شێوەکار ئیڤان نەجمەدین: وانەی ھونەر بۆ قوتابیان گرنگە بۆئەوەی بیرۆکەو داھێنان لە گشت بابەتەکاندا بکەن
خاتوو (ئیڤان نەجمەدین ساڵح )، ھەر لەتەمەنی منداڵییەوە خوولیا و ئارەزووی ھونەری وێنەکاشانی ھەبووە لە قوتابخانە بەشداری سەرجەم پیشانگاکانی کردووە ئەو حەزو و ئارەزووە وای لێکردوە بچێتەئەکادیمیای ھونەرەجوانەکانی ھەولێر بەشی شێوەکاری ھەرلەپێناو برەودانی زیاتر بە بەھرەکانی توانی لە ساڵی ٢٠٢٣ بروانامەی ماستەر لە ھەمان بواردا بەدەست بھێنێت بۆماوەی چوار ساڵ لەیەکێک لە قوتابخانەکانی شاری ھەولێر مامۆستای پەروەردەی ھونەر بووە …لەئێستادا مامۆستایە لە زانکۆی موسڵ ئێمەش بەباشمان زانی بەچەند پرسیارێک بەسەریبکەینەوە.
ھەڤپیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا شێوەکار ئیڤان چۆن خۆی بە خوێنەرانمان دەناسێنێت ،چۆن ئاوێتەی ھونەری شێوەکاری بوویت؟
– من شێوەرکا (ئیڤان نەجم دین ساڵح )، دەرچووی کۆلێژی ھونەرەجوانەکانم لە ساڵی ٢٠١٩ ، ھەروەھا ماستەر لە ٢٠٢٣ بەدەست ھێناوە لە ھەمان بواردا لەئێستا مامۆستای ھونەرم لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری ھەولێر .ئەوەی ڕاستی بێت ھەر لەتەمەنی منداڵیمەوە حەزو وئارەزووی زۆرم ھەبوو بۆ وێنەکێشان لە ھەموو قۆناغەکانی خوێندنم چالاکانە بەشداریم لە پیشانگاکانی قوتابخانە دەکرد،ھەرئەو حەزو و ئارەزوەش وای لێکردم بڕیاربدەم دوای تەواوکردنی پۆلی ١٢ بچمە کۆلێژی ھونەرەجوانەکان بەشی شێوەکاری بۆ ئەوەی پەرە بەتواناکانم بدەم لەوێ زیاتر بەشێوەیەکی ئەکادیمی فێری ئەلف و بای وێنەکیشان ببم.
* بەرێزت زیاتر لەسەر کامە قوتابخانەی ھونەری کاردەکەیت؟
– من لەسەرەتای منداڵیم، ئارەزووی زۆرم لەوردەکاری وێنەکێشان ھەبوو،وە ھەر لە سەرەتایی کۆلێژیش زیاتر لەسەر قوتابخانەی ڕیالیزم کارەم دەکرد، لە ئێستاش زۆربەی کارەکانم پۆرترێتن بە شێوازی ڕیالیزم وێنەدەکێشم.
*کامەن ئەو ھونەرمەندە شێوەکارانەی کاریگەریان لەسەر تۆ ھەبووە یاخود سەرسامی بە کارەکاریان؟
– زۆرن ئەو ھونەرمەندانەی کارەکانیان جوانن وسەرنجی منیان راکێشاوم بۆ نموونە لە ھونەرمەندە جیھانیەکان( ئێدوارد مانێ و ڤانکوخ ) بە تایبەتی ، لە ھونەرمەندە کوردەکانیش (خەیری ئادەم، ،محەمەد ئیسماعیل ، عەبدولڕەحمان میرزا زۆر بەکارەکانیان سەرسامم.
*دووخاڵی سەرەکی لە زۆربەی تابلۆکان بوونی ھەیە (ناڕوونی و جوانی)، بینەر چۆن دەتوانێت لە تابلۆکان بگات بێ ئەوەی شیکردنەوەی بۆ بکرێت؟
– زۆربەی تابلۆکان لە ڕوویی ڕەنگ و تەکنیەکان چێژ بە بینەر دەبەخشێت لەلای ھەر کەسێکیش ڕەنگە تێڕوانینی جیاوازی لا دروست بێت مەرج نیە کەسێک شیکردنەوە بکات بۆ ئەوەی چەمک و پەیامی تابلۆکە بگەیەنێت . جوانی لەلایی ھەر کەسێک بە جۆرێکە ناڕوونی بە پێی کار وتەکنیکی ھونەرمەندەکەیە ھەندەکیان بابەتەکە دیارە لەسەر چی کراوە بەشێکی تریان بینەر دەتوانێت لەڕێگەی ڕەنگ وشێوازی کارکردن لە بابەتەکەحاڵی بێت.
*تەکنەلۆژیای سەردەم بۆ نیگار کردنی تابلۆکانت بەکار دەھێنیت؟ بۆنموونە بەرنامەکانی کۆمپیوتەر؟
– نەخێر، لەبەرئەوەی کارەکانم پۆرترێتن دەست کاری وێنەکە ناکەم، بەڵام ئەگەر لە داھاتوودا پێویست بکات بەکاری دەھێنم وەکو فۆتۆشۆب کە ئێستادا زۆر ێک لە ھونەرمەندان سوودی لێوەردەگرن.
*رەنگ مادەیەکی سەرەکی ھەر تابلۆیەکە چۆن دەڕوانیتە کاریگەری رەنگەکان لە تابلۆیەکانت؟
– بەدڵناییەوە ڕەنگ بۆ تابلۆ زۆر گرنگە ھەر بۆیە من زۆر ئارەزووی تێکەڵکردنی ڕەنگەکان دەکەم لە پۆرترێتەکانمدا بۆ ئەوەی ڕووخسار و ناخی کەسەکە ڕەنگ بداتەوە لەکارەکەمدا ھەروەھا نەرمی و وردەکاری تێیدا بەڵام بەکارھێنانی بۆھەرتابلۆیەک دەبێ بەشێوەیەکی زانستی بەکار بێت ،لە خزمەت ناوەڕۆکی تابلۆیەکەدا بێت.
*چوار ساڵ مامۆستای پەروەردەی ھونەری بوویت، کاریگەری وانەی ھونەر بۆقوتابیان چۆن دەبینیت ؟
– ڕۆڵی وانەی ھونەر لە قوتابخانەدا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی لە قۆناغی بنەڕەتی قوتابیان ئاشنابن بە زۆربەی تەکنیکە ھونەرییەکان قوتابیانیش زۆر حەزوو ئارەزوویان بۆ وانەکە ھەیە.. من بۆ ماوەی ( ٤) ساڵ مامۆستای وانەی ھونەر بووم ئەزموونێکی باشم ھەیەبەتایبەتی لە قۆناغی بنەڕەتی لە ھەرسێ بازنەی خوێندن ھەوڵم داوە زۆرترین کاری ھونەری بکەن، قوتابیان بەھرەکانی خۆیان بدۆزنەوە لەگەڵ ھەر تەکنیکێکدا،ھەروەھا ڕێگایەکی گرنگە بۆ بیرۆکەو داھێنانیان لە گشت بابەتەکاندا .
*تۆڕەکۆمەڵاتییەکان تاچەند سوودیان ھەبووە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و چالاکییە ھونەرییەکان؟
– لە ئێستادا کە سەردەمی تەکنەلۆجیایە زیاتر لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بابەتەکان بڵاودەکرێنەوە. بۆ کاری ھونەری زۆر گرنگە چونکە بینەری زیاتری دەبێت لەوەی بە کردنەوەی پێشانگایەک زۆر کەس دەتوانێت بینەری کارەکانت بێت و سەرنجی خۆیان بخەنە ڕوو.
Discussion about this post