عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
لە مێژوودا خوێندوومانەتەوە کە دیکتاتۆرییەکان لە زۆر حاڵەت لە چیرۆکەکاندا “دەستپێکەر” بوون، بەڵام “تەواوکەر” نەبوون! ئەمەش رەگ و ریشەی لە پێناسەی دیکتاتۆرییەت و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و وریایی گەلدان هەیە. ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندان لەم پرەنسیپە بنەڕەتییە بەدوور نەبووە و نییە. کەسانی وەک حەمەڕەزا پەهلەوی و خومەینی و خامنەیی دەستپێکەری دیکتاتۆرییەت خۆیان بوون، بەڵام وەک بینیمان لە ساڵی ١٩٧٩دا یەکێکیان لە لایەن خەڵکەوە رووخێنرا و ئەویتریان، واتە دیکتاتۆرییەتی مەزهەبیی ویلایەتی فەقیهی لەسەر دەستی گەل بەرەوڕووخاندنە! لە راستیدا گەل “تەواوکەر”ی چیرۆکەکانن. چونکە زانست و فەلسەفە بە درێژایی مێژوو چەندین جار ئەمەیان نیشان داوە!
با نەچینە رابردووی دوور و نموونەی ئەمڕۆی ئەم یاسا سەلمێنراوە، ئەو شەڕەیە لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەرەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکردووە و سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی راکێشاوە! تێڕوانینێکی قووڵ بۆ ئەم بابەتە دەمانگەیەنێتە سەرچاوەی ئەو راستییە و رەوایەتی ئەم یاسایە بە روونی نیشان دەدات!
رژێمی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنیەوە (1979) دەرکەوتنی خۆی بە سەرکوتکردنی “ئازادییەکان” لە ئێران دەستپێکرد و بەردەوامبوونی خۆی لەسەر بنەمای “شەڕفرۆشی” و هەناردەکردنی قەیرانەکان بۆ دەرەوەی سنوورەکان داڕشت. بینیمان لەسەر ئەم بنەمایە، شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقی هەڵگیرساند. لە رێگەی بنەماڵەی (ئەسەد)ەوە دیکتاتۆرییەتی بەسەر گەلی سوریادا سەپاند. لە لوبنان لە ژێر ناوی (حیزبوڵڵا) رەگی داکوتا و تیرۆریزم و شەڕخوازیی هەڵگیرساند. لە فەلەستین (گرووپی بە وەکالەت)ی دروستکرد و بوو بە بنەمای ئەو شەڕەی ئێستا دەیبینین. لە وڵاتانیتریش بە “تیرۆر و بناژۆخوازی” دەستی کرد بە هەڕەشەکردن و راکێشانی خەڵکانیتر بۆ پاراستنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت لە ئێران!
چەند پرسیارێکی بنەڕەتی!
با بیهێنینە بەرچاو کە ئەگەر رژێمێکی لەمشێوەیە لە ئێران نەهاتبایەتە سەر کار یان نەهێنرایەتە سەر کار چ دەبوو؟ یان بیهێنینە بەرچاو ئەگەر دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لە ئێران، سەرمایەی وڵاتێکی ٨٥ میلیۆن کەسییان نەدزیبا چ دەبوو؟ لە کۆتاییدا ئەوە بهێنینە بەرچاو کە ئەگەر “موقاومەتی ئێران” نەبوایە، چ بەسەر ناوچەکە و کۆمەڵگەی جیهانیدا دەهات؟
ئەمانە ئەو پرسیارگەلەن کە لە دەرگای هەموو ماڵێکیان داوە بە ئێستایشەوە؟ خەڵکی ئێران و ناوچەکە و جیهان بە دوای “وەڵامدەر”دا دەگەڕێن. بە دڵنیاییەوە “دەیدۆزنەوە” و وەڵامی خۆیان سەر دەخەن! درەنگ یان زوو ئەمە روودەدات، بەڵام ناسوتێت و نافەوتێت!
سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی ئایینی!
بۆ خەسارناسیی “سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی” ئەوەمان بەسە سەیری دۆخی عێراق بکەین کە بەر لە هەر شتیک، بەرهەمی ئەم سیاسەتەیە و ئەگەر رێگری لە بەرانبەریدا نەکرێت، دۆخەلە زۆر لەوەی لوبنان و فەلەستین خراپتر دەبیت!
چونکە فێڵ و فێڵسازی و فریوەکارییەکانی رژێمی ئاخوندان زۆر زیاترە لە ئاستی کردەوەی دەوڵەتانی رۆژئاوایی یان عەرەبی. ئەم دەوڵەتانە لە هەر ئەگەرێکدا، ئەگەر خۆیان لە تەنیشت گەل و موقاومەتی ئێراندا نەدۆزنەوە، دۆڕاون و دەرئەنجامەکەی، بەرەوپێشەوەچوونی رژێمی فرەخواز و شەڕفرۆشی ویلایەتی فەقیهیە.
لەمدواییانەدا ژەنەڕاڵ جەیمس جۆنز، فەرماندەی پێشووی ناتۆ، لە وتار و شایەتیدانێکی بەنرخدا، وێڕای پیشاندانی سەری مارە شەڕخوازەکە، جەختی لەوە کردەوە کە “رژێمی ئێران ناوەندی حاشاهەڵنەگری ناسەقامگیری و ئاژاوەگێڕییە لە ناوچەکەدا”. بەڕێز جۆنز وتی: “رژێمی ئێران سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێکداوە و تیرۆر و توندڕویی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران هەناردە کردووە هەتا باڵادەستبوونە شووشەییەکەی خۆی بپارێزێت و ئەمەش، لە هیچ شوێنێکدا وەک پرسی فەلەستین بەرچاو ناکەویت”. سەبارەت بە بارودۆخی روو لە تەقینەوەی ناو ئێرانیش وتی: “ئێران بە تێکەڵەیەک لە ستەمکاری، شپرزەیی ئابووری، بێتوانایی و گەندەڵی وەک بۆمبێکی کاتی وایە. رووداوەکانی وەک کۆمەڵکوژی ساڵی 1367 (1988)و دەستنیشانکردنی ئیبراهیم رەئیسی، تەنیا رێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەم تێکەلە کاتییە. راپەڕینی ساڵی ١٤٠١ (2022)سەرەڕای زیانی زۆری گیانی، لێکترازانی هێزی دەسەڵاتدار و هەروەها ئیرادەی خەڵکی ئێران بۆ گۆڕانکاری نیشان دا”.
ناوبراو سەقامگیری و ئایندەی ناوچەکەی بەستەوە بە بەرەوپێشەوەچوونی خەڵک و ئایندەی ئێران و دوای نیشاندانی سەری مارە شەڕخوازەکە و ئاژاوەگێڕی لە تاران، وتی: “بە بۆچوونی من، تاکە رێگا بۆ ئاشتی لە ناوچەکە، پشتیوانیکردنە لە خواستەکانی خەڵکی ئێران بۆ گۆڕانکاری و دامەزراندنی کۆمارێکی دیموکراتیک و دوور لە هەر دیکتاتۆرییەتێکی ئایینی یان پاشایەتی. خواستی خەڵکی ئێران بە باشترین شێوە، لەو دروشمانەی لە ساڵانی رابردوودا لە شەقامەکانی ئێران بەرز کرانەوە دەرکەوت. واتا (مەرگ و نەمان بۆ ستەمگەر، چ پاشا بێت، چ رێبەر). لە کاتێکدا تاران سەرکوتکردنی زیاتر کردووە، تیشکی ئومێد لە شێوەی (ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەت) و پێکهێنەرە سەرەکییەکەی، واتا موجاهیدینی خەلقی ئێران دەرکەوت، کە گیانی راستەقینەی ئێران وێنا دەکات”.
دکتۆر لیام فۆکس، وەزیری بەرگریی پێشووی بریتانیا وەک زۆرێک لە سەرکردەکان و پەرلەمانتاران و کەسایەتییە سیاسییەکانی جیهان درکی بەوە کردووە کە سوپای پاسداران ئۆرگانی سەرەکی و ناوەندییە بۆ سەرکوتکردن لە ناوخۆی ئێران و شەڕهەڵایسێنەرە لە ناوچەکە و پەرەپێدانی تیمەکانی رفێنەر و بارمتەگرتن و تیرۆرە لە ئەوروپا و ئەمریکا.
لە دەرەنجامەکانی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ئایینی!
هەربۆیە جیا لە هەر تێڕوانینێک بۆ سەر شەڕی ناوچەکە، راستییەکە ئەوەیە کە، ئەم شەڕە بەرهەمی ئەو ئیمتیازاتە زیانبەخشانەیە کە لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا، بە سیاسەتی “سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی” دراوە بە خامنەیی و ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆکی ئاخوندان. ئەم رژێمە لە سەر هێڵی پەرەپێدان و فرەخوازی لە ناوچەکەدا، جل و بەرگی خۆماڵی و ئایینی بە بەر سوپای پاسداراندا کردووە وەک دەزگای سەرەکیی سەرکوتکردن و شەڕفرۆشی.
“سەری ماری ویلایەت لە تاراندایە” وەک ئادرێس و ئاخاوتنێکی ورد بۆ “سەرچاوەی شەڕخوازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست” کە پێش هەموو شتێک، ئێرانی “داگیر” و خەڵکی ئێران بە “دیل” و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکەی بە “بارمتە” گرتووە و لە هەنگاوی دواتردا، باجدانی بەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا سەپاندووە. ئەم چەمک و ئادرێسە کە لە لایەن موقاومەتی ئێرانەوە پێشکەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە و خراوەتە بەر دەم بیر و رای گشتی و لەوانە دەوڵەتان، تێکەڵەی ئەم راستییەیە کە، رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران ئەرکی خەڵک و موقاومەتی ئێرانە و پیویستە وڵاتانی جیهان یارمەتی ئەم دیکتاتۆرییەت نەدەن و ئەگەر بیانەوێت قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکەن، پێویستە سەری ماری ویلایەت بکەنە ئامانج. ئەم هەنگاوە دەتوانێت باشترین هاوکاری و هاوسۆزی بێت بۆ خەڵک و موقاومەتی ئێران، کە بێ گوێدانە هەر پێشهاتەیەک لە ناوچەکە و لەجیهان، سەرنجیان لەسەر رووخاندنی دیکتاتۆریی مەزهەبی لە تاران و سەرتاسەری ئێرانە!
دوژمنایەتیکردنی چارەسەری (دوو دەوڵەتی) بۆ پرسی فەلەستین!
نزیکەی دوو مانگ بەسەر دەستپێکی قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی کارەساتبار لە غەززە تێدەپەڕێت. بە پشتبەستن بە کۆدەنگیی پەرەسەندووی بیروڕای نێودەوڵەتی سەبارەت بە شەڕخوازی و رۆڵی تێکدەرانەی رێژیمی ئێران لەم قەیرانەدا، “چارەسەری دوو دەوڵەتی” بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ساڵانێکە لە ژێر خۆڵ و خۆڵەمیش دەرکەوتووە و لە هەموو کاتێک زیاتر بووەتە “پێویست”. ئەوەش وەک چارەسەر بۆ کێشەکە کە بەڕێز مەحموود عەباس (ئەبو مازن) سەرۆکی حکومەتی فەلەستین، لەگەڵ یاسر عەرەفاتی دۆستی دێرینی خۆی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی، لەسەر بنەمای رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان باسی کردووە. ئەم پێویستییە لەمدواییانەدا لە کۆبوونەوەی بەپەلەی سەرکردە عەرەبی و ئیسلامییەکان پشتڕاستکرایەوە و رژێمی شەڕخوازی ویلایەتی فەقیهی دژیەتی!
***
Discussion about this post