زانا دڵشاد دزەیى : دڵسۆز ماوەتى لە (شەمۆ)ى هاوڕێی خۆى توڕەیە، دەڵێت “چاوپێکەوتنێکى شەمۆم خوێندۆتەوە، دەڵێ: دڵسۆز ماوەتى دەبلى ئۆتۆمبیلەکەمى شکاندووە، بەڵام من لە ژیانمدا سوارى سەیارەى (شەمۆ) نەبوویمە، چونکە ئەو لە ترسى ژنەکەى، ناوێرى ئافرەت سوارى سەیارەکەى بکات”.
دڵسۆز ماوەتى، لەساڵى 1985 لەشارى سلێمانى لەدایکبووە، وەک ئافرەتە ئەکتەرێکى کۆمیدى ناسراوە، وێڕاى دوو زنجیرە دراما، بەشدارى لە چەندین فیلمى سێدیە بازاڕییەکاندا کردووە، بەڵام ئێستا ئەو دەڵێت “لەداخى سەنتەرەکانى بازاڕ و چەند ئەکتەرێک، وازم لە فیلمى سێدییەکان هێناوە و لەمەودوا بەشدارى لە فیلمى سینەمایى دەکەم، ڕۆژنەش خەریکى وەزرشکردن و دابەزاندنى کێشى خۆمم”. دواى بەشداریکردنى لە پرۆگرامى (کێشبڕکێ) لە کەناڵى زاگرۆس، کە تایبەتە بەو کەسانەى کێشیان زۆرە، دڵسۆز لە ماوەى سێ مانگدا 32 کیلۆ کێشى کەمى کردووە و ئێستا 148 کیلۆیە.
دڵسۆز ماوەتى، کە پێشتر (شەمۆ)ـى وەک مامۆستا و خۆشەویستترین هاوڕێى خۆى ناوبردووە، بەڵام ئێستا لە (شەمۆ) توڕەیە، وەک خۆى دەڵێ “چاوپێکەوتنێکى (شەمۆ)ـم خوێندۆتەوە، دەڵێ دڵسۆز ماوەتى سوارى ئۆتۆمبێلەکەم بوو و دەبلەکەى شکاند، جارێ من لە ژیانمدا سوارى ئۆتۆمبێلى (شەمۆ) نەبوویمە، چونکە ئەو زۆر لە ژنەکەى دەترسێ و ناوێرێ هیچ ئافرەتێک سوارى سەیارەکەى بکات”. دڵسۆز خان، کە لەسلێمانى بە(خرپن گیان) ناسراوە، دەشڵێ “هەموو خەڵک دەزانن من قەڵەوم، خودا واى دروست کردووم و ناڕازى نیم، بەڵام ئەو قسەیەى (شەمۆ) زۆر دوورە لەڕاستی، تەلەفۆنم بۆ کرد، بۆچى ئەو قسەیەت کردووە؟ دەڵێ: وەڵڵا هەروا بۆ سوعبەت، جاتخوا ئەوە سوعبەتە!!”.
خرپن گیان کچە تاقانەى ماڵەوەیە و دوو براى هەیە، دەڵێ “هێشتا منداڵبووم دایکم کۆچى دوایى کرد، لەبەرئەوە زوو بوومە کابانى ماڵەوە، هەموو کاروبارەکانى ناوماڵم جێبەجێ دەکرد، ئەو وەختە باوکم چایخانەى هەبوو لە سلێمانى، منیش وەک کوڕێک لەگەڵ باوکم کارم دەکرد و شاگردى چایخانەکە بووم”.
دڵسۆز خان دایکى کوڕێکە و بەخۆشەویستى شووى کردووە، بەڵام چەند ساڵێکە لەهاوسەرەکەى جیابۆتەوە و کوڕەکەشى لەگەڵ بنەماڵەى هاوسەرەکەیدا دەژى، لەوبارەیەشەوە گوتى “هاوسەرەکەم دواى ئەوەى چووە دەرەوەى وڵات و بڕیاربوو دواى خۆى منیش لەگەڵ خۆیدا ببات، بەڵام زۆرى نەبرد و لەجیاتى دیارى تەڵاقنامەى بۆ ناردمەوە، لەبەرئەوە تائێستا بڕیارم نەداوە جارێکى دى شوو بکەمەوە، دەترسم دیسان فەشەل بێنم”.