لاش نۆرێن یەكێكە لەو نووسەرە دیارە شانۆییانەی بەرەگەز سویدییە، ئەو لە سەرەتای هاتنە ناو دنیای ئەدەب و نووسینی بە شیعر دەستی پێكردووە، وەلێ لەبەرئەوەی ئەو موعاناتی ژیانی زۆر بووە، بۆیە نەیتوانیوە لەرێگای شیعر ئەو موعاناتانەی دەربڕێ، دواجار دەستی داوەتە نووسینی دەقی شانۆیی، بەڵام وەك نووسەرێكی ئاسایی نا، بەڵكو داهێنەرانە، كۆڵەگەی ناوەرۆكی دەقەكانی ئەو بریتییە لە كێشەكانی خێزان و كۆمەڵگا.
شەڕ یەكێكە لە دەقە هەرە دیارەكانی لاش نۆرێن، بە جۆرێك كە دەقی شەڕ بۆتە ناسنامەیەكی هەرە دیار بۆ ناسینەوەی لاش نۆرێن.
خۆی لە خۆیدا قسەكردن لەسەر ئەو دەقە بابەتێكی زۆر هەڵدەگرێ، لەبەرئەوەی لاش نۆرێن زیرەكانە و لێزانانە هەوڵی داوە و بگرە توانیویەتی لەو دەقەدا مامەڵەیەكی زۆر جوان لەگەڵ سەردەمی دوای جەنگ بكا، هەموو ئەو جەنگانەی دەبنە ماڵ كاولی و ماڵ وێرانی بۆ میللەتان و هەر تاكە ئاسایی و خەڵكە هەژارەكەن دەبنە قوربانی.
ئەوەی دەمەوێ لێرەدا قسەی لەسەر بكەم نمایشی شانۆیی “هیچ منداڵێك لە ئارادا نییە”یە كە محەمەد جەمیلی شانۆكار ئەو تێكستەی لە شەڕی لاش نۆرێن وەرگرتبوو، لە فێستیڤاڵی ساڵانەی پەیمانگای هونەرەجوانەكانی هەولێر و لە 15/2/2010 لە هۆڵی گەلی شاری هەولێر نمایشكرا.
هەموو ئەوانەی كارە شانۆییەكانی حەمە جەمیلیان بینیوە دەزانن كە ئەو لە بەشی هەرە زۆری كارەكانی ئەوەندەی بایەخ بە جووڵەو تەكنیك دەدا ئەوەندە بایەخ بە حیوار و گفتوگۆ نادا، هەر بۆیەشە بینیمان لەو شانۆگەرییەشدا دەرهێنەر هەمان ستایلی پەیڕەو كردبوو.
نمایشە شانۆیی هیچ منداڵێك لە ئارادانییە نمایشێك بوو هەر لە سەرەتاوە بە كۆمەڵێك جووڵەی جوانی شانۆیی دەستی پێكرد، ئەگەرچی بە بڕوای من لە سەرەتادا جووڵەكان كەمێك زۆربوون بە شێوەیەك كە مەلەلی لەناو بینەر دروست كردبوو، ئەوەش لەبەرئەوەی بینەر نەیدەزانی باسی سەرەكی چییە؟
لەوانەیە لەوەشدا دەرهێنەر مەهامی تایبەتی خۆی هەبووبێ، بەوەی كە ویستوویەتی لە دەستپێكدا بە كۆمەڵێك جووڵە شتە سەرەتاییەكان بگەیەنێ، وەلێ من لەوەیاندا دەرهێنەر بە سەركەوتوو نازانم، لەبەرئەوەی نەك هەر بینەری ئاسایی، بگرە بەداخەوە بەشێكیش لە هونەرمەندانمان وەكو پێویست لە جوانی جووڵە “جمالیات حركی” نەگەیشتوون، بۆیە كارێكی لەو جۆرە جێی پرسیارە بۆ بینەران.
خاڵێكی گرنگ كە لەو شانۆگەرییەدا هەستم پێكرد و زۆر بەڕوونی جێدەستی دەرهێنەرم بە كارەكەوە بینی، ئەویش ئەوەبوو جیا لە زۆربەی هەرەزۆری شانۆگەرییەكانی دیكە جۆری دەربڕینی حیوار لەو شانۆگەرییەدا جیاواز بوو، بەوەی لەگەڵ دەربڕینی هەر حیوارێكدا دەمانبینی ئەكتەرەكە هەوڵی دەدا لەپاڵ حیوارەكە ئامانجەكەی خۆی بە جووڵە بگەیەنێ، كە ئەوەش كارێكە جێگای ستایشەو دەكرێ لەرێگای ئەو جۆرە هەوڵانەوە بینەر بە زانستی جوانسازی جووڵە ئاشنا بكەین، بۆیە دەڵێم خۆزگە حەمە جەمیل لە دەستپێكی نمایشەكەشدا هەر بەو ستایلە كاری كردبا.
ئەگەر بێتوو ئێمە بێینە سەر ئامادەكردنەكەی حەمەجەمیل بۆ تێكستەكە، ئەوا زۆر روون و ئاشكرا بوو كە ئەو لەڕووی دایەلۆگەوە كارەكەی زۆر كورت كردبۆوە و هەوڵی دابوو تەواوی بابەتەكە بە تەنها لە كێشەكانی دوای جەنگ و دوای لاقەكردنی كچەكان و شووكردنی دایكەكە بە برای پیاوەكەی خۆی بخاتەروو، ئەوەی من بینیم لەڕووی ناوەرۆكەوە دەرهێنەر توانی بەشێك لە پەیامەكەی لاش نۆرێن بگەیەنێ، وەلێ بەبڕوای من حەمە جەمیل زیرەكانە مامەڵەی لەگەڵ كورتكردنەوەی دایەلۆگەكان كردبوو.
هەموومان دەزانین و روون و ئاشكراشە كە ئەو كەسەی لە جەنگ دەگەڕێتەوە كەسێكی ماندووە و لەڕووی جلوبەرگ و بایەخدان بە خۆشی ئەو تواناوخولقەی نییە، وەلێ لەوەدا حەمە جەمیل سەركەوتوو نەبوو، لەبەرئەوەی هەروەكو لە دەقە ئەسڵیەكەدا هاتووە باوكی منداڵەكان كە لەشەڕ هاتۆتەوە جلێكی شڕی سەربازی لەبەرە، وەلێ لەو شانۆگەرییەدا ئێمە باوكەكەمان وا نەبینی، بەڵكو ئەو وێڕای ئەوەی گەنجێكی جوان بوو، جلەكەشی جلێكی رێك بوو، پانتۆڵ و قەمیسێكی جوان و پاكی لەبەربوو وەك ئەوەی لە گەشت و سەیران بە نائومێدی گەڕابێتەوە، جا نازانم ئامانجی دەرهێنەر لەوەدا چی بووە؟
جیا لەوە دەتوانم بڵێم لە هەڵبژاردنی جلوبەرگدا گەمەیەكی ئایدۆلۆژی سیاسی هەبوو، بەوەی كچەكان یەكیان جلی سەوز و ئەویدیكەشیان جلی زەردی لەبەربوو، لەناو نمایشەكەشدا ناوهێنانی زەرد و سەوز بە كارێكی نەشیاو دەزانم، لەبەرئەوەی تۆ باسی دەقێك دەكەی كە لە سەردەمێكی زوودا نووسراوە و دەرهێنەریش نەیبەستبۆوە بە رووداوەكانی ئەمڕۆ، بۆیە بەكارهێنانی ئەو حیوار و جلوبەرگانە نەگونجاو بوو، خاڵێكی دیكەش هەیە كە گەواهی ئەو راستییە دەدا، ئەویش ئەو بنەماڵەیە كە لەدوای شەڕ جێماون گەورەترین كێشەیان نەبوونی پارەیەو پارەی نان خواردنی خۆیان نییە، ئیدی چۆن جلوبەرگێكی ئاوا جوان و مۆدێرن دەپۆشن.
بێمە سەر لایەنی نواندن لەو شانۆگەرییەدا، هەموومان دەزانین لە شانۆدا نواندن گرنگترین شتێكە كە بینەر دەیبینێ، لەو كارەشدا بەبڕوای من دەرهێنەر زیرەكانە توانیبووی كار لەسەر نواندنی قوتابییەكان بكا، بە شێوەیەك كە هەریەك لە “پەریسا سەڵاح، هەردی محەمەد، سایە حوسێن، رابەر” توانیان وەكو ئەكتەری سەركەوتووی خاوەن ئەزموون نواندنی خۆیان بكەن، بەتایبەتی هەردی و پەریسا لەبەرئەوەی ئەوان زۆر بەجوانی توانیان ئەو خاڵانە دەربڕن كە پێویست بوو، ساكار عومەر فەتاحیش ئەگەرچی لە كۆتاییدا دەركەوت، وەلێ لە چەند جووڵەیەكی زۆر جواندا بەجەستە پێی گووتین كە ئەو كچە ئەكتەرێكەو دەتوانێ كاری جوان بكا.
لەڕووی دیكۆر و سینۆگرافیاشەوە، كە ئەو كارە مەهدی حەسەن و دیار عومەر كردبوویان، بەبڕوای من ئەوان توانیبوویان رێك ئەو شوێنە بێننە سەر تەختەی شانۆ كە لاش نۆرێن لە دەقەكەی باسی دەكا، تەنها شتێك كە شوێنەكەی جیا دەكردەوە، بوونی هەردوو كتابە گەورەكە بوو لەسەر شانۆ كە لە كۆتایی نمایشەكەدا بە جووڵەیەكی جوانی هاوشانی نمایشە جووڵە ئامێزەكە هەردوو كتێبەكەیان هێنایە ناوەندی تەختەی شانۆ.
وەكو كاری رووناكیش و مۆسیقاش، بە تایبەتی رووناكی شانۆییەكە بەشێوەیەكی زۆرجوانی گونجاو لەگەڵ نمایش و رووداوەكانی نمایشەكە دانرابوو، كە ئەوەش كاری حەمە جەمیل خۆی و زاهیر ئیبراهیم بوو، ئەو دوو شانۆكارەی بەشی هەرەزۆری كاری رووناكی شانۆگەرییەكان لە هەولێر ئەوان دەیكەن، مۆسیقاش ئەگەرچ باش و گونجاو بوو، وەلێ دەكرا لەوە باشتربێ و بە تایبەتی لەوكاتانەی كە كە جووڵە سێكسی ئامێزەكان یان ئەوكاتەی دایكەكە دەستی خۆشەویستەكەی دەگرت بەشێوەیەكی جوانتر و رۆمانسی تر بووایە.
كۆتایی نمایشەكەو دەركەوتنی هەموو راستیەكان بۆ دایك و باوكەكە، بەوەی هەمان ئەو پیاوەی پەیوەندی سێكسی لەگەڵ دایكی منداڵەكان تێكەڵ كردبوو، لەكۆتاییدا كاری سێكسی خۆی لەگەڵ كچە گەورەكەش كرد، ئەوەیان ئەوەمان پێدەڵێ كە هەموو ئەو كەسانەی پەیوەندی سێكسی لەگەڵ كەسانێك تێكەڵ دەكەن، هەر ئەوانیشن كە هەوڵ دەدەن لەگەڵ زۆرترین كچ و ژن رابوێرن.
مەسعودی مەلا هەمزە