کارۆخ مەلائەسعەد:” گۆرانیبێژی گەنجی شاری سلێمانی (شەھریار) دوای ئەوەی ماوەی سێ ساڵ بوو بێدەنگی ھەڵبژاردبوو، ھیچ کارێکی ھونەرییشی بەرھەم نەھێنابوو، بەڵام لە ئێستادا بە کارێکی تازە بێدەنگییەکەی دەشکێنێت و، ئەو کارەیشی گۆرانییەکی سینگەڵە و ھەمان گۆرانیشی کلیپ کردووە.
ئەو بۆ “ھەولێر” گوتی: “بەو پێیەی پەیامێکی زۆرم لە لایەن ھەوادارنم بۆ دەھات کە زیاتر لەوە بێدەنگ نەبم و، بەرھەمێک بچڕم.
بۆیە منیش لەبەر خۆشەویستم بۆ ئازیزانی دەنگم، کارێکی نوێم بەرھەمھێنا.
ئەو کارەیشم بریتییە لە گۆرانییەکی سینگڵ. گۆرانییەکەم بەناوی (لە دوای من کێ)ـیە، کە ئاواز و ھۆنراوەی خۆمە و دابەشکردنی میووزیک لە لایەن (ھێمن حوسێن)ـەوە کراوە و، دەنگ (ئاکۆ عومەر) لە ستۆدێۆی میلۆدی جێبەجێی کردووە.”
گوتیشی: “کلیپێکی پڕۆفیشناڵانەم بۆ ئەو گۆرانییەم لە ناوەوەی کوردستان لە شاری سلێمانی ئەنجام داوە، کە وێنەگرتن و دەرھێنان و مونتاج لە لایەن ( ئارام سەردار)ـەوە کاری بۆ کراوە، ھەروەھا سینارێۆکەیشی ھیی خۆم بووە.
لەو کلیپەدا کچێکیش بوونی ھەیە و وەکوو ئەکتەر ڕۆڵ دەبینێت، ھاوکات ھەوڵیشم داوە سیناریۆکەم بەشێوەیەک بێت حەقیقەتی ژیان وەکوو خۆی نیشاندات، بۆیەیش ھیچ گرینگیم بە جل و بەرگ نەداوە لەو کلیپەدا، بەڵکو ویستوومە خۆم لە ژیانی ڕۆژانەم چۆنم ھەروایش خۆم نیشاندەم.”
لە کۆتاییشدا گوتی: “ئەو کلیپەم ئێستا ھەموو کارەکانی بە کۆتا ھاتووە، لە ھەفتەی داھاتوویش لە کەناڵەکاندا پەخش دەکرێت. دڵنیایشم ماندووبوونی ئەو کارەم بەھەدەر ناچێت و بە دڵی ھەموو لایەک دەبێت.”