مەسعودی مەلا ھەمزە : لە درێژەی کارو چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەر- بەڕێوەبەرایەتی ھونەری شانۆی ھەولێر شانۆگەری قڕنیس لە نووسینی مۆلێر و ئامادەکردنی ھیوا سوعاد و دەرھێنانی لوقمان مەجید نمایش دەکرێ.
ئەم شانۆگەرییە کە شانۆییەکی کۆمیدیەو کاتژمێر ٦ی ئێوارەی رۆژانی “٥و٦و٧/٦/٢٠١١” لە ھۆڵی گەلی شاری ھەولێر نمایش دەکرێ، تێیدا ھەریەک لە ھونەرمەندان”ئەیام ئەکرەم، نەوزاد رەمەزان، عەلی ئەحمەد، قاسم نوری، دلڤین موحسین، تارا عەبدولرەحمان، ھێرۆ مەولودی، یونس عوسمان، ھێمن حەمەڕەشید” وەک ئەکتەر لە شانۆگەرییەکە بەشدارن.
لە لێدوانێکیدا لوقمان مەجیدی دەرھێنەر گوتی”لە درێژەی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر بۆ ماوەی ٣ رۆژ و لە ھۆڵی گەلی شاری ھەولێر شانۆگەری قڕنیس نمایش دەکەین، کە شانۆگەرییەکی کۆمیدییە”.
لوقمان وتیشی”لەم شانۆگەرییەدا بە شێوەیەکی کۆمیدی دەستمان درێژکردووە بۆ کۆمەڵێک بابەتی سەردەم و ھەوڵمانداوە بینەر خۆی لەناو نمایشەکە بدۆزێتەوە”.
شایانی باسە لوقمان مەجید ساڵانێکە لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیەو لەوێ لە چەندین کاری شانۆیی بە زمانی کوردی و ئەڵمانی بەشداری کردووەو دەرچووی پەیمانگای ھونەرەجوانەکانە.