسی و خێزانی و پیشە و داھات و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئایدیای سیاسی و چەندانی تر. من بە سرووشت، کەسێکی گۆشەگیر و تەنیام و حەزم لە تەنھاییە و ئەم خووەش لە منداڵییەوە بۆم دروست بووە، ئیدی بە ئێستاشەوە زۆر ئارەزووی تێکەڵبوون و چوونە نێو بازنەی کۆمەڵایەتی و گەڕان و دەرچوون و ژیانی ڕووکەشیانە ناکەم، بە تایبەتیش کە خۆم ھێشتا نەچوومەتە نێو قەفەزی ژەنگاوییەوە (وەک ئەوەی ڕۆژانەپێم دەگوترێت) ھێشتا ھەر سینگڵم، بۆیە نزیکترین ھاودەم لە ڕوحم کتێب و خوێنەوەیە. ئەو کاتانەشی دەمەوێت کەشێک بگۆڕم، پیاسەیەکی تەنیای شار دەکەم . بە تەنھا پیاسە کردن بۆمن، ھەمان دنیای نێوکتێب و خوێندنەوەیە، چونکە سات وا بووە، بە ڕێگەوە بیرۆکەی وتارێکم بۆ ھاتووە، دیاردە و باسێکم بیر ھاتۆتەوە، سەرنجم لە ژینگە و ڕەفتاری مرۆڤەکان داوە. لە تەنھاییدا، مرۆڤ تەنھا نییە وەک ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە تێی گەیشتووە، بەڵکو سەرێکە و ھەزار سەودای ھەیە. پەشێوی مەزن لەم ڕووەوە شیعرێکی جوانی ھەیە و دەڵێت:
کە من بێ دەنگم تۆ مەمدوێنە
تا میوەی داری سەرم پێ ڕانەگا
چڵی زمانم ڕامەوەشێنە
کە من بێ دەنگم وامەزانە دەست بە تاڵم
لە ناوەوە وەک بەدالەی تەلەفۆنم
لە ھەزار لاوە سەرقاڵم
پیاسەکردن بە تەنھا لە کۆمەڵگەی ئێمە، بە جۆرێک لەنامۆیی کۆمەڵایەتی و نا ئاساییبوون لێک دەدرێتەوە. گەر تۆ تەنھا بیت، خەڵک لە خەیاڵی خۆی بیری بۆ ئەوە دەچێت، کە تۆ شێتی یان عاشق ! بۆیە کاتێ بە لاتدا ڕەت دەبن، بە چاوێکی نامۆ و بە سەرنجەوە تەماشات دەکەن. زۆرجار لەکەشی باراناوییدا، ئەو دەمەی دڵۆپە بارانەکە وەستاوە، من چەترەکەم ھەڵداوە، کەسانێک پێیان گوتوم( بۆچی چەترەکەت ھەڵداوە خۆ باران نابارێت مامۆستا) وەک ئەوەی من نەزانم باران وەستاوە ! بەڵام ئەم کەش وکاتە خۆشترین ھەست وچێژ بە من دەدات. من کاتێ بە تەنھا دەبم و بە کوچە و کۆڵانەکانی شار و لێوارە جوان و دڵگیرەکانی خەرەند دەسووڕێمەوە، دەچمە نێو جیھانە تایبەتی و کەسیەکەی خۆمەوە کە نە کەس ھەستی پێ دەکات، نە کەسیش پەی پێ دەبات جگە لە خۆم، بەڵام وێرای ھەموو ئەم ھەستە تەژی لە چبَژو بیرکردنەوانەش، بە داخەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، تەنیا بوون، یان نەچوونە نێو ژیانی ھاوسەرگیرییەوە، ھەمیشە لەکەیەکە بە تەوێڵتەوە، بۆیە کە بە تەنیا دەگەڕێیت، کەسانێک وەک شێت، یان عاشق سەیرت دەکەن، ڕەنگە من عاشق بم بەڵام شێت نیم، چونکە دەشێ مرۆڤ عاشقی کتێب، نیشتمان، سرووشت، تەنھایی، ژن بێت. ئەمانە بەشێکن لە تایبەتمەندی و ژیانی مرۆڤەکان و نابێ کەسەکان بڕوایان وابێت دەبێ ھەمووان ھەر لەگەڵ عامێ بچینە شامێ، کە من خۆم ھەرگیز وانەبوومە و واش نیمەو ھەمیشە دژی ئەو قسە بێ مانایەش دەبم. بێگومان من لە شارێک دەژیم، بە خۆشحاڵی و سەربەرزییەوە دەڵێم شاری ئەدەب و ڕۆشنبیرییە، بەدەگمەن ڕووداوێک، تاوانێک، لادانێک و دیاردەیەکی نەشیاوی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی لێ ڕوو دەدات، من مەبەست ئەوە نییە، بەڵکو دەبێ ئێمە وشیاربینەوە لەوەی کە مرۆڤەکان ناشێ ھەموویان وەک یەک بن. مەرج نییە ئەوەی تەنھا بێت، ئیدی دەبێ بە چاوێکی نامۆ سەیر بکرێت و فڕێ بدرێتە دەرەوەی بازنە کۆمەڵایەتییەکە، بە پێچەوانەوە ژیانی مرۆڤەکان، پەیوەندی بەخۆیانەوە ھەیە، چۆن دەژین و چی دەکەن، ڕێ پێدراوە تا ئەو ئەندازەیەی تۆ شوناس و ئازادی بەرانبەرەکەت پێشێل ناکەیت و ناسڕیتەوە، بۆیە دەبێ مرۆڤەکانمان بوێت وەک ئەوەی کە ھەنە، نەک وەک ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێت، بەداخەوە ئەمەش پەیوەندی بە ناھوشیاری کۆمەڵگەوە ھەیە و ھەموو ناھوشیاریەکیش لە غیابی کتێبەوە دروست دەبێت !
سەرنج: لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم بۆ مرۆڤە بەخشراوەکان، کە من ڕێزێکی بێ پایانیان لێ دەگرم، مەبەست لە شێت توانج و شکانەوە نییە، بەڵکو ئەو ڕوانینە خێڵەکی و میللیەیە کە مرۆڤەکان ھەیانە، چونکە وا دەزانن گەر کەسێک بەتەنھا سوڕایەوە، ئیدی ئەوە تەواو نییە.


































































سەدیق سەعید ڕواندزی






Discussion about this post