توانا تەھا-سۆران
شەمام محەمەد زیاد- بەرپرسی یەکێتی ژنان لەسۆران، رایدەگەینێت کە ئێستا کێشەو گرفتەکانی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردی بەرو باشی دەڕوات و باس لەوەش دەکات کە “ھەموو ئەو گرفتانەی روو دەدەن دەگەڕێتەوە بۆ بێ سیستەمی ئەگەر بێت و سیستەمێک ھەبێت ئەوا کێشەکان بەو شێوەیەی ئێستا ھەن روونادەن.
لەساڵی ١٩٨٩ لە رۆژھەڵاتی کوردستان- سەقز، یەکێتی ژنان دامەزراوە، سەرەتایی دروستبوونی یەکێتی ژنانی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی شاخ، کە پەیرەو و پڕۆگرامی خۆی دەرکرد بۆ ئەو ژنانەی باوەڕیان بە پەیڕەو و پرۆگرامی یەکێتی ژنان ھەبوو ھاتنە ناو ئەم ڕێکخراوە و ئامادەیی خەباتن لەپێناویدا ھەموو ئەو ژنانەی کوردستان بێ جیاوازی ئایینی و مەزھەبی پلەی کۆمەڵایەتی لە خۆ ئەگرێت.
* ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی لە ھەموو کۆمەڵگەیەکدا مەسەلەیەکی گرنگ و ژیانییە بۆ تاکەکانی کۆمەڵ، چۆن ھۆشیاریی تەنیا ئاگادارت ناکاتەوە لە مەسەلە سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگە، بەڵکو ئاگادار و رۆشنت دەکاتەوە ئایا لە کوردستان ئەم جۆرە ھۆشیارییە ھەیە یانیش دروست بووە؟
– بەڵێ ھەیە، ئەگەر چی میللەتی ئێمە زۆر چەوساوە و ستەمدیدە بووە لە ژێر دەستی رژێمەکانی یەک لە دوای یەک چەو سێنراوەتەوە و زوڵم لێکراو بووە، بەڵام لە زۆربەی میللەتەکانیتر ھۆشیارترە و تا ئاستێکی زۆریش ئەم ھۆشیارە بڵاو بۆتەوەو رەنگدانەوەی باشی بەسەر تاکەکان لە کۆمەڵگە ھەبووە.
* تەباغ و پەرێمز ئامرازێکن زۆرترین تاوانیان رووبەروو دەکرێتەوە، ئایا ئەوانە بکوژی ژنانن؟ یان تاوانەکەیان دەخرێتە ئەستۆ ئەم ئامێرانە کە ساڵانێکی زۆرە خزمەتی مرۆڤایەتی دەکەن؟
– نەخیر، بەڕای من تاوان دەخرێتە پاڵ تەباغ و پەرەمێز، لەبەرئەوەی زمانیان نییە بەرگری لە خۆیان بکەن و ناتوانن پارێزەرێک بۆ خۆیان بگرن، ئەوان ئەگەر زمانیان ھەبوایە لە ھەموو کەسێک بێتاوانتر دەردەچوون. چونکە لەوان بێ تاوانتر نییە.
* بەرێزتان تاچەند لەگەڵ ئەم بۆچوونە کۆکن کە دەڵێت “پیاوی کورد تەنیا وەک ئامڕازێکی سێکسیی سەیری ئافرەت دەکات؟ ھەرواش پێتوانییە ئافرەتی کورد ھەمیشە حەز لە پیاو دەکات و وەک پەلاماردەر لێی دەڕوانێت، لاتان وانییە ئافرەت دڵدارە نەک ئەوەی بە ھەڵە سەیربکرێت؟
– ژن ھەموو کاتێک حەز لە خۆشەویستی و روخۆشی و ئیھتیمام پێدانی پیاوە.
* چ پیاو یان چ ئافرەت، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لەناو ئەم جۆرە پەروەردەیە گەورە دەبێت، کە یەکتر قبوڵکردن و متمانە بە خۆبوونی تێدا کەمەو پەروەردەیەک تا ئێستا لە ژێر پرسیارداییەو رۆژانە دیمەنی سووتان و کووشتن و وورد کردنی مرۆڤی تێدا روودەدات، ئایا ئەم جۆری پەروەردە کۆمەڵایەتییە وایکردووە نەوەی ئیستاش بەو جۆرە بیر بکەنەوە؟
– بەڵێ لەبەر ئەوەی ژینگەی کۆمەڵگەکەمان وایە، ھەتا سیستەمی کۆمەڵگەیەکەمان نەگۆڕین ناتوانین بە شێوازێکی تەندروست یەکتر قبوڵ بکەین، کەی ئەم سیستەمەشمان رێکخست ئەوکات دەتوانین لە زۆربەی بووارەکانی ژیان بێ کێشە بین و تاکیش ئەرک و مافی خۆی دیار بێت.
*بۆچوونێک ھەیە لەسەر ئەوەی، لە ھەر کۆمەڵگەیەکدا ژن وەک مرۆڤی ناتەواو سەیر بکرێت، ئەوا کۆمەڵگە نەخۆشەو پیاویش وەک ئەندامێکی ئەو کۆمەڵگەیە بەدەر نابێت لەو نەخۆشییە. کەواتە جۆری تێڕوانینەکە کۆمەڵایەتییە نەک شەخسی، ئەمە لە کوێیوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئەی بۆچوونی بەرێزتان چیە لەم بارەیەوە؟
– من وای دەبینم، چونکە کۆمەڵگەکەمان کۆمەڵگەیەکی پیاو سالارییە و کە ھەمیشە ژن وەک ئامێرێک بە کار دەھێنێ بۆ زاوزێ و کاری ناو ماڵ.
*بە پێی ئامارەکان کە لە کوردستان بڵاو دەبنەوە رۆژ بەرۆژ ، رەوشی ئافرەتان لە کوردستان بەرەو خراپی دەچێت، لەم چەند ھەفتەیە ئەمەممان بینی، ئایا ھۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنەوە؟
– من پێم وانییە، چونکە لە کوردستان رەوشی ژن بەرەو باشی دەچێت.
* ئەگەرچی کۆمەڵی کوردەواریی بەرەو کرانەوەی زیاتر دەڕوات، کچان و کوڕانیش ئێستا ئەم کرانەوەیان بە خۆیان بینووە، بەڵام ھێشتا پەرلەمانتار ھەیە شەرم دەکات گفتوگۆ لەسەر خەتەنەی ژنان بکات. یاخود ھەیە شەرم دەکا باس لە ئازارەکانی ژنان بکاو دەست بخاتە سەر برینەکان و باسیان بکا، پرسیارەکەی من ئەوەیە بۆچی کۆمەڵی کوردەواریی ھێندە لە پرسی سێکس و لەش و لاری مرۆڤدا شەرم دەکات؟. ئەمە دەرھاویشتەی چییە؟ ئایا گونجاوە شەرم لە راستیەک بکەین و خۆمانی لێلابدەین و باسی چارەسەرکردنیشی بکەین؟
– بەڵێ بەڕای من ئەو پەرڵەمانتارەی کە لە پەرڵەمان بڕیار لەسەر چارەنووسی ھاوڵاتیانی کوردستان دەدات وە شەرم دەکات باس لە سێکسی و خەتەنەکردن و کێشەکانی ژنانی کۆمەڵگەکەی خۆی بکات، من وای بۆ دەچم کە کەسێکی گونجاو نییە ببێت بە پەرڵەمانتار، بەڵام چی بکەین ئەوە حیزبە و پشتیان دەگرێ و لە وێیان دادەنێ کە نەتوانێ داکۆکی کار بێ لە مافی ھاوڵاتییەکانی خۆی. خۆزگە بەو شێوەیە نەدەبوو ھیوام وایە لەلایەنە سیاسییەکان لەکاتی دانانی کەسەکان رەچاوی کار بکەن بۆ ئەوەی کەسەکە لە شوێنی خۆی خزمەت بە کۆمەڵگە بکا.