چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
شەکر مەجید، کە خانمە چالاکوانێکی بواری راگەیاندن و سیاسەتە رایگەیاند، دووجار ھەوڵی تیرۆرکردنی دراوە و دەڵێ ئێستاش لەشارەکەی ئێمە خەڵک لەلایەن تیرۆرستانەوە دەکوژرێن و
دەڕفێندرێن، شەکر مەجید عەلی، دەرچووی کۆلێژی یاسا، سەرنووسەری گۆڤاری “حەمرین”ـە، کە بەھەر سێ زمانی کوری و عەرەبی، تورکی دەردەچێت، ناوبراو ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، (سڤیل) چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەنجامدا.
سڤیل: لەبارەی رێکخراو و دامەزراوەکانی داکۆکیکردن لەمافی ئافرەتان رات چییە، ئەو رێکخراوانە تاچەند توانیانە سەرکەوتووبن لەکەمکردنەوەی کێشەکانی ئافرەتانی کوردستان؟
شوکر مەجید: وێرای ھەبوونی ژمارەیەکی زۆر لەرێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی ژنان و لاوان بۆیە بەگەیشن بە یەکەسانی مرۆڤەکان و نەمانی کەموکورتی و پێشێلکارییەکان، کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێ رێکخراوەکانی ژنان ھاتوونەتە کایەوە، بەراستی ھەندێ لەم رێکخراوانە توانیانە ئامانجی خۆیان بپێکنن و کاری جدی بۆ وشیارکردنەوەیان بکەن، لەلایەکی تریشەوە من واھەست دەکەم ژنانی کوردستان بەگشتی و ژنانی شاری خورماتوو بەتایبەتی خۆیان کەمتەرخەمن.. ھەتا ساڵی ٢٠٠٣ شاری خورماتوو شارێکی داخراوبووە بەھۆی لەژێر داگیرکەران بووە، دواتریش کەلتووری کۆمەڵایەتی زاڵبووە، تائێستاش ژنانی ئەم شارە بەگوێرەی پێویست سەردانی بارەگا و رێکخراوەکانی ژنان بکەن، ھەیشە لەماڵەوەن، پێویستە ئەو کەلتوورە بشکێنن.
ئەمڕۆ لەکوردستان زۆرترین رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان بوونی ھەیە، بەڵام یەکێک لەم کارانەی کە زۆر بەداخەوە کچان و ژنان توڕە دەکات بێمتمانەییان بەرامبەر بەرێکخراوەکانی ژنان، ئەو بێمتمانییانە وای لەکچان کردووە لەخۆیان بێزاربن، چونکە نازانن ئەو رێکخراوانە لەکێن و تاوەکو چەند ژنێکیان کۆنەکردۆتەوە بۆئەوەی نرخ و مانای خۆیان بزانن و ھەست بەبوونی خۆیان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێ لەرێکخراوەکان رۆڵی زۆر باشیان ھەبووە.
سڤیل: بەڵام ژنی سەرکەوتوومان ھەیە لە سیاسەتەوە؟
شەکر مەجید: بەڵێ بوونی ژنان لەدەسەڵاتدا دەبێتە ھۆکار بۆئەوەی یاساکان بۆ بەرژەوەندی ژنان بگۆڕدرێ لەم دەسەڵاتە، جێی شانازییە نموونەی ژنی سیاسیمان لەم وڵاتەدا ھەیە، بەڵام بۆچی وەکو پێویست خۆیان دەرناخەن؟ من لەگەڵ ئەو بۆچوونە نیم کە دەگوترێ دەسەڵات رێگرە لەپێشکەوتنی ژنان، ژنانی وڵاتی من خۆیان جەوسێنەری خۆیانن، تاوەکو ئێستا زۆریان لەماڵەوە وەکو کالا سەیر دەکرێن و ناتوانن بوونی خۆیان بسەلمێنن، نەک وەکو ئەوەی ئێستاش بەھەموو حزبە کوردستانییەکانەوە رێژەی ژنانیان لەسەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسییەکیان لەپەنجەی دەست تێپەڕ ناکات، بۆیە ھەق پەرلەمان ھەڵوەستە لەسەر ئەوە بکات و دەبێ گۆڕانکاری تەواو بەسەر عەقلیەتەکان و جۆڕی بیرکردنەوەیاندا بکرێ، چونکە ھەتا لەناخەوە بڕوا بە مەسەلەکان نەکرێ، ناتواندرێت چارەسەری تەواویان بۆ بدرۆزێتەوە. بۆ سەرکەوتنی ئەمەش دەبێت متمانەی تەواو جدی بکرێ بەرێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ھەر ئەو رێکخراوانەن دەبێ ژنان پێبگەیەنن تاوەکو لەرێگەی وشیارییەوە ھەست بەبوونی خۆیان بکەن و رێژەیان لەناوەندەکانی بڕیاردا زیاد بکەن.
سڤیل: بۆچی بواری راگەیاندن و سیاسەتت پێکەوە ھەڵبژارد؟
شەکر مەجید: ئێمە لەقۆناخێکەوە ھاتووینەتە قۆناخێکی تر، گۆڕانێکی زۆر بەسەر کۆمەڵگەدا ھاتووە، تاڕادەیەک جۆرێک لەکرانەوە کە لەگەڵیدا کۆمەڵێک گۆڕان کە لەروخسار و دیکۆردا ھاتووە ئاراوە، کە دەلالەتە لەئازادی دەکات.بەڵام ھەمیشە دەڵێم پێویستە مرۆڤ خۆی خۆی ئازاد بکات و ھەموو کۆد و بەندەکان بشکێنێ، بەشداریکردنی ژن لەسیاسەت زۆر گەورەترە تا لەپیاو، چونکە پێش ھەموو شتێک کۆمەڵێک رێگر ھەیە لەبەردەم ژناندا، ئێمە لەناو کۆمەڵگایەکدا دەژین تائێستا کەلتوور بەسەر ژناندا زاڵە.. کۆمەڵێک داب و نەریت و تەقالیت ترساندوویانن، رەنگە دەربازبوون لەم کۆد بەندە ئەرکێکی قورسە، بەڵام من گەشبینم بەرامبەر بەوەی رۆژێک لەرۆژان ھەموو ژنانی ئێمە بتوانن رۆحی خۆیان ئازاد بکەن و لەبواری راگەیاندن و سیاسەت جێی دەستیان زیاد بێت.
سڤیل: ئایا سیاسەت و راگەیاندن پێکەوە دەتوانین بیانگونجێنین لەسەردەمی ئێستادا؟
شەکر مەجید: ئاشکرایە راگەیاندن دەبێت لەئاست خزمەتکردنی ھاوڵاتیاندا بێت و بەئەمانەتەوە ھەواڵ و زانیاری بگوازێتەوە و ئەوانەشی لەم بوارەدا کاردەکەن دەبێ مرۆڤی لێھاتوو و ئازا و سنگفراوان بن لەئاست رەخنە و ھەڵەکانیان، لەھەمانکاتدا بەھیچ شێوەیەک نابێت بواری راگەیاندن بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەکاربھێنرێت، چونکە راگەیاندن گوزارشت لە خواست و ئیرادەی گەل دەکات، دەبێ ئەوەش بزانین لەئەمرۆدا ھەر حزب و گروپ و رێکخراوێک بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی خۆی رێباز و رێچکەی تایبەتی خۆی ھەیە، پێم وایە لەسەردەمی ئێستادا گونجاندنی سیاسەت و راگەیاندن کارێکی باش و پێویستە.
سڤیل: ژنانی راگەیاندنکار تاچەند توانیوویەتی راگەیاندن بەرەو پێش ببات؟
شەکر مەجید: من وەکو خۆم زۆر دەکەم ژن خزمەت بەبواری راگەیاندن بکات و ھەمیشە بەخۆشەویستییەوە بۆ ئەم بوارە بچێت و کاری تێدا بکات و شانبەشانی پیاوان بتوانێ خەڵک وشیار بکاتەوە، بەڵام بەداخەوە ئێمە لەکۆمەڵگەیەکی داخراوداین راگەیاندن لای زۆرێک لای باوک و براکان بووە بە دێوەزمە، یان لەنێو کۆمەڵگەدا وەکو کارێکی نارەوای لێھاتووە، ناھێلن ژن و کچەکانیان لەم بوارەدا کار بکەن. راگەیاندن لای ئەم جۆرە پیاوان پیشەیەکی پیاوانەیە، ژنان بەھیچ شێوەیەک مافی کارکردنیان لەم بوارەدا نییە، کاتێک لەنێو کۆمەڵگە بەمشێوەیە لەراگەیاندن بڕوانن ئیتر چۆن لەسەر دەستی ژنان دەچێتە پێشەوە! بۆیە تائێستا ژنان وەکو پێویست نەیانتوانیووە لەم بەشە کاربکەن یاخود توانای بەرەوپێشبردنیان نییە.
سڤیل: تۆ خۆت دەرچووی کۆلێژی یاسایی، دەکرێ بزانین وەزیفەی یاسات؟
شەکر مەجید: یاسا سەیرکردنی ھاوڵاتیانە بە یەکسانی و دانانی بۆ ھەرکەسێک وەکو سەروەری مانای ژیان لەیاسادا دەدۆزیتەوە، ئەگەر ژیانێکی ئاسوودەمان بووێت دەبێ یاسا بەپیرۆزی راگرین، ئێمە سێ جۆر دەسەڵاتمان ھەیە، یاسای دانان و قەزا و جێبەجێ کار، جگە لەراگەیاندن وەکو دەسەڵاتی چوارەم، دەبێ لەگەورەترینمانەوە رێز لەیاسا بگرین و لەھەموو قۆناخ و سەردەمێک دەبێ سەروەر بێت.
سڤیل: تاچەند قورسایی ھاتۆتە پێشت لەکاتی کاری رۆژنامەوانیدا؟
شەکر مەجید: ئێمە لەسەردەمی رژێمی بەعس ھەر کەسێک راستییەکان وەکو خۆی بڵاوبکاتەوە ئەوە رەوانەی زیندانی دەکرا یاخود تووشی کێشەوگرفت دەھات، بۆیە کەسێک جۆرئەتی ئەوەی نەدەکرد بابەتێک لەسەر راستییەکان بڵاوبکاتەوە، لەدوای ئازادی عێراقەوە زەمینەیەکی باش رەخساوە بۆ دەربڕینی راوبۆچوونی ئازاد کاری راگەیاندن و رۆژنامەنووسی ئەرک و کارکردن لەرووی جەستەییەوە قورسە و ماندووبوونی دەوێت، من وەکو کچێک لەم بوارەدا کار دەکەم و تائێستا ھیچ رێگریەکم نەھاتۆتەپێشەوە.
بەڵام نەک ھەر لەخورماتوو، بەڵکو لەشارەکانی دیکەش کچان و ژنان خۆیان لەم بوارەدا بەدوور دەگرن، رەنگە زۆرێک لەوان حەزبکەن کاری رۆژنامەنووسی بکەن، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئەو ئازادییەی لەکوردستان بوونی ھەیە لەبواری رادەبڕین وەکو پێویست نییە، بۆ نموونە من دووجار ھەوڵی تیرۆرکردنم دراوە، لەلایەن تیرۆستانەوە، چونکە کەسێکی راگەیاندنکارم و لەسیاسەت کار دەکەم، ئاشکراشە ئەگەر ژنێک لەسەر کاری رۆژنامەنووسی دادگایی بکرێ بەلای ھەمووانەوە بەدیاردەیەکی نامۆیی دەزانین، پیاوان زیاتر دەتوانن بەرگری لەخۆیان بکەن، لەلایەکی تریشەوە داب و نەرینی کۆمەڵگە و سیستەمی باوک سالاری رێگرە لەبەردەم چوونەدەرەوەی ژنان لەماڵ، ئەوانە و چەندین ھۆکارێکی دیکە وادەکەن کە ژنان نەتوانن لەبواری راگەیاندن و رۆژنامەنوووسیدا کار بکەن، بۆئەوەی ژنان و کچان لەم بوارەدا کاربکەن پێویستە حکومەت زەمینەی باشتر بڕەخسێنێ بۆ دەربڕینی را و بۆچوون، داواش لەکۆمەڵگە دەکەم دەستبەرداری بیری کۆن بن.