كارۆخ مەلائەسعەد: گۆرانیی (شۆفێر) یەكێكە لە گۆرانییە دیارەكانی هونەرمەند (مەحمەد عەلی ئەربیلی) و، پێشتریش بە دەنگی چەندین هونەرمەندی كورد و تورك گوتراوەتەوە، بۆیە وەك گۆرانییەكی ڕەسەن باسی دەكرێت. ئێستایش گۆرانیبێژی لاو (شەهرام سەردار) لە هەفتەی ڕابردوو گۆرانی (شۆفێری) بە دەنگ و میوزیكێكی تازەوە بەرهەم هێنایەوە و كلیپیشی بۆ كردووە.
گۆرانیبێژ (شەهرام سەردار) بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: “گۆرانی (شۆفێر)ـی هونەرمەندی بە ئەزموون (مەحەممەد عەلی ئەڕبیلی)ـم دووبارە كردەوە، هاوكات ئەو كارەیشم لە پێناوی خۆشەویستییەكی بێسنوور بۆ هونەرمەند (ئەربیل)ـی بووە.”
(شەهرام) لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لە بارەی چۆنییەتیی تازەكردنەوەی كارەكە دەڵێت: “وەك ئەوەی، كە ڕوونە لای هەموومان ئاوازی گۆرانییەكە هی مامۆستا (مەحەممەد عەلی ئەڕبیل)ـە و، دابەشكرنەوە و نوێكرنەوە و میكس و ماسترینگ و میوزیكەكەیش (ئارام سەردار) كاری بۆ كردووە و لە ستۆدیۆی (ڤینۆس).
ژەنینی میوزیكەكە بە هەمەهانگی چەند ژنیارێكی سلێمانی و هەولێری و كۆیی و بە سەرپەرشتی (هەردی عەلی) بە ئەنجام گەیاندراوە.”
ئەو لە بارەی كلیپ كردنی گۆرانییەكەیش ئاماژەی دا كە هەر لە لایەن كۆمپانیای ڤینۆس كلیپی گۆرانییەكەی بۆ كراوە، بەڵام سینارێۆكەی خۆی ئەنجامی داوە. هاوكات وێنەگرتنەكەیشی لە لایەن (ژیار فایەق) و (ئارام سەردار)ـەوە بووە، (بۆتان ئەبووبەكر)ـیش بەڕێوەبەری كارەكانی كردووە.