نووسینی : بورھان شێخ ڕەئوف
ھێزەکانی سوریای دیموکرات کە لە لایەن ئەمریکاوھاوپەیمانەکانیەوە پشتیوانیان لێدەکرێت لە دوانزە ڕۆژی ڕابردوودا لە دوای شەڕێکی سەخت و فیداکارانە توانیان ئابڵووقەی شاری مەنبەج بدەن کە لە بندەستی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی داعشدایە لەسەر سنووری تورکیاو سوریایە سەرەڕای بوونی نیگەرانیەکی زۆر لەسەر ژیانی دەیان ھەزار خەڵکی سڤیل لەو شارەدا لەلایەن ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکانەوە چونکە لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا زیاتر لە بیست ھەزار کەس ئاوەرە بوو ن و و پێشبینی کۆچ و ڕەوی زیاتری لێدەکرێت .
بەڵێ ھێزەکانی سوریای دیموکرات کە لە زۆرینەیەکی کوردی لە یەکینەکانی پاراستنی گەل و چەند لایەنیکی دیموکراتی عەرەبی پێکدێن سەرکەوتووبوون لە سەپاندنی ئابڵووقەیەکی مکوم لە چوارلاوە بە سەر چەکدارەکانی داعشدا کە ڕێگاکانی (منبەج _ غەندورە) و ( منبەج _ عین عیسا ) و ( منبەج _ ڕقە ) و ( منبەج _ جرابلس ) و ( مبەج _ ئەلباب _ حەلەب ) دابخەن و زیاتر لە سەد گوند لە دەوروبەری منبەج ئازاد بکەن .
بەڵێ لە شەڕی دوانزە ڕۆژی ڕابردوودا زیانێکی گیانی زۆری لێکەوتووەتەوە کە زیاتر لە ١٩٦کەس کوژراون کە ١٧٣ کەسیان چەکداری دەوڵەتی ئیسلامین و ٢٣ کەسیش لە ھێزەکانی سوریای دیموکراتن کە لە ناویاندا سەرکردەی قارەمان و جەنگاوەرو شەڕەڤانی شاری کۆبانێ ی خۆڕاگر فەیسەڵ سەعدون ناسراو بە ئەبو لەیلا ی سەرکردەی کەتیبەکانی خۆری باکووری تێدا بوو کە برێت ماکجۆرک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا ئۆباما لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی پرسەو ماتەمینی خۆی ڕاگەیاند بەو بۆنەیەوە ووتی ئێمە نوێژ لەسەر گیانی ئەبو لەیلا دەکەین کە خۆی کردە قوربانی ڕزگاری نیشتمانەکەی.
ھەرچەندە ئەمریکیەکان دڵنیایی یان داوە بە تورکیا ی دۆست و ھاوپەیمانی لە مێژینەیان لە پەیمانی ناتۆ کە مەنبەج شارێکی عەرەبیە ھەرچەندە بەشێکی زۆری ھێزەکانی سوریای دیموکرات کوردن و سەرکردایەتی ھێزەکە دەکەن بۆ یە ھەمیشە جێگەی نیگەرانی و سەرئێشەن بۆ تورکیا , تورکیا ئەو ھێزانە بە بەشێک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) دەزانن وکە پۆلینی کردووە لە لیستی تیرۆر .
بۆچی تورکیا نیگەرانە لەم پرۆسەیە و لە نزیکبوونەوەی کوردی ڕۆژئاوا و ئەمریکا ؟
ئەگەر بەڵێنەکانی ئەمریکا لەسەر بەڕێوەبردنی مەنبەج لە دوای ئازادکردنی لە لایەن ھێزە عەرەبیەکانەوە جێبەجێ نەکرێت وەکو بەڵێنیان پێدراوە ھەروەکو مەولود چاویش ئۆغلۆی وەزیری دەرەوەی تورکیای وتی, ئەوا کورد ئەوکاتە دەسەڵات و حوکمڕانیەکەیان درێژ دەبێتەوە ھەر لە کۆبانی لە ڕۆژھەڵاتەوە تاوەکو عەفرین لە خۆرئاوا لە سەر سنووری تورکیا ئەو کاتە ھەرێمێکی کوردی یەکگرتووی لە باکووری سوریا بەرپا دەبێت کەئاواتی لە مێژینەی کوردە .
لە کۆتاییدا دەبێت بپرسین مەبەست لەم پرۆسە سەربازیە چیە ؟
ئەی فەرەنسیەکان لەڕۆژئاوای کوردستان چی دەکەن ؟
ھەرچەندە ڕۆژی ھەینی ڕابردوو ١٠ ی حوزەیران برێت ماکجۆرک ووتی ھێزەکانی سووریای دیموکرات تەواوی ڕێگەی ھاتوچۆی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی داعشیان بڕیووە ( مەنبەج – باب ) تەواو گەمارۆ دراوان و ھیچ دەرەچەو مەنفەسێکیان نەماوە بەڵام ڕامی عەبدوڕەحمانی بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی تەنھا ٥٠ کم ماوە بۆ ئەوەی داعش بە تەواوی لە جیھانی دەرەوە داببڕێت چونکە داعش لە عێراق و سووریاش ھیچ ڕێڕەوێکی سنووری بە دەستەوە نیە جگە لە جەرابلووس لە ڕێگەی ڕیفی ئەعزازو ڕیفی حەلەبی شیمالەوە .
ماوەتەوە ڕۆڵی فەرەنسیەکان ھەروەکو ئاگادارین لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باس لە دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی فەرەنسی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت و وەزیری بەرگری فەرەنسا ئاماژەوە بۆ ئەوەکرد کە سەربازە فەرەنسیەکان بەشداری شەڕی ئازادکردنی مەنبەج دەکەن لە گەڵ ھێزەکانی ئەمریکا و سوریای دیموکرات لە ڕێگەی ڕاوێژو یارمەتی لۆجستی و ئاسمانی یەوە .
شایانی وتنە فەرەنسا یەکێکە لە وڵاتە ڕۆژئاواییانەی کە لەو بڕوایەدایە کە کورد بەھێزترین ھێزن بۆ بەگژاچوونەوەی داعش ودەبێت ئەوەش بڵێین کە ھەفتەیەک پێش پرۆسەی ئازادکردنی مەنبەج کوردەکانی سوریا نووسینگەیەکی نوێنەرایەتی یان لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کردەوە .
ماوەتەوە وەڵامی ڕۆڵی فەرەنسا بدەینەوە لەم پرۆسەیەدا ئەویش ئەوەیە کە زۆرێک لە چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسی لەو بڕوایەدان کە بوونی فەرەنسا لە سەر خاکی سووریا بۆ کۆکردنەوەی زانیاریە لە سەر ئەو فەرەنسیانەی کە لەناو ڕیزەکانی داعشدان کە لە ڕابردوودا بە زیاتر لە ٩٠٠ کەس دەخەمڵێنران بۆ ئەوەی چاودێری جموجووڵ و ڕێگرتن لە گەڕانەوەیان بۆ فەرەنسا بکات .
ھەروەکو باسدەکرێت ناوچەی جێبی مەنبەج بنکەیەکی لۆجستیکی گرنگە بۆ ھاتوچۆو ی جەنگاوەرانی بیانی لە ئەوروپاوە بۆ سووریاو بە پێچەوانەوەش بۆیە کۆکردنەوەی زانیاری بۆ فەرەنسیەکان بە دیاریکراوی لەم ناوچە گرنگی خۆی ھەیە بە تایبەتی دوای تەقینەوەکانی پاریس کە دەیان کەسی سڤیلی تێدا بوونە قوربانی کە خوێناویترین ھێرشی تیرۆریستی بوو لە مێژووی ئەوروپادا و ئاشکرا بوو ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستیە لەم ناوچەیەوە چووبوونە تورکیاو لەوێشەوە بۆ ئەوروپا .