مەنسوور جیهانی ـ بە دروشمی “ڕۆژئاوا لەگەڵتانین” و بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد، شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” لە سوید بەڕێوەچوو.
بە ئامادەبوونی “دڵشاد ئەحمەد” سەرۆکی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” Goteborg و سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، “شەماڵی عەبە ڕەش” ئەکتەری ناوداری کورد و بەرپرسی هونەریی ئەم فیستیڤاڵە، “لاگێ بیۆرک” Lage Björk بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، هەندێک لە سینەماکارانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ و هۆگرانی هونەریی سینەما، شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە دروشمی “ڕۆژئاوا لەگەڵتانین” و بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کوردستانی ئێران، هەرێمی کوردستان و سینەماکارانی کورد لە ئەورووپا لە هۆڵی سینەمایی “فۆڵکت هیووس” Fulket Hus لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.
لە گوتاری بەرپرسانی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری”دا هاتووە: شەش ساڵە، خەون و ئازار و شادی لەگەڵ ئێوەدا بەش دەکەین، شەش ساڵە نیشتمان و تاراوگە بەیەکەوە گرێ دەدەین. ئێمە لە ڕێگەی هونەرەوە دەمانەوێت خۆمان و جیهان بدوێنین. چیرۆک و ئازارە سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکانمان شەنوکەو بکەین. لە گۆشەیەکی پڕ لە شەڕ و تەنگەژەی ئەم جیهانەدا خۆمان نمایش دەکەین و دەمانەوێت تێکەڵ بە شارستانییەتی جیهان ببین، بیر لەوە ناکەینەوە خەون و هەوڵەکانمان گەورە بن یان بچووک، بۆ ئێمە گرنگ هەوڵدان و بەردەوامییە.
لە بەشێکی دیکەی ئەم گوتارەدا هاتووە: بەڕێزان ئێمە لە چرکەساتێکدا دیداری فیلمی کوردیی سازدەکەین، کە هەورێکی ڕەش لە مێژوویەکی دوریی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانییەوە بەرەو ئاسمانی نیشتمانی ئێمە دێت. لە هەگبەیەدا کە ماڵ و ژیانمان، نیشتمان و کوردبوونمان زەوت بکات. کوردستانییان نزیکەی پێنج ساڵە لە جەنگێکی قورس و گرانی ئاڵا ڕەشەکانی داعشدان. ئێمە لە جەنگەکاندا گۆرانی دەڵێین و فیلم دروست دەکەین، نیگار دەکێشین و چیرۆکەکانمان دەنووسینەوە. ئێمە لەم دۆخەدا زیاد لە هەموو کاتێکی دیکە پێویستیمان بە هونەرە، بۆ گرێ دانەوەی خۆمان بە جێهانەوە.
لە درێژەی ئەم گوتارەدا هاتووە: لەم سەردەمەدا شانازییەکانی ئێمە تەنها شەڕڤانان نین، کە جەنگێکی خۆپارێزیی دەکەن لە دژی کۆنەپەرەستان. لەم سەردەمەدا جیهان ئاشنا دەبێت بە زانایەکی بیرکاریی کورد و ڕۆمانی کوردیی لە ئەورووپادا بۆ سەر چەندین زمانی دیکە وەردەگێڕدرێت. ڕێکخراوەی جیهانی یۆنسکۆ لە پاریس، شارە کوردییەکان وەکوو شاری کەلتووری بە جیهان دەناسێنێت. سینەماکارانی کوردیش هەوڵدەدەن لە ژێر سوتوو و باڕووتی جەنگەکانەوە چیرۆکەکانیان بە جیهان ئاشنا بکەن.
لە کۆتایی گوتاریی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری”دا نووسراوە: ئەم سەردەمە سەردەمی کوردە، لەم سەردەمەدا کاری ئێمەش ئەوەیە دوور لە ڕەگەز پەرەستی ئینسانی بوون و کوردبوونی خۆمان، دووپات بکەینەوە پێناسەی خۆمان بکەینەوە بۆ ئەوەی لە خۆمان و لە جیهان تێبگەین، بۆ ئەمەش کاری زۆرمان لە پێشە. گرنگترین کار گوزارشت کردنە لە خۆمان و گێڕانەوەی چیرۆکەکانە و ڕاوەستانە لەسەر خەونەکانمان. هونەری سینەما و هەموو چالاکییە کەلتوورییەکانی دیکە، هۆکارێکن بۆ مانەوەمان لەو جوگرافیا داخرا و ترسناکەی کە دەورەی داوین.
ناوی ئەو فیلمانەی کە لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” نمایش کران بریتی بوون لە: فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” لە دەرهێنانی سەتار چەمەنی گوڵ لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی فیستیڤاڵ و هەروەها کورتە فیلمەکانی “ڕەش و سپی” لە دەرهێنانی ڕێبین ڕەشید، “سوور و سەوز” لە دەرهێنانی سارا فەخری، “فڕینی بەرد” لە دەرهێنانی هەردی حەسەن، “وەک هەمیشە” لە دەرهێنانی نەسرین پاکو، “بۆنی خوێن” لە دەرهێنانی کاردینا هێمن، “ساتێک بۆ من” لە دەرهێنانی مەریوان ئیبراهیم، “هیوا” لە دەرهێنانی عابد هەورامی، “سێ” لە دەرهێنانی هەردی سەلامی، “ڕێگا” لە دەرهێنانی خەیبەر ڕەفیق، “هاویە” لە دەرهێنانی سامی کاکە، “جارێک لە کوردستان” لە دەرهێنانی ژینۆ هادی، “قوربانی” لە دەرهێنانی ڕزگار حسێن، “سنوورێن ڤاڵا” لە دەرهێنانی هەژار دهۆکی، “وون بوون” لە دەرهێنانی گۆنا حەمە ساڵح، “دوا چارەنووس” لە دەرهێنانی کامەران مەنسوور، “ناتەواو” لە دەرهێنانی ڕەحمان هوشیاری، “لێت دەگەڕێم بڕۆیت” لە دەرهێنانی سۆران سۆرانی و “گەڕان بەدوای شوناسدا” لە دەرهێنانی ئاوات عوسمان.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری”دا هونەرمەند بەرزان سەیدا بە هاوکاری گرووپی موزیک کە پێکهاتبوون لە هێرش عومەر ڕەزا، ئیبراهیم عوسمان، سەباح سەنتوور، ئاسۆ دیلان، فەریبورز کەرەمی و ڕەزا شەریفی چەندین گۆرانی و پارچە موزیکی کوردییان پێشکەش کرد.