هیوا سەرهەنگ / هۆڵەندا
هەڤاڵی هێژا مام جەلال، فەرموویەتی: ( بۆمان هەیە بە سەربەرزییەوە بچینە سەر گۆڕی شەهیدەکانمان و بڵێین، خوێنی گەشتان بە فیڕۆ نەدرا .. فەرموون با گیانی پاکتان لە بەهەشت بڕوانێت کە، چ دەستکەوت و چ کوردستانێک بە خوێنی گەشی ئێوە هاتۆتە دی ).
شەهید: ئەو بڕوانامە پلە هەرە بەرزەی کە تەنیا خەباتگێڕان و نێشتمان پەروەران و گیان لەسەر دەستەکانی قوربانیدەر بۆ کورد وکوردستان بە دەستی دەهێنن، بروانامەی کوردایەتی.
بە درێژایی مێژوویەکی پڕ سەروەری و بەرخۆدانی نەتەوەی کورد گوڵزار گوڵزار و پۆل پۆل رۆڵەکانی ئەم میللەتە ستەمدیدە و زوڵم لێکراوە دەگەنە کاروانی شەهیدان و دوا بڕوانامەی سەربەرزی بۆ خۆیان و خانەوادە و تەواوی میللەت بە دەست دێنن، لەوەتەی زوڵم هەیە بەرامبەر بە کورد، دوژمنان بە هەر ناوێکەوە بێت تیغیان لەسەر گەردنی بێ گەردی کورد داناوە و بەرەنگاری و خۆپارێزی و ململانێ و کێشمانکێشی مانەوە لە ژیاندا لەلایەن کوردانەوە هەبووە و لە میشەوە کاروانی شەهیدان دەستی پێ کردووە، رەنگە زیادەرۆیی نەتەوەپەرستی نەبێت گەر بووترێت شەهیدانی میللەتی کورد بەرزترین و دەگمەنترینن، ئاخر بە تەنیا هەر شەهیدی کوردە لەسەر خاکێکی تر و لە پێناوی دەستدرێژی بۆسەر نەتەوەیەکی تر نە کوژراوە .. خەباتگێڕان و پاڵەوانانی نەتەوەی کورد لەسەر بەرگری لە مانەوەی ناسنامە و نەژادی میللەتێک شەهید بوون، شەهید بوونیان لە پێناوی ئازادی و ئاشتی و پێکەوە ژیاندا بووە. بە درێژایی مێژوویەکی پڕ ستەم، ئەوە دوژمنان و داگیرکەران بوون بەرۆکیان بە کورد گرتوە و تاڵانیان کردوون و کوشت بڕیان کردوون شەهیدیان کردوون.
شەهید لە ئەدەبیاتی کوردیدا بۆتە هێمای نەبەردی و تێکۆشانی دڵسۆزانە و قوربانیدانی پێشمەرگە، پێشمەرگەش دوا پلەی قوربانیدانی نیشتمانپەروەرانە، هەر بۆیە کاتێک پێشمەرگەیەک شەهید دەبێت برینمان قووڵتر و بە ئازارتر دەبێت، ئەم بارو دۆخەی ئەمڕؤ و ئەم خاکەی بەرگی سپیەتی ئاشتی و ئارامی پۆشیوە، شەهیدانمان بە سەدان هەزار گوڵی سووریان تیا نەخشاندووە و رۆح بەخشینی خۆیان و جوانیەکانی ژیانیان بۆ نەتەوەی کورد ئامادە کردووە. داوایان لێکردم نووسینێک بە بۆنەی رۆژی شەهیدەوە بنووسم، بە دیار ئەو وێنە و بیرەوەریانەی کاتی پێشمەرگایەتیەوە کە ئاوێتەی هەست و رۆحم بوون دوێ شەو ئێشکم گرت و گەڕام بە دووای زاراوە پیرۆزەکاندا .. چوومە قووڵایی ناخە پڕ ئازارەکانەوە .. سەردانی هەنسکی ئەو کۆرپەیەم کرد کە بە بێ نازی باوکایەتی گەورە بوو، سەری کاسی ئەم تەمەنەم خستەوە سەر دڵی ئەو دایکەی هەرگیز ماڵ ئاوایی لە کوڕەکەی نەدەکرد تا بەڵکو بۆی بێتەوە، روانیمە چاوی پڕ ئەشک و چاوەڕوانی ئەو کیژەی بە تەمابوو پێش شەهید بوون بگوازرێتەوە، بە ئەندێشەمدا سەرکەوتم بۆ بڵندی چیاکان، بۆ سەر مانگ بۆ لای خۆر و ئەستێرەکان، ئەمانە هیچیان ئەو چاوگە نەبوون کە رستەکانم بە جۆرێک بۆ برازێننەوە کە شایستەی جوانی شەهیدێک بن، نەیانتوانی هەموو وشەو هەستەکانم هێند بڵندکەن بگەن بە بڵندی باڵای بەرزی شەهیدانم.
مامی گەورەمان، رێبەری کوردایەتی زانستی، هەمیشە دووپاتی کردۆتەوە کە: ) شەهیدان لە هەمووان شکۆدارترن، ئێمە و ئەم بار و دۆخەش بەرهەمی خوێنی ئاڵی ئەو خەباتگێرانەین کە رۆحی خۆین بەخشییە ئەم خاک و ئاوەی هەمووان لەسەری دەژین، هەتا خزمەتیان بکەین هێشتا قەرزداری ئەوانین ).
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا هەنووکەش سەلماندی لە ریزی پێشەوەی قوربانیدان و کوردایەتی و خەباتکردندا بووە .. هەربۆیە بەراورد بە تەمەنی سیاسی و چالاکی لە نێو بزاڤی رزگاری نەتەوەیی کوردا ژمارەی شەهیدەکانی لە هەمووان زۆرترن و چەندین سەرکردەی مەزنی لە سەنگەرەکانی بەرگریدا شەهید بوون، بەمەش بۆتە بێ هاوتا لە نێوان هەموواندا و چونکە هەمیشە سەرکردەکانی لە ریزی پێشەوە شان بەشانی پێشمەرگەکان جەنگاون و بە تەنیا فەرماندەیەکی دوور بەدوور نەبوون و هاوسەنگەری تەواوی پێشمەرگە بوون و ( کەم بژی و کەڵ بژی )یان داهێنا.
لەم یادە پیرۆز و لەم رۆژە سەرفرازییە مەزنەدا لە دیرۆکی خەباتی سەختی گەلەکەمان سەری رێز و نەوازشمان دادەنەوێنین بۆ شەهیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تایبەتی و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان بە گشتی، شەهیدانی سەنگەر، شەهیدانی ژێر ئازار و ئەشکەنجەی زیندانەکانی دوژمنانی کورد، شەهیدانی ئەنفال و گۆڕی بە کۆمەڵ و کیمیابارانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
hsarhang@yahoo.com
21 / 11 / 2014
* ئەم وتارە لە کۆڕی رێزلێنان لە ( رۆژی شەهیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ) لە شاری لایدن لە هۆڵەندا خوێندرایەوە.