کەڤاڵ نیوز- مەسعودی مەلا ھەمزە :لەبەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ھەولێر و لە سیناریۆ و دەرھێنانی تۆفان ئەبوبەکر فیلمی دیکۆمێنتی ریال مەدرید و بەرشلۆنە سەرجەم قۆناغەکانی تەواو بووە و ئامادەی نمایشە.
فیلمی دیکۆمێنتی ریال مەدرید و بەرشلۆنە کە سیناریۆ و دەرھێنان و بەڕێوەبەری وێنەگرتنی تۆفان ئەبوبەکرەو ھەریەک لە بیلال شاکر و ئیبراھیم رەمەزان وەک وێنەگر لەکارەکە بەشدارن و بیلال شاکر کاری مۆنتاژی فیلمەکەی ئەنجامداوە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا تۆفان ئەبوبەکری وێنەگر گوتی”فیلمی دیکۆمێنتی ریال مەدرید و بەرشلۆنە باس لەو ساتانە دەکات کە ھەردوو یانە بەیەکەوە یارییان ھەیەو ھاندەرانی کورد لە کوردستان چۆن پێشوازی لەو یارییە جیھانییە دەکەن”.
تۆفان گوتیشی”ھەر لەو فیلمە دیکۆمێنتییەدا بەشێوەیەکی مەیدانی سەرجەم ئەو رووداو و کێشانە خراوەتەڕوو کە لەکاتی یارییەکانی نێوان ئەو دوو یانەیە لە کوردستان روودەدەن”.
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا تۆفان گوتی”ئەم فیلمە بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ھەولێرەو لە ئێستادا سەرجەم قۆناغەکانی تەواو بووەو بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ چەندین فێستیڤاڵی ناوخۆیی و دەرەکی بینێرین”.