مەسعودى مەلا هەمزە: لەسەر داوەتى فەرمى و بانگهێشتى بەڕێوەبەرایەتى هونەرى شانۆی هەولێر- بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیری و هونەر بەشی شانۆی بنکەى هونەر و کلتوورى کوردستان لە بەریتانیا شانۆگەرى شەوێک لەوێ لە شارى هەولێر نمایش دەکەن. بڕیارە ئەم شانۆگەرییە کاتژمێر 6ى ئێوارەى رۆژی دووشەممە 26/7/2010 لەهۆڵی میدیاى شارى هەولێر نمایش بکرێ.
لەمبارەیەوە هیوا سوعاد بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى هونەرى شانۆی هەولێر لە لێدوانێکدا گوتى: بە مەبەستى ئاشناکردنى بینەرانى ناوخۆی کوردستان بە هەوڵە شانۆییەکانى کورد لە دەرەوەى کوردستان لەسەر بانگهێشتى بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بەشی هونەرو کلتوورى بنکەى کلتوورى کوردستان شانۆگەرى شەوێکى تر لە شارى هەولێر نمایش دەکەن، کە ئەو شانۆگەرییە لەماوەى نمایشیدا باس لە نەهامەتى و ئێش و ئازارەکانى تاکى کورد لە هەندەران دەکا”. شانۆگەرى شەوێک لەوێ لە دەقی تەرزە عەزیز و دەرهێنانى فوئاد عوسمانە، هەریەک لە “تەرزە عەزیز، بنار عەبدولرەحمان، دانەر مەردۆخى، شکۆ جوانڕۆ، سەرکۆ عارف، دیار حەسیب، باقی حەسەن، ئەلەند عوسمان” وەکو نمایشکار لە شانۆگەرییەکە بەشدارن.
شایانى باسە ئەم شانۆگەرییە لەهەریەک لە شارەکانى سلێمانى و دهۆک نمایشکراوە و بڕیارە لەمانگى نۆڤێمبەر لە فێستیڤاڵی شانۆی نەتەوە جیاوازەکان لە بەریتانیا بەزمانى ئینگلیزى نمایش بکرێ.