سیناریوی پروژەی فیلمی نوێی (شەوکەت ئەمین کورکی) خەڵاتی ٢٥ ھەزار دوڵاری سندووقی فیلمی ئاکادیمیای خەڵاتی ئیسکرینی ئاسیا ـ پەسیفیک APSA و ئەنجوومەنی فیلمی ئەمەریکای لە وڵاتی ئوستوراڵیا بەدەستھێنا.
“بیرەوەرییەکانی سەر بەرد” Memories on Stone ناوی فیلمە تازەکەی (شەوکەت ئەمین کورکی)یە کە ئێستا لە قۆناغی ئامادەکارییە، سیناریوی ئەم پروژەیە لە نووسینی ھاوبەشی (شەوکەت ئەمین کورکی) و (مەممەد ئەکتاش)ە و بڕیارە لە ساڵی داھاتوودا کاری وێنەگرتنی ئەنجام بدرێت. ئەمە دووەمین خەڵاتی فیلمی “بیرەوەرییەکانی سەر بەرد”ە کە پێش وێنەگرتن وەریدەگرێت.
سندووقی فیلمی ئاکادیمیای خەڵاتەکانی ئیسکرین ئاسیا ـ پەسیفیک ASIA-PACIFIC و ئەنجوومەنی فیلمی ئەمەریکا، ساڵی ٢٠١٠ دەستی بەکار کردووە و ئەم خەڵاتە لە لایەن APSA وەکوو یارمەتییەکی ئابووری ساڵانە، پێشکەش بە ھونەرمەندانی براوە دەکرێت.
ئەمساڵ خەڵاتی سندووقی فیلمی ئاکادیمیای خەڵاتەکانی ئیسکرین ئاسیا ـ پەسیفیک و ئەنجوومەنی فیلمی ئەمەریکا بە ٤ سینەماکار لە وڵاتانی جیھان پێشکەشکرا.
دەرھێنەری کورد شەوکەت ئەمین کورکی ساڵی ٢٠٠٨ وەکوو ئەندامی ئاکادیمیای خەڵاتی سینەمایی ئیسکرینی ئاسیا ـ پەسیفیک APSA وەرگیرابوو، ئەم فیستیڤاڵە ھەموو
ساڵێک لە شاری گۆلدکۆئێستی وڵاتی ئوستوراڵیا بەڕێوەدەچێت.
ئاکادیمیای خەڵاتی سینەمایی ئسکرینی ئاسیا ـ پەسیفیک لە ساڵی ٢٠٠٦ لە ئوستراڵیا بو مەبەستی دیاریکردنی باشترین بەرھەمەکانی سینەمایی ئاسیا دامەزراوە و ھەموو ساڵیک بو ھەموو بوارێک وەکوو خەڵاتی ئوسکار، باشترین ٥ کاندید ھەڵدەبژێرێت و بانگھێشتیان دەکات و خەڵاتی رێزلێنانیان پێی دەبەخشێت و یەکێکیان وەکوو باشترین دەستنیشان دەکات. ساڵی ٢٠٠٧ شەوکەت ئەمین کورکی بە فیلمی سینەمایی “پەڕینەوە لە غوبار” Crossing The Dust لە فیستیڤاڵی ئاسیا پەسیفیک بەشداری کرد و یەکێک لە ٥ باشترین دەرھینەری فیستیڤاڵ ھەڵبژێردرا.
خەڵاتی ئیسکرینی “ئاسیا ـ پەسیفیک” لە لایەن دەوڵەتی کوینزلەندی ئوستوڕاڵیا و بە پشتیوانی یۆنسکۆ و فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی یەکێتی بەرھەمھێنەرەکانی فیلم (فیاپف) بە باشترینەکانی سینەمای ئاسیا ـ پەسیفیک پێشکەش دەکرێت.
شەوکەت ئەمین کورکی ماوەیەک پێش ئێستا بە سیناریۆی “بیرەوەرییەکانی سەر بەرد” لە بەشی “پروژەکانی ئاسیا” لە شازدەیەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی پوسان لە کۆریای باشوور بەشداری کرد و توانی خەڵاتی باشترین سیناریوی فیستیڤاڵی گوتێبێرگ بەدەستبھێنێت.
بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.asiapacificscreenacademy.com/٢٠١١/١١/apsa-announces-١٤٠٠٠٠-in-development-grants-to-six-new-asia-pacific-films/