دیـــدار نانەکەلی :لە پرسە ھەرە چارەنووس سازەکانی کوردستاندا و بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی ھەبێت بە مەسەلەی ھاوبەشی دەسەڵات و حوکمداریەتی لەگەڵ بەغدا، ھەر لە دوای روخانی رژێمی بەعس تاوەکو ئەمڕۆ کورد ھەناسەی ساردی ھەڵکێشاوە و پەنجەی پەشیمانی گەستووە.
لەکاتێک کە جەوھەری مەسەلە سیاسیەکان و پەیوەندیە ھاوبەشەکان روون و ئاشکرا لەبەر چاوی ھەموومان دا ھەر لە دابەشکردنی دەسەڵات و پێدانی بودجە ھەتا چاوپۆشیکردن لە گرێبەستە نەوتیەکان و جولانەوەی پێشمەرگە ئەو خاڵە سەرکیانە بوونە کە کورد لە دوێنێوە ھەتا ئەمڕۆ بە داواکاری خۆی زانیووە و کردویەتیە چەکێکیش بۆ بەھێزکردنی پێگە و دەسەڵاتی ناوەخۆیی خۆی. زۆر جاریش وەکو دەسکەوتی سیاسی و سەرکەوتنی ھێزی کورد لە بەغدا ھەژماری کردوون.
ئیستا لەگەڵ دروستبوونی ھەر جیاوازیەک لە بیرکردنەوە و بەگەڕخستنی سیاسەتی بەرێوەبردنی حکومەتی عیراق ، دەسەڵاتی بڕیاردانی کوردی لە چەندین ھەنگاودا دەگەڕێتەوە خاڵی سفر. بەجۆرێک کە ھەموو ئەو پێگە و دەسەڵاتەی کە کورد بۆ خۆی باسی لێوەدەکات، راستیەکان پێچەوانە دەکاتەوە و ئەوپەڕی خەمساردی و بێ دەسەڵاتی نوێنەرە کوردەکان نیشان دەدات لە بەرژەوەندیە باڵاکانی کورد و
تەنانەت لە ئیفلیج کردنی حکومەتی بەناو فیدرالیش. کە زۆرینەی خالە سلبیەکانی ئەو حکومەتەیان بەر دەکەوێت.
ئێستا ئەو ھەوڵەی کە ھەیە بۆ سرینەوەی ئاسەوارەکانی ئەو رێککەوتنامەیەی کە کەس نازانێت چی نھێنی لێوە باسکراوە لە ھەولێر و لە کورسی لابردنی مالکی بە ھەموو پێوەرە سیاسیەکان، نەوەک ھەر لە بەرژەوەندی کورد دا نیە بەڵکو بەجۆرێک لە شکستی گەورەی ئەو بەشە لکێندراوەی عیراقی دەزانن کە وەک چۆن دروسبوونی حکومەتەکەی بە دەسکەوتی خۆی دەزانی ،ئیستا روخانیشی بۆتە بڕیارێک کە گەڕانەوەی بۆ نیە ، لە پاشگەزبوونەوەیدا کورد زەرەرمەندی یەکەم دەبێت.ئەوەی جێی بایەخە قسەی لەسەربکرێت ئەوەیە، ئاخۆ کورد لە تەراجوعی وەھا ھەولێکی یەکلایکرەوەدا شەرمی لە چیە؟
ئایا ترسی لەو مشورەتەیە کە بە میللەتەکەی کراوە و بڕیاری لەسەر دراوە و ئەمڕۆ بۆتە خواستی تەواوی رەنگە جیاوازەکانی کوردستان؟
یاخود لە ھەستیاری مامەڵەکردنی لەگەڵ وەھا نەیارێک کە دوور لە ئیستیحقاقە قانونیەکان ھاتۆتە سەر حوکم ؟
یان ترس لەو تاکڕەویەی کە بێ دەسەڵاتی نوێنەرانی کورد و خەمساردیان لە مەسەلە ئەساسیەکانی کورد وێنەیەکی وەھا تەمومژاویان بۆ کێشاوە.
بۆیە بە ھەموو لێکدانەوەکان ململانێکی سیاسی وەھا دژوار بە تێکەڵبوونی چەندین ووڵاتی زلھێز و پڕ تامەزرۆ بۆ ناسەقامگیری دۆخی سیاسی و ئاسایشی عیراق، بەبێ کۆدەنگیەکی تەنانەت کوردستانی، دەبێتە ھۆی بەدەستھێنانی تەنھا مەبەستێک، کە ئەویش قۆرخکردنی سەرچاوەکانی داھاتە بەشێوەیەکی نایاسایی ،لەگەڵ رازیکردنی چەند ووڵاتێکی دراوسێی کە بەردەوام چاویان کردۆتەوە بۆ ئەو ھەلە زێڕینەی کە ووڵاتەکە دەگەڕێنێتەوە دۆخی ١٠ ساڵ لەمەوبەر و دەشکرێ ببێتە یەکێک لەو روبار و کانیاوانەی کە جۆگەکانیان رووەو بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانی خۆیان وەرگەڕێنن و زۆر زیاتر لە ئێستاش لەگەڵ سەقامگیری و ئارامی و خۆشگوزەرانی ھەموو تاکێکی ئەو عیراقە نامۆ و نائاشنای بکەن.