مەسعودی مەلا ھەمزە : لەمیانی چالاکییە بەردەوامەکانی کەرنەڤاڵی رۆژی جیھانی شانۆ لە ھەولێر، کە بەڕێوەبەرایەتی ھونەری شانۆی ھەولێر سازیکردووە، بڕیارە تیپی ھونەری رۆژ بە ھەوکاری بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر شانۆگەری براکوژی لە ئامادەکردن و دەرھێنانی مەھدی حەسەن نمایش بکەن.
شانۆگەری براکوژی لە رۆمانی براکوژی نیکۆس کازانزاکی وەرگیراوەو ھەریەک لە”مەھاباد ئەمین، رابەر شێرزاد، رێژنە دڵدار، دڵشاد شەھاب، سەرکار ستار، ھەڵۆ ئازاد، ھاوبیر حوسێن، ھەژار ئەنوەر”” وەک ئەکتەر لە کارەکە بەشدارن و بڕیارە ئەم شانۆگەرییە لە کاتژمێر ٥ی ئێوارەی رۆژانی ٧و٨و٩/٤/٢٠١٢ لە ھۆڵی گەلی شاری ھەولێر نمایش بکرێ.
لە لێدوانێکی تایبەتدا مەھدی حەسەنی دەرھێنەر گوتی”ئەگەرچی لە رۆمانەکەدا باس لە براکوژی یۆنان کراوە، وەلێ لەوانەیە لەو نمایشەی ئێمە باسی براکوژی لە قابیل و ھابیلەوە بکات، کە تاکو ئەمڕۆ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەم براکوژییە بەردەوامەو لەو نمایشەی من براکوژی لە زاکیرەی ھەریەک لە ئەکتەرەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان دەربڕینی خۆی ھەیە، چونکە براکوژی سڕینەوەی بەھاکانی مرۆڤایەتییە.
مەھدی گوتیشی”کاتێک برا دەستی بچێتە خوێنی براکەی ئیتر چ شتێک مانای دەمێنێ”.