مانگ و ڕۆژ بوو بەشەڕیان
مانگ ووتی _ بێ دەنگی شەوانی من
لە بێ دەنگی ئەو دەچێ
ڕۆژ ووتی _ تیشکی بەرە بەیانم
لە تیشکی خەیاڵی ئەو دەچێ .
هەور و با بوو بە شەڕیان
هەور ووتی _ نمە بارانی من
لە فرمێسکە کانی ئەو دەچێ
با ووتی _ شنەی دەمەو ئێوارانم
لە بۆنی زوڵفی ئەو دەچێ .
ئاسمان و زەوی بوو بەشەڕیان
ئاسمان ووتی _ بەرزی و بڵندی من
لە بەرزی هەڵوێستی ئەو دەچێ
زەوی ووتی _ من دایکی هەموانم
دایکێتی هەر لەو دەچێ .
شەو و بەیان بوو بەشەڕیان
شەو ووتی _ درێژی و ڕەشی شەوانم
لە پرچەکانی ئەو دەچێ
بەیان ووتی _ ڕوناکی بەرە بەیانم
لە ڕونی ناوەڕۆکی ئەو دەچێ .
پۆڕ و کەو بوو بە شەڕیان
پۆڕ ووتی _ لەنجەو لاری نێو شاخانم
لە لەنجە و نازی ئەو دەچێ
کەو ووتی _ قاسپە قاسپەکە من
لە خوێندنەوەی شیعری ئەو دەچێ
باز و پڵنگ بوو بەشەڕیان
باز ووتی _ تیژی چاوەکانی من
لە تیژی قەڵەمی ئەو دەچێ .
پڵنگ ووتی _ ناو قەدی باریکی من
لە باریکی ناوقەدی ئەو دەچێ
بروسکە و ڕوبار بوو بەشەڕیان
بروسکە ووتی _ بروسکەو هاواری من
لە ناڵەی شەوانی ئەو دەچێ
ڕوبار ووتی _ ماسییە کیژەکەی ناو سینەم
جوانییەکەی هەر لەو دەچێ .
شاعیرێک خۆی و قەڵەمەکەی وتیان
هەست و نوسینی ئێمە
لە خۆشەویستی ئەوە
شیعر کە جوان دەر ئەچێ .
ڕێباز عوسمان عزیز
ستۆکهۆڵم
٢٠٠١