دراماکە لە ھەندێ رێکخراوەکانی ژنان باشتر خزمەتی بە ژنان کرد
چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
زنجیرە درامای “ئاکامی نەھێنییەکان” کە لە ١٠ ئەڵقە پێکھاتبوو، شەوانە لەکەناڵی کوردسات پەخشدەکرا و چیرۆکەکەی باسی لەکێشەکانی ژنان دەکات، سیناریۆ و دەرھێنانی سالار سوڵتان بوو، لەدراماکەدا خانمە ئەکتەر ھەژان ھێرش رۆڵی “شەھێن” و نزار سەلامی رۆڵی “نەبەز”ی دەبینی، کە لەدراماکەدا ھاوسەری یەکترن و نەبەز خیانەتی لێدەکات و لەئەنجامدا شەھێن دەچێتە شێڵتەرێکی پاراستنی ژنان لەنەبەز جیادەبێتەوە، دوای تەواوبوونی پەخشی دراماکە، (سڤیل) ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ھەژان ھێرش ئەنجامدا.
پرسیار: دوای پەخشی زنجیرە درامای “ئاکامی نھێنییەکان”. تۆ ئەکتەری سەرەکی دراماکە بووی، ھەندێ لەچالاکوانانی مافی ئافرەتان پێیان وابوو ئەو درامایە کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر کێشەی ژنان لەکوردستان، چونکە دراماکە ژنان فێری شێڵتەرەکان دەکات و لەگەڵ بچووکترین کێشە ماڵەوە جێبھێڵن تۆ لەبارەیەوە چیدەڵێی؟
ھەژان: ئەم پرسیارە پەیوەندی بە سینارستەوە ھەیە، بەڵام بەرای من دراما یاخود ھەر کارێکی ھونەری کاردەکرێت لەسەر بەشێک لەژیانی کۆمەڵگەکەت، جا ئەو ژیانە ھەر چییەک بێت، بەڵام بەداخەوە ھەندێ خەڵک بەردەوام بۆ رەخنە سەیری کارە ھونەرییەکان دەکات، ئەو چاوە رەخنەیەی چێژی کارەکەی بیردەباتەوە، ئەمە بەو مانایە نییە بڵێم ئەم درامایە رەخنە ھەڵناگرێت، دواتر سیناریۆی ئەو درامایە رووداوی راستەقینەیە، پاشان خیانەت و کێشەکانی تریش کێشەی بچووک نەبوون تاوەکو ژن لەمێردەکانیان قبووڵ بکات، بەڵام کۆتایی ھەموو کێشەکانیش جیابوونەوە نەبوو، ھەندێ لەژنەکانیان دەگەڕانەوە لای مێردەکانیان.
پرسیار: پێت وانییە شێڵتەرەکان وەک ھۆتێلێکی خۆش نیشانی ژنان درا؟
ھەژان: ھیوادارم خەڵک بە ھەڵە لە شێڵتەرەکان تێنەگەیشتبن، خۆ شێڵتەر سجن نییە تاوەکو ناخۆش نیشان بدرێت، جێگەیەکی کاتییە بۆ ئەو ژنانەی کێشەی کۆمەڵایەتیان ھەیە و ھیچی تر.
پرسیار: لەسەر داواکاری خۆت بوو کە بەشداری لەو درامایە بکەی یاخود لەسەر داواکاری تر بووە؟
ھەژان: بڕوا ناکەم ھیچ ئەکتەرێک بتوانێ نواندن بکات و ویستی خۆی تێدا نەبێت، لەسەرەتای کاسینی دراماکە کاک سالار دەرھێنەری دراماکە پەیوەندی پێوەکردم، بۆ کارەکتەری شەھێن، دوای بیرکردنەوەم واتریش کە تێستم کردم و کارەکتەرەکەم پێباش بوو، چونکە پێموابوو ئەکتەر لەو کارەکتەرەدا دەتوانێت توانای خۆی تێدا دەربخات.
پرسیار: مەبەستی بەشداریکردنت لەو درامایە چی بوو؟
ھەژان: وەکو لەسەرەوەش ئاماژەم بۆ کرد، کارەکتەری شەھێن سەرنجی راکێشام و حەزمکرد وەکو شەھێن بەرجەستەی بکەم و ھەژان نەبم.
پرسیار: بڕوات دەکرد دراماکەتان ببێتە مایەی رەخنەگرتنی چالاکوانی مافی ژنان؟
ھەژان: خۆ کارێکی خراپمان نەکردووە، بەڵام پێموایە لەزۆر کۆبوونەوە و سیمیناری ھەندێ لەرێکخراوەکانی ژنان باشتر خزمەتی بەژنان کرد، لەگەڵ رێزم بۆ ئەو رێکخراوە بەڕێزانەی بەردەوام لەخزمەتی ژنان دان.
پرسیار: دوای پەخشکردنی دراماکە، کاتێک لەبازاڕ یاخود لەشوێنێکی گشتی خەڵک تۆی دەبینی، پرسیاریان لێدەکری، ئەگەر قسەیان لەگەڵت دەکرد بەگشتی چیان دەگوت؟
ھەژان: من سوپاسی ھەموو گەلەکەم دەکەم لەھەر کوێیەک بن، چونکە بەراستی دەستخۆشییەکانیان زیاتر ئەرکی منی قورستر کرد، کە کاری باشتر و باشتر بکەم، سوپاسی ئەو کەسانەش دەکەم کە رەخنەیان ھەبووە و ھەوڵدەدەم لەکارەکانی داھاتوومدا سوودی لێوەربگرم.
پرسیار: لەم درامایەدا ھاوسەرەکەت تاچەند ھاوکارت بوو؟
ھەژان: دەروون گێژەن ھەمیشە ھاوکارێکی باشی کارە ھونەرییەکانی منە، بەتایبەت لەم کارەدا کە خۆشی یاریدەدەری دەرھێنەر بوو، ھەر گرفتێکم ھەبوایە لەم کارەدا دەروون ھاوکاری دەکردم.
پرسیار: ساڵی چەند لەگەڵ ھونەرمەند دەرون ژیانی ھاوسەریتان پێکھێناوە، بەخۆشەویستی بوو یان بەرێکەوت؟
ھەژان: بەڵی بەخۆشەویستی ژیانی ھاوسەریمان پێکھێنا و لە ١٠/٣/٢٠١٠ ئاھەنگی ھاوسەرگیریمان گێڕا.
پرسیار: غیرەت لە ھاوسەرەکەت ھەیە، قەت ھەست دەکەی رۆژێک خیانەتت لێ بکات؟
ھەژان: بەپێکەنینەوە، تۆزێک غیرەم لێی ھەیە، ئەوەش لەخۆشەویستی منە بۆ ئەو، بەڵام بەدڵنیاییەوە خیانەتم لێ ناکات، چونکە ئێمە ھاوڕێیانە ژیان بەسەردەبەین.
پرسیار: تاچەند خوێندووە؟
ھەژان: ئێستا خوێندکاری قۆناغی سێیەمی کۆلیژی راگەیاندنم لە زانکۆی سلێمانی.
پرسیار: لەگەڵ ئیشوکاری ناوماڵ چۆنی؟
ھەژان: لەبەرئەوەی من و دەرونیش لەدەرەوە زۆر سەرقاڵین، ماڵەوەمان لاشیرینە و حەزیشم لەئیشی ماڵەکەمە بەتایبەت چێشتلێنان.
پرسیار: بۆچی فەیسبووکت نییە؟
ھەژان: ئەو پرسیارەم زۆر لامەبەستە، لەبەرئەوەی تائێستا من فەیسبووکم نییە، بەڵام چەند کەسێک بەناوی منەوە فەیسبووکیان داناوە و بەناوی منیشەوە قسە دەکەن، بەڵام من رێزم بۆیان ھەیە، چونکە ئەوەندەی بیستوومە و سەیری دەکەم کاری خراپی پێوە ناکەن و بەڕێزەوە لاپەرەکە بەڕێوەدەبن.