خاتوو فاتۆش گونەی ھاوسەری سینەماکاری ناودار و گەورەی کورد یۆڵماز گونەی، دوای بینینی فیلمی سینەمایی “شوێنێک بۆ یاری” خەڵاتی فەخری “یۆڵماز گونای”یی پێشکەش بە شەوکەت ئەمین کرد.
بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی کۆمپانیای “نارین فیلم”، فیلمی سینەمایی “شوێنێک بۆ یاری” (کیک ئاف) KICK OFF لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد شەوکەت ئەمین کورکی کە تاکوو ئێستا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری نێونەتەوەیی لە ئاستی دنیادا نمایشکراوە و کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، لە دوایین بەشداری خۆیدا لە شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی دھۆک ـ بەرلین لە ھۆڵی کۆنگرەی زانکۆی شاری دھۆک نمایشکرا و خاتوو فاتۆش گونەی ھاوسەری سینەماکاری کورد یۆڵماز گونەی دوای بینینی ئەم فیلمە، خەڵاتی فەخری “یۆڵماز گونای”یی پێشکەش بە شەوکەت ئەمین کورکی کرد.
فاتۆش گونەی ھاوسەری سینەماکاری ھەڵگری خەڵاتی چڵە بەڕووی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کان، لە دوای نمایشی فیلمی سینەمایی “شوێنێک بۆ یاری” لە وتەیەکدا گوتی: زۆر زۆر سەرفەراز و بەختەوەر بووم کە ئەم فیلمەم بینی و بەڕاستی ئەوەندە جوان و رێکووپێک بوو، کە بۆ من شوکێک بوو کە دەرھێنەرێکی کورد لە ھەرێمی کوردستان فیلمێکی لەو ئاستەدا سازکردووە.
گوتیشی: پڕ بە دڵ حەزم لەم فیلمە کرد و لە لایەن خۆمەوە خەڵاتی یۆڵماز گونای کە خەڵاتێکی فەخرییە پێشکەش بە شەوکەت ئەمین کوردی دەکەم.
ھەر لە تەنیشت ئەم فیستیڤاڵەدا فاتۆش گونەی لە دیدارێکی تایبەتدا کە سترانبێژی ناوداری کورد گولیستان پەروەر تیایدا ئامادەبوو، چاوی بە شەوکەت ئەمین کەوت و ھەست و سۆزی خۆی سەبارەت بە دوایین فیلمی ئەم سینەماکارە کوردە پێی راگەیاند.
فیلمی “شوێنیێک بۆ یاری” لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی ١٥مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی عەڕەبی لە شاری سانفرانسیسکۆ لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و توانی خەڵاتی سەرەکی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.
ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی سەرتاسەری جیھان لە رۆژانی ١٣ تا ٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١١ لە شاری سانفرانسیسکۆ بەڕێوەچوو.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی کۆمپانیای “نارین فیلم”.